سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » خەبات بە بوختان و چەواشەکاری

یەکبێژ

خەبات بە بوختان و چەواشەکاری

چەواشەکردن، بوختان، جنێو، ناو و ناتۆرە، بەسووک زانین، بێمتمانەیی، بێباوەڕی، هەموو ئەمانە لە ماوەی 10ساڵی رابردووە وە لە کۆمەڵگەی ئێمە سەری هەڵداوە و بۆتە دیاردەیەک کە رەنگە بتوانین بڵێین ئاساییە بەلای کەسێکەوە و شانازی پێوە دەکات ئەگەرچی خۆشی دەزانێت لێدوانەکەی یەکێکە لەو دیاردانە، بەڵام بیانوو بەوە دێنێتەوە کە لەدژی فڵان لایەنە و کاری حزبایەتی لای هەندێک ئەمڕۆ لەسەر ئەوە دەژی.

هەجو یان یان جنێو وەک کایەیەکی نێوان هاوەڵەکان هەر لە کۆنەوە هەبووە و لەلای زۆربەی میللەتانیش هەیە بەڵام جنێو زۆر جیاوازترە لە شێواندنی راستی و درۆ پێوەکردنی، لەمەش خراپتر ئەوەیە پەرلەمانتارێک دێت و لەدوای جنێو بەوانەی کە تەنها باسی حزبەکەی دەکەن، شمشێرەکەی هەڵدەکێشێ و رایدەوەشێنێ بەتەڕە جنێوەوە، ئەگەرچی خۆشی دەزانێت کولە و هیچ نابڕێت، ئەگەر نا دەبوا ئەسەرێکی پێشتری هەبوایە.

یەکێکی ترمان هەیە سەبەتەیەک دەنگی هێناوە و بە لووت بەرزییەوە دەڵێت بۆیە من ئەو دەنگە زۆرەم هێناوە چونکە خەڵک نەیویست دەنگ بەوانە بدات کە هۆکاری هێنانەکایەوەی قەیرانن، واتا هەریەک لەو حزبانەی کە لە حکومەتدا هەن ئەوان تاوانباری دروست بوونی ئەو بارودۆخەن کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی کێشەی بودجەوە لەگەڵ بەغدا دروست بووە.

ئەگەرچی تەنها لەم خولەی ئێستادا ئەو حزبەی کاندیدەکەی وادەڵێت بەشداری حکومەت نەبوون، بەڵام پێشتر وەزیریشیان هەبووە و نەشیان توانیوە شتێکی سەرنج راکێشی جیاواز لە وەزیرەکانی حزبەکانی دیکە بکەن، بەڵام هەروەک ئەوەی خەڵک خەوتبێت، هەموو قەیرانەکان دەخەنە ملی ئەم دوو ساڵەی رابردوو کە خۆیانی تێدا نین.

سەرەڕای ئەمە چۆن لە رووی دێت باسی ئەوە دەکات کە بۆیە خۆی دەنگی باشی هێناوە چونکە ئەوانی تر خراپ بوون و خەڵک نەیویستووە دەنگیان بداتێ، لەکاتێکدا حزب هەیە کە پشکی شێری بەردەکەوێت لە دەسەڵاتی هەرێمدا زۆرترین کورسیی هێناوە، ئەی مەگەر ئەم حزبە بە دوورە لەو قەیرانانەی ئەو برادەرە باسی دەکات؟ باشتر نییە راستی هۆکاری دەرچوونی خۆی لەناو جەرگەی زۆنی زەردی بادیناندا ئاشکرا بکات و بڵێت فەرمانێکی دەرەکی بۆ دەرچووە؟ لانی کەم فەرمانێک بێت بڵێت رێگریی یان فێڵی لێ مەکەن، چونکە بە ئاشکرا حزبی ئەو کاندیدە لەگەڵ ئەو دەستە دەرەکییە ئیقلیمییە لە ئاستی پەیوەندییەکی باڵادایە.

پێشتر کاکی پەرلەمانتار بۆ دەرچوونی خۆی و لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بە راست و چەپدا راستییەکانی هەڵدەگێڕایەوە خەڵکی چەواشە دەکرد و بەرپرسانی حکومەتی بە گەندەڵکار و ناداد دەناساند بەتایبەت ئەوانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان، پێی وابوو چی دی خەڵک دەنگیان ناداتێ و دەبێت چۆڵی بکەن، تازە هەڵتۆقیوەکانیش لەم لاوە شاشەی درۆ و جنێویان گەرم کردبوو، ئێستاش دەڵێن خەڵک بۆیە دەنگی سووتاند و رێژەی بەشداری کەم بوو چونکە لە دەسەڵات ناڕازی بوون، ئیتر نازانم کاکی پەرلەمانتار ئێستا دەتوانێت پێمان بڵێت ئەم وتەیەی لە کوێێ راستیدایە کاتێک دەسەڵاتدارترین حزب ژمارەی کورسییەکانی دەچێتە سەر لەو جێیەی خۆشی دەنگی زۆری هێناوە؟

باشترە سیاسییەکان پشت بە بەڵگە ببەستن بۆ لێدوان نەک دوای هوها و قەرەباڵغی بکەون، راستییەکانیش بڵین باشترە لە چەواشە کردن.

 170 جار بینراوە