سەرەکی » ئاراستە » فرود باقی شێوەكارێك تەلارسازی شار تۆمار دەكات

فرود باقی شێوەكارێك تەلارسازی شار تۆمار دەكات

بەختیار سەعید

كاتێك شار دەبێتە خاوەنی تایبەتمەندییەك لە دیزاینی تەلارسازی، ئەوە ئەو دیزاینە دەبێتە یەكێك لە هۆكارەكانی ناسنامەی شارەكەو زۆرێك لە هونەرمەندان بە شێوەی جیاواز كاری لەسەر دەكەن و مەبەستیانە وەكو ئەرشیف بیهێڵنەوەو هەندێكی تریش ئەو خانووە تەمەدارانەی كە تایبەتمەندێتی مێژووی شاری هەڵگرتووە دەیكەنە میوانخانەو گەلەری هونەری و كافتریاو كتێبخانەو كارو پڕۆژەی جیاواز كە جارێكی تر هۆكارە بۆ ئەوەی ئەو گەشتیارو میوانانەی دێنە شار بزانن كە پێكهاتەی بیناسزی شار بەمشێوەیەیە كە شێوازێكە لە هەموو جیهان پەیڕەو دەكرێت.

لەباشوری كوردستان چەندین فۆتۆگرافەرو شێوەكار كاریان لەسەر بە ئەرشیفكردنی ستایلی بیناسازیی كردووە كە دەكرێت لێرەدا هەڵوێستە لەسەر یەكێك لەو شێوەكارانە (فرود باقی) بكەیت كە لەدوای قۆناغی یەكەمی كاری هونەری خۆی كە ستایلی واقیعی و دواتریش تەجریدی و لە كۆتاییدا سەرجەم نیگارەكانی بۆ ئەرشیفكردنەوەی بیناسازییەكانی شاری سلێمانی تەرخان كردووەو چەندین پیشانگەی تایبەتیشی بۆ كردۆتەوەو هەر بەو كارانەی بەشداری پیشانگەی هاوبەشی كردووە لەناوەوەو دەرەوەی كوردستان.

سەرەتای دەستپێكی كاری هونەری لەلای فرود بۆ ساڵانی 2008-2009 دەگەڕێتەوە لەو دەمەی كە لە پەیمانگەی مەڵبەندی مامۆستایان بەشی هونەر خوێندوێتی و ئەو تێكەڵاوبوونەی لەگەڵ هونەرمەندانی مامۆستای پەیمانگە هاندەرێك دەبێت بۆ ئەوەی بناغە بۆ كارە هونەرییەكانی دابنێت و ئەو خوێندنەی كە دوو ساڵی خایاندو بەشداری فیستیڤاڵی ساڵانەی پەیمانگەی دەكرد بەو ئاستەی كە ئەو كاتە پێی گەیشتبوو، دواتریش بۆ ئەوەی لە فەزایەكی فراوانتردا خۆی وەكو خاوەن ستایلێكی تایبەت لە ساڵی 1999 كە سەرجەم كارەكان ئەزموونێكی گرنگ و بەرچاو بوو بۆ هونەرمەندو وەرگرتنی دیدی زۆرترین هونەرمەند كە سەردانی پیشانگەكەیان دەكرد بۆ ئەو جێگەو بایەخێكی زۆری هەبووەو دەكرێت ساڵی 2002 بە ساڵی دەستپێكی كاری هونەری هونەرمەند ئەژمار بكەین.

دواتر قۆناغێی دووەمی كاركردنی هونەری فرود باقی لە ساڵانی 2002- 2012 وە قۆناغێكی نوێ دەستپێدەكات كە دەكرێت بە قۆناغی تەعبیری تەجریدی ناوی بێنین، هەروەها قۆناغێكی نوێتر لە ساڵی 2013وە دەست پێدەكات كە دەكرێت بە قۆناغی كەلەپوری ناوزەندی بكەین كە كاركردنە لەسەر ژیانەوەو ئەرشیفكردنی خانوو تەلارەكانی ناو شاری سلێمانی، هەر لەو دیدەوە هونەرمەند بڕوای وایە كە كلتور پێناسەی میللەتە هەربۆیە ئەو گرنگی بەو لایەنە داوە تاكو وەكو ئەرشیفێك بۆ پارستنی كاری بۆ كردووە.

