سەرەکی » وەرزش » گۆڵەكە بووەتە جێی مشت و مڕی زۆری شارەزایان

گۆڵەكە بووەتە جێی مشت و مڕی زۆری شارەزایان

ئەو گۆڵەی مباپێی یاریزانی هەڵبژاردەی فەرەنسا لەئیسپانیای كرد، فیفای هێناوەتە سەرخەت بۆ پێداچوونەوە بە یاساكانی چۆنییەتی حسابكردنی ئۆفساید و رەتكردنەوەی ئەو گۆڵانەی لەكاتی ئۆفسایدا تۆمار دەكرێن.

لە یاریی كۆتایی نەیشنس لیگی ئەمساڵدا، مباپێ گۆڵی دووەم و بردنەوەی فەرەنسای كرد، گۆڵەكە لەدەقیقەی 80 دا كرا، زۆر بە روونی ئۆفساید بوو، هەرچەندە چەند سەرچاوەیەكی ناوبژیوانی ئەوروپا بیانووی یاساییان بۆ گۆڵەكە هێناوەتەوە كە گوایە ئۆفساید نەبووە، بەڵام گۆڵەكە بووەتە جێی مشت و مڕی زۆری شارەزیانی بواری ناوبژیوانی و شیكاركارەكانی وەرزش لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهان.

ئەم گۆڵە فیفای ناچار كردووە جارێكی تر بە چۆنییەتی حسابكردنی سەرجەم حاڵەتەكانی ئۆفساید بەگشتی و ئەو حاڵەتانەی لەو شێوەیەدا بەتایبەتی بكاتەوە.

رۆژنامەی (ئەی ئێس) ی ئیسپانی كەلە مەدرید دەردەچێت بڵاویكردۆتەوە: ئەم گۆڵەی مباپێ یوفا و (IFAB) ناچار كردووە پێداچوونەوە بە یاساكانی ئۆفسایدا بکرێت و رۆژی 27 – ی ئەم مانگە كۆبوونەوەیەكی یەكلا كەرەوە بكەن.

ئەو دوو لایەنە پێیان وایە رۆحی یاساكە و جێبەجێكردنی یاساكە، دورن لە یەكترەوەو جیاوازی لەو رووەوە دەكرێت، ئەمەش وا دەكات زۆر یاریزان وەك مباپێ سود لەو بار و دۆخە ببینن.

هەرئەو حاڵەتە نییە كە لەیاریی گرنگەكاندا بووەتە جێی سەرنج و رەخنەو گفتوگۆ، بەڵكو گۆڕانكاری پێنج یاریزان و كردنەوەی بە سێ یاریزان و گەڕانەوە بۆ ڤار لە كاتی پێویستدا و بەردەستكەتنی تۆپ و جوڵان و هاتنە پێشەوەی گۆڵچی لەسەر هێڵی گۆڵ لە كاتی لێدانی پەنالتیدا ئەمانە هەموویان باس و خواسی گرنگن و دەبێت قسەیان لەسەر بكرێت و لەو رووەوە بەیاساكاندا بچنەوە.

بڕیاریش وایە ئەگەر یاساكان گۆڕانكارییان تیادا كرا ئەوا نزیكترین وادە بۆ رگەیاندن و ئاشكرا كردنیان مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو دەبێت.

 210 جار بینراوە