سەرەکی » کەلتوور » مەرگەساتی کـۆرپەلەیەک

مەرگەساتی کـۆرپەلەیەک

 

شێرزاد حەسەن

لە سەرەتای هەفتەی رابردوودا، گەرماوگەرم هەواڵی لە دایکبوونی منداڵێک لە شارۆچکەی ‹زاخۆ›دا بڵاو بۆوە، کە ماس- میدیا قۆستییەوە و بوو بە هەواڵێکی تراژیک و سەمەرە و غەمهێن تا ئەوپەڕی بێچارەیی و دۆشداماوی کە هەموومانی غەمناک کرد، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانی هەمووان بوو ئەوە بوو کە ئەم وەک کۆرپەلەیەکی تازە لە دایکبوو، لە باری جەستەیی و تەندروستییەوە گرفتی کوشندەی هەبووە، بە واتا شێواوییەک لە بونیادی فیزیکی ئەودا هەبووە کە زێدە جەرگبڕ بووە کە کۆرپەلەکە بە یەک دەست و یەک قاچ هاتۆتە دونیاوە، کۆمی نەبووە بۆ پیسایی و پاشەرۆک دەردان، هەروەها ئەندامی زایەندی سروشتی نەبووە تاوەکو بزاندرێت کچە یان کوڕە، بە واتا میزەڕۆی نییە.. عەجایب، یان هەتا نێرەمووکیش، کە نێرەمووک بوون لەم مەملەکەتەی ئێمە بۆ خۆی کارەساتێکی کوشندە و رسواکەرە، گەرچی گوایە ئەویش خەڵقەندەی خودایە!
کۆرپەلەی بێئاگا لە ژینگەی دەوروبەر هەرچی بخوات دەیهێنێتەوە و دەڕشێتەوە، نە گووی پێدەکرێت و نە میز، تەنها پێنج سەعات لە خەستەخانە بووە و گوایە خانەوادەکەی نائومێد بوون لە چارەسەرکردنی، ئیدی بە ملعندی و لەسەر ئەستۆی خۆیان بردوویانەتەوە بۆ ماڵی خۆیان کە ئەوەشیان جێگەی سەرنج و پرسیاری زۆرینەی خەڵکی بووە.

چونکە لە دونیای پێشکەوتوودا بە مانا زانستی و نوژدارییەکەی ئەرک و کاری دەوڵەتداری و وەزارەتی تەندروستییە کە هەر لە سەرەتاوە کە خانمان ‹دووگیان/ئاوس*› دەبن و دەکەونە سەروەختی سکوزاکردن؛ پزیشکی پسپۆر و تیمێکی شارەزا هەنگاو بە هەنگاو چاودێری تەندروستی دایکەکان و ئەو دەڵەمەیە یان کۆرپەلەیە دەکەن کە هێشتا تۆماوە و نەخەمڵیوە، چونکێ مەرجە هەر کۆرپەلەیەک بە ساغڵەمی و بە لەشێکی بونیاد تۆکمە و کامڵ و بێ کەموکوڕی بێتە دونیاوە کە خودی یەزدان ئەو بەڵێنەی پێداوین، سەرباری ئەوەش کە هەر کۆرپەلەیەک مرۆڤێکە کە ئایندەی خانەوادە و نیشتمان و نەتەوە لەسەر هێز و هزر و توانای رۆحی و فیزیکی نەوەی نوێ وەستاوە.

