سەرەکی » ئابووری » ئابووری بەحرەین دەهەژێت

وڵاتانی كەنداو فریای دەكەون؟

ئابووری بەحرەین دەهەژێت

ئا: یادگار عەلی

كەرتی ئابووریی بەحرەین كە سەردەمێك رووبەڕووی تەنگژە و قەیرانی سەخت ببوەوە، ئێستا پێشبینی گەشەی بەرچاوی لێدەكرێت بەتایبەت كە لە سێ ساڵی رابردوو هەریەك لە (سعودیە، كوێت و ئیمارات) بە بڕی 10 ملیار دۆلار هاوكارییان پێشكەشكردووە و بەهۆیەوە ئاستێكی باش لە دڵنیاییان بۆ كەرتەكانی ئابووری و وەبەرهێنان لە مەنامە گەڕاندۆتەوە.

مانگی رابردوو بەحرەین بڵاویكردووە، وادەی (هاوسەنگكردنی دارایی)یان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ساڵی 2024 دواخستووە و پلانی زیادكردنی باج بەمەبەستی زیادكردنی داهاتی دەوڵەت جێبەجێدەكەن، بەتایبەت كە رێژەی قەرزی گشتیی بۆ (133 %)ی بەرهەمی گشتیی ناوخۆیی بەرزبۆتەوە.

بە رێژەی (2.11 %) كەمیكردووە
هاوكات لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا، هەریەك لە سعودیە، كوێت و ئیمارات بڵاویانكردەوە، پاڵپشتی لە بەرنامەی بەدیهێنانی هاوسەنگیی دارایی لە بەحرەین دەكەن، بەرنامەیەك كە پێشبینی دەكرێت هاوكار بێت لە گەشەی ئابووری ئەو وڵاتە و هۆكارێكیش بێت بۆئەوەی كە حكومەتی مەنامە بتوانێت بچێتە بازاڕی نەختینەیی، سەرباری ئەوەی كە پلانی چاكسازی لە بارودۆخی دارایی بەحرەین دووچاری ئاستەنگ بۆتەوە.

لە ماوەی رابردوودا، كەمبوونەوەی رێژەی هەناردەكردنی نەوت بۆ 100 هەزار بەرمیلی رۆژانە كە دەكاتە بڕی شەش ملیاری ساڵانە، كەرتی ئابووریی بەحرەینی رووبەڕووی تەنگژەیەكی سەخت كردەوە، هەر ئەوەش پاڵنەر بوو بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە پلانی چاكسازیی ئابووری بۆ هاوسەنگكردنی دارایی دابڕێژێت كە تا ئێستا نەگەیشتۆتە قۆناغێكی دڵخۆشكەر.

داتاكانی دەستەی زانیاری و حكومەتی ئەلیكترۆنی بەحرەین دەریدەخات، بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و كاریگەرییەكانی لەسەر ئابووریی نانەوتی، لە نیوەی یەكەمی 2021ەوە داهاتی ناوخۆیی ئەو وڵاتە تێكڕا بە رێژەی (2.11 %) كەمیكردووە و بەوەش ئابووریی بەحرەینی خستۆتە بەردەم چارەنووسێكی نادیارەوە.

هەر بەپێی ئامارەكانی ئەو دەستەیە، تا نیوەی یەكەمی ساڵی 2021، رێژەی بەرهەمی گشتیی ناوخۆیی بەحرەین لە (3.06 %) كە دەكاتە (8.16) ملیار دۆلار بۆ(3.13 %) كە دەكاتە (8.35) ملیار دۆلار داكشانی بەخۆوە بینیووە، داهاتی ئابووریی نانەوتیش بە رێژەی (2.97 %) بەراورد بە ساڵی رابردوو نزمبۆتەوە.

(5 %) باج بۆ سەر بەرهەمی ناوخۆیی
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز كە مانگی رابردوو بڵاویكردۆتەوە، لەگەڵ كورتهێنانی بودجە لە بەحرەین، دەسەڵاتی ئەو وڵاتە باجی بە رێژەی (10 %) و لەپێناوی زیادكردنی داهاتی دەوڵەت و كەمكردنەوەی كورتهێنان سەپاندووە.

هاوكات سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن، گفتوگۆی نێوان حكومەت و پەرلەمان بەمەبەستی هەمواری ئەو یاسایە بەردەوامە كە بە (باجی زیادكراو) ناسراوە و رێژەی (5 %) دەخاتە سەر بەرهەمی ناوخۆیی و لە چوارچێوەی پلانی چاكسازی لە بارودۆخی دارایی و زیادكردنی داهاتی نانەوتی گیراوەتەبەر.

هەرچەندە ماوەیەكە نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، بەڵام هێشتا ئابووریی بەحرەین بەراورد بە ئابووریی وڵاتانی كەنداو، لە دۆخێكی خراپدایە، ئەوەش بەشێكی بۆ كەمی ئەو سەرچاوە سروشتییانە دەگەڕێتەوە كە ئەو وڵاتە هەیەتی، لەگەڵ كورتهێنانی زۆر لە بودجەکەی، بارودۆخەكەش پێویستی بە هاوكاری وڵاتانی هەماهەنگیی كەنداو هەیە، چونكە بەحرەین لەو وڵاتانەی كەنداوی عەرەبییە كە كەمترین بڕی بەرهەمهێنانی لە بواری نەوتدا هەیە.

(1.38) ملیار دۆلار كورتهێنانی دارایی
لە ساڵانی رابردوودا، نەوت و غاز (85 %)ی داهاتی گشتیی حكومەتی لە بودجەی بەحرەین پێكدەهێنا، بەڵام ئەو رێژەیە لە بودجەی 2021 بە رێژەی (22 %) دابەزیوە، لە بودجەی 2022 یش بە رێژەی (23 %).

دامەزراوەی (ستاندارد ئاند بوروز) پێشبینی ئەوەی كردووە، بەبێ جێبەجێكردنی ئەو زیادەیەی كە بڕیارە حكومەت وەك باج بیسەپێنێت، رێژەی كورتهێنان لە بودجەی گشتیی بەحرەین لە نێوان ساڵانی (2021 – 2024) بگاتە (5 %).

لە مانگی ئابی رابردوودا، وەزارەتی دارایی بەحرەین بڵاویكردەوە، لەنیوەی یەكەمی ئەمساڵدا، كورتهێنانی دارایی (520) ملیۆن دینار بووە كە دەكاتە (1.38) ملیار دۆلار.

 106 جار بینراوە