سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » داعش لە دیالەوە

داعش لە دیالەوە

سەرهەڵدانەوەی جموجۆڵەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە پارێزگای دیالە و پارێزگاكانی دەوروبەری، پەیامێكی نوێی مەترسیدارە بۆ لایەنە سیاسییەكان و زەنگێكی ئاگاداركردنەوەشە بۆ كەوتنەخۆ لەپێناو بەرگرتن لە دروستبوونەوەی ناكۆكییە تایەفەگەرییەكان و پشێوەی و نائارامی لە عیراق.

رێكخراوی داعش لەدوای ئەو شكستە گەورەیەی لەڕووی مەیدانییەوە دووچاری بوو لە عیراق و سوریا، هەموو هەوڵێك دەخاتەگەڕ بۆ دۆزینەوەی مۆڵگە و جێ‌ داڵدە بۆ پاشماوەی مەفرەزە پەڕاگەندەكانی كە رۆژ لە دوای رۆژ بەدەستی هێزە ئەمنییەكان گورزی كوشندەیان لێدەوەشێنرێت.

گروپە توندڕەوەكە، بۆ گەیشتن بە مەبەستە ئایدۆلۆژییەكانی هەموو رێڕەوێك دەگرێتەبەر، جا رێڕەوەكان دروستبن یان نا،گرنگ گەیشتنە بەو ئامانجەی لەلایەن سەركردە و تیۆریست و شوێنكەوتوانی بە پیرۆز دادەنرێت.

بەو پێیەی دیالە جوگرافیایەكی ئاڵۆز و پێكهاتەی دانیشتوانی هەمەجۆرە، رێكخراوی داعش دەیەوێت جارێكی تر لێوەی جموجۆڵ و چالاكییەكانی بەورەو سەڵاحەدین و باشووری كەركوك پاشان دەشتایی نەینەوا بباتەوە، لە هەمان كاتدا كار لەسەر جیاوازییە تایەفەگەرییەكان دەكات لە ناوچەكە، بەو خواستەی ئەو جیاوازیانە وەك بەردەباز بۆ پەڕینەوە بەكاربهێنێت.

كاركردن لەسەر نانەوەی ئاژاوەی تایەفەگەریی، هەمان ئەو سیاسەتەیە كە پێشتر لقی رێكخراوی قاعیدە لە عیراق لە دوای ساڵی 2003وە بۆ گەیشتن بە ویستە ناجۆر و گڵاوەكانی بەكاریهێنا و زیانی گەورەی بە شیرازەی كۆمەڵایەتی عیراقی گەیاند، لەئێستاشدا داعش لەسەر هەمان ئەو ژێیانە یاریی دەكات و ئاوازەكانی دادەنێت.

رووداوەكەی میقدادیە وەبیرخستنەوەیەكی نوێیە بۆ مەترسی سەرهەڵدانەوەی ناكۆكییە تایەفەگەرییەكان، بە تایبەت لەم ساتە وەختەدا كە هێشتا پەرچەكردار و دەرهاویشتەكانی هەڵبژاردن لەئارادان و كەفوكوڵیان نەنیشتۆتەوە.

داعش لە دیالەوە دەیەوێت جارێكی تر ناكۆكییەكان لەنێوان عیراقییەكانەوە بكاتە ئەو ئامرازانەی دەبنە هۆی دروستبوونەوەی پشێوی و ناسەقامگیریی، چونكە بەردەوام گروپە ئسوڵی و توندڕەوەكان لە كەلێنی نائارامی و خراپی رەوشی ئەمنی و ناكۆكییەكانەوە بەهێزدەبن و توانای سەرهەڵدانەوەیان دەبێت.

دیالە و باشووری كەركوك و سەڵاحەدین، ئەو ناوچانەن كە بەردەوام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی فراوان بەخۆوەدەبینن، بەو هۆیەی هێشتا لە هەندێك شوێندا كەلێنە ئەمنییەكان پڕنەكراونەتەوە و پیویستییان بە هەوڵی هەمەلایەنە هەیە لەپێناو سەرلەنوێ‌ گێڕانەوەی سەقامگیریی و ئارامی و دوورخستنەوەی مەترسی تیرۆر و تارمایی ئاژاوەی تایەفەگەریی.

 239 جار بینراوە