سیستمی تەندروستی
لە لای خۆمان لەم بوارەدا بێ سەر و بەرییەکی ئەوتۆ هەیە کە تا ئەوپەڕی بێباکی و کەمتەرخەمی لە ئارادا هەیە کە دەدرێتە دەست رێکەوت و قەزا و قەدەر و دانایی و ‹حیکمەتی ئیلاهی› و چاووزار و نوشتە و نزا و و نماز و گەرمە شین و شەپۆڕ و خۆدانە دەست چارەنووس. سیستمی تەندروستی لای خۆمان زێدە سەرەتایی و پریمەتیڤ و بێ کەڵکە، چونکە خودی مرۆڤ لای ئێمە بەها و سەنگێکی ئەو سەگ و پشیلانەی «رۆژئاوا»یان نییە کە خانەوادەکان بیر لە تەندروستی گیاندارەکانی خۆیان دەکەنەوە، بگرە ناو و ناسنامە سەرجەلە و پاسپۆرتیان هەیە، خەستەخانە و خۆراک و دەرمانی تایبەتی خۆیان هەیە، سەرباری بڕینەوەی شتێک لە بودجە و خەرجی و پێویستییەکانی ئەو گیاندارانە: لە پشیلە و سەگ و مشکەوە بیگرە تا باڵندە و پەلەوەر و گیانداری ئاویی.

لە دێر زەمانەوە، هەر لە سەردەمی «یۆنان»ەوە، بە تایبەتی لە شاری «سپارتا» وەک نموونەیەک کە هەرێمێکی سەربەخۆ بووە وەک لایەنی دەوڵەتداری کە بەوە ناسراوە کە رۆحی جەنگاوەربوون تیایدا بۆ هەمووان مەرجی جوامێری و ئازایەتی بووە، لەو رۆژگارەی کە رۆحی شەڕانگێزی و خەونی داگیرکردنی خاک و خەڵكی دیکە بەرکەماڵ بووە، ئا لەو سەروبەندەدا کەمئەندامەکان لەسەر ئاستی فیزیکی و عەقڵی و سایکۆلۆژی نەدەچوونە ناو بازنەی مرۆڤبوون و پیاوبوون، لە سۆنگەی ئەوەی کە نەیاندەتوانی جەنگاوەری ناو کوشتارگاکان بن، کەواتە دەبوو لە ناو ببرێن، هەمان یاسا و رێسا لە لایەن «نازییەکان»ی سەردەمی ‹هیتلەر› دووبارە دەبێتەوە، بە کورتی بە درێژایی مێژوو و هەم دەنێوە جوگرافیای جیاوازدا کەسانی کەمئەندام وەک بارگرانی و بەڵا چاویان لێکراوە!

مێژووی مرۆڤایەتی سیخناخە لە مامەڵەکردنێکی ترسناک و خوێناوی بەرامبەر بەو منداڵانەی کە بە ناکامی و ناکامڵی لە دایک دەبوون، بگرە وا چاویان لێکراوە کە خودی خودا سزای داون و بە نەفرەتی کردوون دەنا وایان لێنەدەهات، بگرە کەسانی شێتۆکە و گێلۆکە دەکران بە فریوی خواردووی شەیتان کە لە ناو رۆحی ئەوانی دەیری و کاڵفام لانەیان هەیە کە مەرجە بە زەبری سزا و ئازاردانی ئەوانی کاڵفام و بە بیانووی دەرکردنی «شەیتان» و ‹جنۆکەکان لە گیانیان هەرچی کوشندە و خوێناوییە پیادە بکرێت تا ئەندازەی کوشتنیان، بە واتا ئەگەر نەکرا.. مەرجە بەدەم سزاوە بکوژرێن و بمرن، بە بیانووی دەرکردنی رۆحی شەڕانگێز و نەگریس لە ناو رۆحی ئەواندا کە دیسانەوە رۆحی شەڕانگیز کە خودی «شەیتان› بەرجەستەی رۆحی کۆی شەڕ و خراپەکارییە کە خودا خۆی بۆ تاقیکردنەوەی هەر هەموومان بەری داوەتە سەر ئەم سەرزەمینە کە مایەی تێڕامانە، بگرە خودی هەردوو فەیلەسووفی یۆنان-ی:»ئەفلاتون» و «ئێرستۆتل» و دەیان بیرمەندی دیکە: نموونەی فەیلەسووفی ئەڵمانی:»هیگڵ: 1770-1831»ی هاوسۆزی لە ناوبردنی ئەو کەمئەندامانە بوون!
با بێمەوە لای کۆرپەلەی نامێ و ناکام و ناکامڵ وەک بوونی جەستەیی کە لای خۆمان ئەو کەمئەندامانە بە {سەقەت} ناوزەد دەکرێن کە داتاشراوە لە زمانی عەرەبییەوە، لە هەنووکەدا کە شیاوترە بەو کەسانە دەگوترێت ‹خاوەن پێداویستی تایبەت› کە نەزاکەتێکی تێدایە.