هونەرمەند لە یدارێكیدا لە بەرنامەی مەگەزین كوردسات دەڵێت (لەو شێوازی كاركرنەمدا هەوڵمداوە ئەو تەلارسازیانەی كە ماوون، هەروەها ئەوانەی لەناویش چوون بتوانم لەناو تابلۆكانمدا دیكۆمێنتیان بكەم، هەربۆیە هەڵبژاردنی دیكۆمێنتكردن رێبازەكەت واقیعی بێت و منیش ئەو رێبازەم كردۆتە ستایلی كاركردنم، هەروەها سەرجەم ئەو فۆتۆیانەی كە خۆم لەرێگای كامێراكەمەوە تۆماریان دەكەم و دەیانپارێزم چونكە دواجار ئەویش ئەرشیفە لە بەرگێكی تردا). (1)

ئێستا ئەگەر تابلۆیەكی فرود باقی شێوەكار ببینیت بەبێ ئەوەی ناوی لەسەر بێت دەزانیت ئەوە یەكێكە لە تابلۆكانی چونكە توانیوێتی بەم شێوازی كردنەی تایبەتمەندییەك و پێناسەیەك بۆ خۆی درووست بكات كە ئەوەش جارێكی تر گرنگی كاری هونەرمەندە كە بتوانرێت بە ببینینی بەرهەمەكانی بناسرێتەوەو ئاماژە بۆ ناوی هونەرمەندە بێت ئەگەر ناویشی لەسەر كارە هونەرییەكە نەبێت، هونەرمەند تا ئێستاش لەسەر ئەم شێوازی كاركردنە هەر بەردەوامەو بۆتە خاوەنی چەندین تابلۆو پیشانگەو شاناوی كاری هونەری كە ئەمە هەمووی پێكەوە كەمن لەو هونەرمەندانەی كە توانیبێتیان ببنە خاوەنی ئەوانە پێكەوە.

هونەرمەند لەنێو هۆڵەكانی ئەو خوێندنگەیانەی كە وەكو مامۆستای هونەر وانەی وتۆتەوە ئەوە هۆكارێك بووە بۆ ناساندن و درووستكردنی ئارەزووی هونەری لەلای خوێندكاران كە ئەوەش بۆخۆی ئەركێكی هونەری و نیشتمانییە كە بتوانرێت لەناو خوێندنگاكانەوە هەستی هونەری لەلای خوێندكاران درووست بكرێت، لەهەمانكاتدا هونەرمەند فرود باقی چالاكی قوتابخانەكانی رۆژهەڵاتەوە بەهاوكاری مامۆستایانی هونەر سەرپەرشتی چەندین پیشانگەی خوێندنگەكانی لەئەستۆگرتووە، لەهەمانكاتدا نەخشاندنی دەیان دیواربەند بۆ ناو خوێندنگەكان لەناوەوەو دەرەوەی خوێندنگەكان.

بیبلۆگرافیای فرود باقی

1999 بەشی هونەری پەیمانگەی مەلبەندی مامۆستایانی سلیمانی تەواوکردووە.

27/2/1999 یەکەمین پێشانگەی تایبەتی کردۆتەوە لە هۆلی پەیمانگە.

18/6/2013 دووەمین پێشانگەی تایبەتی کردۆتەوە لە مۆزەخانەی سلیمانی.

30/4/2017 سێ یەمین پێشانگەی تایبەتی کردۆتەوە لە مۆزەخانەی سلێمانی.

1999-2021 بەشداری لە 47 پیشانگەی هاوبەشدا كردووە لە شارەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان .

ئەندامی کارای سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە.

 146 جار بینراوە