سەرەکی » ئابووری » سندوقی نەختی نێودەوڵەتی تێبینی لەسەر بودجەی 2018ی عیراق هەیە

عیراق رەتیدەكاتەوە

سندوقی نەختی نێودەوڵەتی تێبینی لەسەر بودجەی 2018ی عیراق هەیە

حكومەتی عیراق هەواڵی رەتكردنەوەی بودجەی ئەمساڵ لەلایەن سندوقی نێودەوڵەتی نەختەوە رەتدەكاتەوەو وتەبێژی نووسینگەی عەبادیش رایدەگەیەنێت: بڕگەو مادەكانی یاسای بودجە، پێچەوانەی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە هاوبەشەكەی بەغداو ئەو سندوقە نییە.

نووسراو نەگەیشتووە
سەعد حەدیسی، وتەبێژی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی (سپۆتنیگ)ی روسی رایگەیاند:پڕۆژەیاسای پەسەندكراوی بودجەی گشتی 2018، لەچوارچێوەیەكی یاسایی لەنێوان دامەزراوەكانی دەوڵەت‌و ئەنجومەنی نوێنەران، بڕیاری لەبارەوە دراوە، ئەوەش لەگەڵ مەرجەكانی سندوقی نێودەوڵەتیی نەخت پێچەوانە نییە.
وتیشی: «ئەو هەواڵانەی كە باس لەڕەتكردنەوەی بودجە دەكەن لەلایەن سندوقی نێودەوڵەتی نەختەوە، دوورە لەڕاستییەوەو تائێستاش حكومەتی عیراق هیچ نوسراوێكی فەرمی لەوبارەیەوە بەدەستنەگەیشتووە».
ماڵپەڕی سۆمەر نیوز، لەسەر زاری سەلام سمێسم پسپۆڕی ئابووری بڵاویكردبۆوە، هۆكاری رەتكردنەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عیراق لەلایەن سندوقی نێودەوڵەتیی نەختەوە، دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوونی بەغدا بەو رێككەوتنەی كە پێشتر لەگەڵ سندوقەكە ئەنجامیدابوو، كە بریتی بوو لەكەمكردنەوەی خەرجییەكان‌و سوككردنی قورسایی دارایی لەسەر خەزێنەی گشتی.
بەگوێرەی میدیاكانی عیراق، سندوقی نێودەوڵەتیی نەخت رەخنەی توندی لەبڕگەو مادەكانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی 2018ی عیراق گرتووە، كە رۆژی 3ی ئەم مانگە بە زۆرینەی دەنگ‌و بەبێ رەچاوكردنی داواكارییەكانی كورد، لەئەنجومەنی نوێنەران تێپەڕێندرا.

پابەندنەبوونی بەغدا
سەلام سمێسم پسپۆڕی ئابووری ئاماژە بەوە دەكات: هۆكاری رەتكردنەوەی پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن سندوقی نێودەوڵەتیی نەختەوە، دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوونی بەغدا بەو رێككەوتنەی كە پێشتر لەگەڵ سندوقەكە ئەنجامیدابوو، كە بریتیی بوو لەكەمكردنەوەی خەرجییەكان‌و سوككردنی قورسایی دارایی لەسەر خەزێنەی گشتی.
وتیشی: «بەغدا ئەو رێككەوتنەی پێشێلكردووەو لەپڕۆژەیاسای بودجەدا خەرجییەكی زۆری كردووە، لەوانەش گەڕاندنەوەی كارمەندە دەركراوەكان‌و چەسپاندنی گرێبەستی ئەو كارمەندانەی كە بە گرێبەست دامەزراون».
لەبارەی كاریگەریی هەڵوێستی ئەو سندوقەوە لەسەر عیراق، د.ئەمین بەكر سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەتۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندوە:»ئەو هەنگاوە وا دەكات كە مامەڵە لەگەڵ حكومەتی عیراق نەكات‌و قەرزی پێنەدات بۆ پڕكردنەوەی گرفتی كورتهێنانی یاسای بودجەی ئەمساڵ».
روونیشكردەوە: دیاریكردنی پشكی هەرێم لەیاسای بودجە، یەكێك بووە لەتێبینییەكانی سندوقەكە.

 528 جار بینراوە