سەرەکی » مانشێت » (هه‌مزه‌یی)‌و (صاڵحی) له‌ پارتی دا

(هه‌مزه‌یی)‌و (صاڵحی) له‌ پارتی دا

پێشكه‌شه‌ به‌ گیانی پاكی مامۆستا هه‌مزه‌ عه‌بدوڵڵا

له‌دوای گیرانی مامۆستا هه‌مزه‌ عه‌بدوڵڵا له‌ نیهایه‌تی ساڵی 1949دا پارتی بێ (ناوه‌ند) مایه‌وه‌. ئه‌وێ ده‌مێ سێ ئه‌ندامی تری م.س مابوون به‌ڵام نه‌ خوالێخۆشبووان كه‌ریم تۆفیق‌و مهندس نوری حه‌مه‌ده‌مین ئاماده‌ی كار بوون نه‌ كاك عه‌لی عه‌بدوڵڵاش به‌ ته‌نیا كاره‌كه‌ی پێ هه‌ڵده‌سوڕا. ئه‌وسا چالاكترین لقی پارتی، لقی به‌غداد بوو كه‌ كاك صالح روشدی‌و شه‌هید عه‌لی حه‌مدی‌و خوالێخۆشبوو مسته‌فا كه‌ریم به‌ڕێوه‌یان ده‌برد. لیژنه‌كانی ناوچه‌ی چالاكیش، هینه‌كانی سلێمانی، كۆیه‌، فه‌یلیه‌كان بوون كاك علی عه‌بدوڵڵاش چوو بوو بۆ به‌غدا خوالێخۆشبوو كاك عه‌ونی یوسفیش كه‌ ئه‌ندامی (ك.ن) بوو له‌ زیندان به‌ر بووبوو بۆیه‌ وای په‌سند ده‌كه‌ن كه‌ كۆنفرانسێك له‌ به‌غدا بگرن. له‌و سه‌روبه‌ره‌شدا مامۆستا هه‌مزه‌ عه‌بدوڵلا به‌ كه‌فاله‌ت به‌ره‌ڵڵا كرابوو.
كۆنفرانسی به‌غدا به‌نیازی بوژاندنه‌وه‌‌و خستنه‌گه‌ڕی پارتی به‌سترا بوو،به‌ڵام هه‌ندێ شتی به‌پێچه‌وانه‌ی په‌یره‌وی ناوخۆیان كرد بوو كۆمیته‌یه‌كی مه‌ركه‌زی نوێ یان دانا بوو له‌ هه‌ڤاڵان: عه‌لی عه‌بدوڵڵا، خوالێخۆشبوو عه‌ونی یوسف، خوالێخۆشبوو علی حه‌مدی‌و مسته‌فا كه‌ریم، كاك محمد موسا سادیقی فه‌یلیش به‌ڵام هه‌ر زوو له‌گه‌ڵ مامۆستا هه‌مزه‌ تێكیان دا‌و گه‌یاندیانه‌ مریشكه‌ ڕه‌شێ! تێكچوونه‌كه‌ش له‌ سه‌ره‌تادا هیچ هۆیه‌كی سیاسی یان فیكری نه‌بوو، به‌ڵكو له‌وه‌وه‌ هاتبوو كه‌ مامۆستا هه‌مزه‌ داوای كردبوو، بۆ ماوه‌یه‌ك وازی لێ بهێنن به‌دوای جنسیه‌كه‌ی خۆیدا عه‌وداڵ بێت‌و هه‌وڵ‌و ته‌قه‌لای جیاجیای بۆ بدات (ك.ن) ‌و نوێش رازی نه‌بووبوون پاشان مه‌سه‌له‌یه‌كیان له‌ مامۆستا هه‌مزه‌ گه‌وره‌ كرد. ئه‌ویش بریتی بوو له‌مه‌ی خواره‌وه‌:
