سەرەکی » هاوپۆل نەکراو » داوا دەكرێت كورد وەزارەتی دارایی وەربگرێت

داوا دەكرێت كورد وەزارەتی دارایی وەربگرێت

ئه‌ندامێكی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌چوارچێوه‌ی گفتوگۆكانی لایه‌نه ‌سیاسییه‌كان له‌باره‌ی دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی عیراقەوە، به‌باشی ده‌زانێت كورد له‌ بری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، وه‌زاره‌تی دارایی وه‌ربگرێت، پێشیوایه‌ جگه‌ له‌و وه‌زاره‌ته‌، پێویسته‌ وه‌زاره‌تی داد جارێكی تر بۆ كورد بێت، ئه‌ویش له‌ پێناوی ئاو‌ڕ‌دانه‌وه‌ی زیاتر له‌ كێشه‌ی ناوچه‌ دابڕ‌ێنراوه‌كان.

ئاره‌زوو مه‌حمود، ئه‌ندامی خولی چواره‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به ماڵپەڕی‌ (PUKmedia)ی راگه‌یاندووە: به‌وپێیه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی به‌ بڕ‌بڕ‌ه‌ی پشتی حكومه‌ت داده‌نرێت، به‌باشی ده‌زانم ئه‌مجاره‌ له‌ بری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، كورد وه‌زاره‌تی دارایی له‌ حكومه‌تی داهاتووی عیراق وه‌ربگرێت.

وتیشی: «به‌وپێیه‌ی تا ئێستا كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ئابووری له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا ماوه‌ته‌وه‌، بۆیە له‌ رێگەی وه‌زاره‌تی داراییەوە ده‌توانرێت به‌شێكیان چاره‌سه‌ر بكرێت و ماوه‌یه‌كی كه‌متری پێویست بێت بۆ رێكه‌وتن».

راشیگه‌یاندووە: وه‌رگرتنی وه‌زاره‌تی دارایی له‌لایه‌ن كورده‌وه‌، به‌مانای ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌وانی تر گرنگییان نییه‌، به‌ڵكو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ش به‌هه‌مانشێوه‌ گرنگی خۆی هه‌یه‌، هاوكات پێویسته‌ كورد جارێكی تر وه‌زاره‌تی داد وه‌ربگرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ بۆ ناوچه‌ دابڕ‌ێنراوه‌كان زۆر پێویسته‌ بۆ كورد.

جێی ئاماژه‌یه‌، جگه‌ له‌ كابینه‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، كورد له‌ زۆربه‌ی كابینه‌كانی حكومه‌تی فیدڕاڵدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ڕێوه‌بردووه‌، له‌دوا كابینه‌شدا وه‌زیری داد بۆ كورد بووه‌.

 127 جار بینراوە