سەرەکی » مانشێت » بێدەنگی یان بێدەنگکردن؟ دکتۆر فوئاد بەنموونە

بێدەنگی یان بێدەنگکردن؟ دکتۆر فوئاد بەنموونە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

بۆ دەسپێکی ئەم نوسینە وابەباش دەزانم ئەو پەندە بهێنینەوە کە دەڵێت «ئەوەندە بدوێ کە گوێت لێبگرن»!
ئەگەرچی مرۆڤ بەقسەو نوتق جودایە لەتەواوی بوونەوەرەکانیتر، بەڵام هێشتا فەلسەفەی گەورەیی مرۆڤ لەقسەو نوتقدانییە، ئەوەندەی لەگوێگرتن و ڕاوێژدایە لەگەڵ چواردەوری خۆی و گوێگرتنە لەئەوانیتر.
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشێکی ناڕەواو نایاسایی و ناعەقڵانی لەلایەن (پارتی دیموکراتی کوردستان)و میدیاکانیانەوە کرایەسەر سەرۆک «دکتۆر فوئاد مەعسوم» بەبیانووی ئەوەی جەنابیان بێدەنگن لەدۆخی هەنوکەیی کورد لەبەرامبەر بەغداددا.
پارتی لەم هێرشە هەرزەو هەڵچونەدا، ڕاستەوخۆ بردینییەوە بۆ سەروبەندی پرسی ڕیفراندۆم کە بارزانی داوای لەبەغداد دەکرد ڕێککەوتننامەی جیابوونەوە ئیمزا بکەن!
پارتی لەوە تێناگات ئەوە بێدەنگی دکتۆر فوئاد نییە کوردی لاوازکرد لەبەرامبەر بەغداددا، بەپێچەوانەوە ئەوە فرەوتن و زۆربڵێیی پارتی و مەسعود بارزانی بوو لەسەر ڕیفراندۆم و جیابوونەوە لەبەغداد ڕقی بەغدادی گەیاندە لوتکەو هەموو ڕقی خۆیانیان بەکورددا تەقاندەوە.
ئەوەی لەبێدەنگی دکتۆر فوئاددا زیانی بەپارتی گەیاندووە ئەوەیە؛ دکتۆر فوئاد ناکەوێتە ناو سیناریۆ هەڵەشەیی و زۆر بڵێییەکانی پارتی و هەرزە سیاسییەکانی پارتییەوە. دکتۆر فوئاد مەعسوم بڕوای بەسوێندێکی یاسایی هەیە کە وەک سەرۆککۆماری عیراق خواردوویەتی و پابەندە پێیەوە.
بەبنەمای سیاسی و کۆمەڵایەتی و دینیش، جوانی مرۆڤ لەبێدەنگیدایە، نەک فرەوتن و زماندرێژی!. ئەم بێدەنگییەی دکتۆر فوئاد مەعسوم تائێستا بچوکترین عەیبە، یان داکشانی شکۆی نەتەوەییمانی لێنەکەوتووەتەوەو هەر شتێکیش کاری بەڕێزیان بێت، بەبێ واژۆی جەنابیان تێناپەڕێت. بەڵام ئەوەی لەبێدەنگیدا ناشیرینەو مایەی عەیبەیە ئەوەیە بەزۆر بێدەنگ بکرێیت لەسەر زۆر وتن و حیساب نەکردن بۆ کەس! وەک چۆن لەدوای پرۆسەی ئاشبەتاڵی! ڕیفراندۆمەوە مەسعود بارزانی خرایە دۆخی بێدەنگکردنەوە.
بە دیوێکی تردا؛ قسەکردن یان هەمیشە ئامادەیی تاکێک بۆ قسەکردنی بەردەوام، یەکێکە لەسیفاتی مەجالیس و مێنتاڵێتی خێڵ. چونکە لەدنیای خێڵدا ئەبێت گەورەی خێڵ بێدەنگ نەبێت بۆ ئەویتر تاکو لاواز یان بێقسە دەرنەکەوێت. لەڕوانگەی مێنتاڵێتی خێڵەوە بێدەنگی سەرۆک خێڵ تاوانە، وەک چۆن ڕاوێژپێکردنی ئەوانیتر و نەرمونیانی تاک مانایەکی جوانی نابێت.
بۆیە بێدەنگی دکتۆر فوئاد مەعسوم لەمێنتاڵێتی خێڵی پارتیدا جێگای نابێتەوە، با یاساو سوێندی یاساییش هۆکاری بێدەنگی دکتۆر فوئادبێت لەپرسی نێوان هەولێرو بەغداددا.
بێدەنگی دکتۆر فوئاد، بێدەنگییەکی دروستکراو نییە لەدوای کەتنێکی گەورەی وەک ڕیفراندۆم یان خیانەتێکی گەورە بێدەنگ کرابێت، بەڵکو بێدەنگییەکە لەناو ڕووداوگەلێکی سیاسیدا. ئەم بێدەنگییە هێندەی دۆخێکی ئارامکەرەوە دەبەخشێت بەکێشەکان هێندە کێشەکان قوڵ ناکاتەوە.
کارەسات ئەوەنییە تۆ یاساو سوێندی یاسایی بێدەنگت بکات!، کارەسات ئەوەیە نەزانی سیاسی و سەرەڕۆیی و تاکبڕیاری بێدەنگت بکات. کارەسات ئەوەیە لەدوای ئەوەی مەسعود بارزانی بڕیاریدا سەری خۆی لەسەر ڕیفراندۆم دابنێت و داینەناو بێدەنگکرا. کارەسات ئەوەیە بەرپرسێک بێتە هەرێمی کوردستان و نەتوانیت پێشوازی لێبکەیت و وشەیەکت نەبێت قسە بکەیت. کارەسات ئەوەیە لەسەرۆکی هەرێمەوە بگەڕێیتەوە بۆ ئاشتکردنەوەی دوو هاوسەری هونەرمەند!

print

 83 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*