كاكه‌ زه‌یدی ئه‌حمه‌د عوسمانی ره‌حمه‌تی، مامۆستا هه‌مزه‌ ده‌عوه‌ت ده‌كات له‌گه‌ڵ (حاج) ناوێك كه‌ له‌ سه‌فاره‌تی به‌ریتانیا له‌ به‌غدا كاری ده‌كرد له‌وێ باسی چاره‌ی مه‌سه‌له‌ی كورد‌و هێنانه‌وه‌ی خوالێخۆشبوو ژه‌نه‌راڵ بارزانی له‌ روسیا‌و جنسیه‌كه‌ی خۆی ده‌كرێت. هه‌ڤاڵ كاك صالح روشدی‌و كاك مسته‌فا كه‌ریم به‌تایبه‌تی‌و به‌خشكه‌یش كاك عه‌ونی ره‌حمه‌تی ئه‌وه‌یان له‌ مامۆستا هه‌مزه‌ به‌ داوه‌وه‌ كرد‌و وایان بۆ هۆنده‌وه‌ كه‌وا سه‌وداكاری یه‌ له‌گه‌ڵ ئیستعماری به‌ریتانی‌و هتد..! ته‌نانه‌ت پاشان كاك صالح‌و مسته‌فا كه‌ریم گه‌یاندیانه‌ ئیتیهام كردنی مامۆستا هه‌مزه‌ به‌ جاسوسیه‌تی ئینگلیز‌و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان!!
بڕیاریشیان دا مامۆستا هه‌مزه‌ له‌ پارتی دا هه‌ڵپه‌سێرن‌و له‌ كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی نه‌یهێڵن! كه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بڵاو بووه‌وه‌‌و لیژنه‌ی كۆیه‌ پێی زانی، بوو به‌ مایه‌ی ناكۆكی له‌نێوانمان دا.ئه‌و ده‌مه‌ ئێمه‌ له‌ لیژنه‌ی ناوچه‌ی كۆیه‌ به‌ ڕێنوێنی‌و رێبه‌ریی مامۆستا حه‌مه‌ده‌مین مه‌عروف خه‌باتمان ده‌كرد‌و له‌دوای روون كردنه‌وه‌كانی مامۆستا حه‌مه‌ده‌مین گه‌یشتینه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ دژی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی (ك.ن)ی تازه‌ بووه‌ستین به‌تایبه‌تی من كه‌ له‌ دووره‌وه‌ زۆر زۆر موعجه‌ب بووم به‌ مامۆستا هه‌مزه‌، زۆر به‌توندی دژی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ بووم. كاك علی عه‌بدوڵڵا لایه‌نگری ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ تۆمه‌ت به‌پاڵ مامۆستا هه‌مزه‌ بدرێ به‌ڵام له‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌شی رازی نه‌بوو!
ئێمه‌ هه‌ڵساین په‌یوه‌ندیمان به‌ هه‌ڤاڵانی سلێمانی یه‌وه‌ كرد له‌رێگه‌ی خوالێخۆشبوو حیلمی علی شه‌ریف‌و غه‌فور ره‌شید داراغا‌و كاكه‌ حه‌مه‌ی حاجی تایه‌ری كۆیی‌و پاشان شه‌هید شیهاب‌و حه‌مه‌ كه‌ریم فه‌تحوڵڵا‌و كاك بابه‌ تایه‌ری شێخ جه‌لاله‌وه‌ ئه‌وانیش هه‌مان هه‌ڵوێستی لیژنه‌ی ناوچه‌ی كۆیه‌یان نواند.
ناكۆكی یه‌كه‌ په‌ره‌ی سه‌ند، ئێمه‌مانان كه‌ دیفاعمان له‌ مامۆستا هه‌مزه‌ ده‌كرد‌و دژی ئه‌وه‌ بووین تۆمه‌تی ناره‌وای بدرێته‌ پاڵ‌و دوور خرێته‌وه‌، به‌ (هه‌مزه‌یی) ناومان ده‌رچوو. ته‌نانه‌ت خوالێخۆشبوو عه‌ونی یوسف پێی ده‌گوتین (ده‌روێشه‌كانی هه‌مزه‌) كه‌ لقی هه‌ولێر كۆبووه‌وه‌‌و من به‌ نوێنه‌ری لیژنه‌ی ناوچه‌ی كۆیه‌ به‌شداریم تێدا كرد، توانیمان لیژنه‌ی چالاك‌و زیندووی باڵه‌كایه‌تی كه‌ یه‌كێك له‌ هه‌ره‌ چالاكه‌كانی حاجی ئه‌بوبه‌كر بوو به‌لای خۆماندا راكێشین. هه‌روه‌ها خوالێخۆشبوو میرزا فه‌ندی عه‌بدوڵلا كه‌ریمیش، به‌ جۆرێك كه‌ بووینه‌ به‌شه‌ زۆره‌كه‌ له‌ لقی هه‌ولێر. لقی سلێمانیش هاوبیر‌و هاو هه‌ڵوێست بوو له‌گه‌ڵمان. لایه‌نه‌كه‌ی تری پارتیش به‌ رێبه‌ری كاك صالح روشدی كه‌ زۆر چالاك‌و توند بوو، لیژنه‌ی ناوچه‌ی كه‌ركووكیان له‌گه‌ڵ بوو كه‌ مه‌لا سدیقی بلوكینی لێپرسراویان بوو له‌گه‌ڵ مه‌لا سبغه‌ الله مزوری له‌ موسڵ(كه‌ پاشان خراپ بای دایه‌وه‌ به‌لای كاك هه‌مزه‌دا)
به‌غداش دوو به‌ش بوو: شه‌هید علی حه‌مدی دژی تۆمه‌ته‌كه‌‌و لادانی مامۆستا هه‌مزه‌ بوو، به‌ڵام ره‌خنه‌شی له‌ مامۆستا هه‌مزه‌ ده‌گرت. هه‌ڵوێستی وه‌ك كاك علی عه‌بدوڵڵا بوو كاك محمد موسا سادیق ئاگای له‌ په‌نایی مه‌سه‌له‌كه‌ نه‌بوو، به‌ڵام پاشان كه‌ خۆمان گه‌یاندێ دای شكاند به‌لای ئێمه‌دا.
ناكۆكی یه‌كه‌ درێژه‌ی كێشا هه‌تا كۆنگره‌ی دووه‌م كه‌ هه‌موو لایه‌ك سوور بوون له‌سه‌ر به‌ستنی بۆ چاره‌ی كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو بڕیار درا كه‌ له‌ شوباتی 1951 دا له‌ به‌غدا له‌ ماڵی شه‌هید علی حه‌مدی ببه‌سترێت. له‌و ساڵه‌شدا هه‌ردوولامان خۆمان ساز ده‌دا بۆ كۆنگره‌كه‌.
من چووبوومه‌ هه‌ولێر بۆ خوێندن له‌وێ لیژنه‌یه‌كی ناوچه‌ی نوێمان پێكهێنابوو له‌ خوالێخۆشبووان عه‌ونی یوسف، نوری صدیق شاویس، میرزا فه‌ندی عه‌بدولكه‌ریم‌و مام جه‌لال له‌ لیژنه‌كه‌شدا ئێمه‌ به‌شه‌ زۆره‌كه‌ بووین تا ڕاده‌یه‌كی زۆریش كاك عه‌ونیشمان رازی كردبوو كه‌ تۆمه‌تی جاسوسی‌و چۆكدان ناڕاست‌و ناڕه‌وایه‌‌و كاك صالح روشدی زۆر به‌ توندڕه‌وی‌و هه‌ڵه‌شه‌یی ده‌ڕوات‌و خوالێخۆشبوو مسته‌فا كه‌ریم هه‌ر شووڵی لێ هه‌ڵكێشاوه‌. به‌و جۆره‌ لقی هه‌ولێرمان بۆ كۆنگره‌ مسۆگه‌ر كردبوو هه‌روه‌ها سلێمانیش هه‌ڤاڵان مسۆگه‌ریان كردبوو كاك هه‌مزه‌ش رێگه‌ی درابوو بچێته‌وه‌ سلێمانی‌و ده‌وری خۆی بینیبوو له‌و بواره‌دا.
له‌ بادینان، له‌ موسڵ رێكخستنمان هه‌بوو له‌ ئامێدیش به‌هۆی شه‌هیدی نه‌مر ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا (یه‌كه‌مین سه‌رۆك یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان) یه‌ك دوو شانه‌ی پارتی دروست كرابوو. له‌ زاخۆ رێكخستن نه‌مابوو. شه‌هید سه‌یدای ساڵح یوسفی وازی له‌ رێكخستن هێنابوو. كه‌ په‌یوه‌ندی پێوه‌ كرابوو، نه‌هاتبووه‌ بۆ رێكخستن له‌ خه‌ڵكی دهۆك ته‌نها هه‌ڤاڵێكمان له‌ به‌غدا هه‌بوو به‌ناوی (محمد مزوری) كه‌ پیاوێكی خوێنده‌وار‌و ئینگلیزی زان بوو.
پێش به‌ستنی كۆنگره‌كه‌ مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د‌و كاك جه‌لیل هوشیار‌و خوالێخۆشبوو كاكه‌ ده‌بابه‌ی نه‌مریش له‌ زیندان به‌ر بووبوون. بڕیار درابوو كه‌ كۆنگره‌كه‌ له‌ به‌غدا بێت له‌ سه‌روبه‌ری كۆنگره‌دا كاك صالح‌و مسته‌فا كه‌ریم كه‌وتنه‌ بیانووگرتن‌و خۆدزینه‌وه‌ له‌ به‌شداری كردن. مامۆستا برایم كه‌ تازه‌ له‌ زیندان هاتبووه‌ ده‌ره‌وه‌ جێگه‌ی متمانه‌ی هه‌موو لایه‌كمان بوو، زۆری هه‌وڵدا له‌گه‌ڵیان كه‌ به‌شداری بكه‌ن ته‌نانه‌ت خۆشی چه‌ند شه‌رتێكی له‌سه‌رمان دانا ئێمه‌ ((هه‌مزه‌یی یه‌كان)) له‌كۆنگره‌دا به‌شه‌ زۆره‌كه‌ بووین من وه‌ك ده‌م ڕاستیان وابووم‌و به‌ناوی ئه‌وانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د دانوستانم ده‌كرد مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ كاك صالح پێكهاتبوو كه‌ نابێ كاك هه‌مزه‌ بۆ كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌ ئێمه‌ش به‌و شه‌رته‌ رازی بووین كه‌ هیچ یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی پێشووی (ك.ن) هه‌ڵنه‌بژێردرێنه‌وه‌. مامۆستا برایم رازی بوو. زۆربه‌مان له‌ ره‌ئیه‌ بووین كه‌ مامۆستا برایم هه‌ڵبژێرین ‌و بیكه‌ینه‌ سكرتێری (ك.ن) شه‌رتێكی تری مامۆستا برایم ئه‌وه‌بوو كه‌ ده‌بێ كاك جه‌لیل هوشیاریشی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژێردرێت ئێمه‌ش ئه‌وه‌مان قبوڵ كردبوو.
له‌ كۆنگره‌كه‌دا مامۆستا هه‌مزه‌‌و كاك عه‌لی عه‌بدوڵڵا‌و كاك عه‌ونی زۆر جوامێرانه‌ قبووڵیان كرد‌و خۆیان پاڵاوته‌وه‌، ئێمه‌ش پێنج كه‌سمان پاڵاوت: مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د، مامۆستا جه‌لیل هوشیار، مامۆستا حه‌مه‌ده‌مین، كاك به‌كر ئیسماعیل‌و خوالێخۆشبوو كاك نوری صدیق شاویس.
به‌ڵام نوێنه‌رانی به‌شه‌ زۆره‌كه‌ كه‌ ئه‌و ده‌مه‌ بۆ گاڵته‌ پێ یان ده‌گوترا بۆڵشه‌ویكه‌كانی پارتی، له‌ هه‌ڵبژاردن دا له‌ جیاتی كاك جه‌میل منیان هه‌ڵبژارد به‌ ئه‌ندامی (ك.ن) مامۆستا برایم جیای كردمه‌وه‌‌و پێی گوتم كه‌ ده‌رنه‌چوونی كاك جه‌میل پێشێل كردنی رێككه‌وتنه‌كه‌یه‌ بۆیه‌ ئه‌ویش به‌ته‌نیا نایكات. بۆیه‌ من خۆم كێشایه‌وه‌‌و داوای لێبوردنم له‌ كۆنگره‌كه‌ كرد، به‌بیانووی ئه‌وه‌ی كه‌ من هێشتا لاوم‌و له‌ سانه‌ویم‌و مه‌دحی كاك جه‌لیلم كرد كه‌ له‌ زیندان ده‌رچووه‌‌و ئازابووه‌ له‌ زیندان‌و زۆریش له‌ من به‌ته‌مه‌نتر‌و هوشیارتر بوو به‌م جۆره‌ كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پێكهات له‌:
1-مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د سكرتێر2-مامۆستا جه‌لیل هوشیار ئه‌ندامی م.س.3-مامۆستا به‌كر ئیسماعیل ئه‌ندامی م.س، مامۆستا حه‌مه‌ده‌مین مه‌عروف ‌و كاك نوری شاوێسیش ئه‌ندامی (ك.ن).
لایه‌نه‌كه‌ی كاك صالح روشدی‌و خوالێخۆش بوو مسته‌فا كه‌ریمیش له‌ پارتی جیا بوونه‌وه‌‌و (رزگاری الجدیده‌) یان ده‌ركرد. به‌ڵام كه‌سێكی وایان له‌گه‌ڵ نه‌چوو، ته‌نها لیژنه‌ی ناوچه‌ی كه‌ركووك كه‌ هه‌مووی 10-12 هه‌ڤاڵیان هه‌بوو له‌گه‌ڵ چه‌ند هه‌ڤاڵێكی به‌غدا‌و مامۆستا سبغه‌ الله مزوری له‌ موسڵ فه‌یلیه‌كان له‌گه‌ڵ پارتی مانه‌وه‌‌و پاشان هه‌ندێك له‌و هه‌ڤاڵانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ صالح روشدیش رۆیشتن وه‌ك(ئێسته‌ دكتۆری مهندس) كاك جمیل شه‌ره‌ف‌و پارێزه‌ر كاك عبدالله كانی مارانی‌و حاكمی ناسراو كاك وریا كانی مارانی‌و مامۆستا سبغه‌ الله مزوری گه‌ڕانه‌وه‌ ناو پارتی.
له‌و كۆنگره‌یه‌شدا ته‌نها هه‌ر ناوی پارتیمان گۆرشی له‌(پارتی دیموكراتی كوردی عێراقه‌وه‌) بۆ (پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق)‌و بڕیاری سیاسه‌تێكی چه‌پی شۆڕشگێرانه‌شمان دا، له‌گه‌ڵ سپاردنی ئه‌ركی ئاماده‌كردنی پرۆگرام‌و په‌یڕه‌وێكی نوێ به‌ (ك.ن) چونكه‌ په‌یڕه‌وی پێشوومان كۆن بووبوو.

ئەم نووسینەی سەرۆکی نەمر
مام جەلال بە ئەڵقە لە گۆڤاری خاک-دا لە ژمارە (9) لە 10/5/1998 بڵاوکراوەتەوە.
کوردستانی نوێ پێی باش بوو وەک بەشێک لە کەلەپوری مام دووبارە بڵاوی بکاتەوە

print

 111 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*