دیارە وەک مەزەندە کراوە لە نێو یەک ملیۆن کۆرپەلەی لە دایکبووی بەم شێواوییە تەنها یەک دانەی وەک ئەم کۆرپەلەی ‹زاخۆ› بە ناکامڵی دێتە دونیاوە کە ئەمساڵ بوو بە خەڵات و دیاری بۆ ئێمە. پرسیاری من ئەوەیە کە بە گوێرەی ئەو ئایەتەی سەرەوە بێت مەرجە بنیادەم کە مینا و موعجیزە و پەرجووی پەروەردگارە کە خودی ئایەتەکە ئاماژەیەکە بەوەی کە مرۆڤ بە جوانترین و باشترین وێنە و شێوە و شەمائیل خوڵقاوە، زۆر جاران کە پرسیار لە مەلا و ئاخوند و مەزهەبزەدە و دیندارەکان کراوە کە کوا ‹حیکمەتی ئیلاهی› و یەکسانی و دادپەروەری وا لە کوێدایە؟ بۆچی دەبێت کۆرپەگەلێک لە دایک ببن بە ناکامڵی؟ کوێر و ڵاڵ و کەڕ و ئۆتیزم و کەمئەندام و کاڵفام و شێتۆکە و گێلۆکە… ‌هتد؟

ئەوەیان ئاماژەیەکی ئاشکرا و روونە
پارادۆکس و تەوسەکە لێرەدایە کە دایک و باوکی ئەو کۆرپەلەیە هێشتا گەنجن، بڕیاریانداوە کە ئەگەر ژیا و کچ بوو ناوی»فاتیمە»یە و ئەگەر کوڕیش بوو: ناوی «ئەحمەد»ە کە دوو ناوی پیرۆزی عەرەبی و ئیسلامین، دیارە لە باری سایکۆلۆژییەوە ئەم دایک و باوکە بیانوووی هەڵبژاردنی دوو ناوی پیرۆز بە مەرامی نزا و نماز و تکاکارییە لە خودا کە ئەم کۆرپەلەیە بکات بە خەڵاتی ئەم خانەوادەیە، بۆ من پرسیارە کە بۆچی دوو ناوی کوردیان هەڵنەبژاردووە؟ وەڵامی خۆم لەوەدا چر دەکەمەوە کە لە کنە منیش ئەوەیان ئاماژەیەکی ئاشکرا و روونە کە ئیمەی کوردگەل لە ناوەکانمانەوە تا ناوەڕۆک و رۆح و مێژوومان داگیر کراوین و تا هەنووکەش پێمان رەوایە، کە زووتر لە دوا وتارێکی خۆمدا بە نێوی {دوا مانیفێستی من} هەمان رازم درکاندووە، ئەوەی مایەی قەهر و تێڕامانە ئەو هەموو حیزبانەی دروشمی «ناسیۆنالیزم» و نەتەوەگەری و کواردایەتییان بەرز کردۆتەوە، تا هەنووکە نەیانتوانیوە وا بکەن دایکان و باوکانی کوردگەل هیچ نەبێت وەک خەڵکانی بندەست و داگیرکراو ناوی کوردی بۆ کچەکان و کوڕەکانیان هەڵبژێرن!

با بێینەوە لای کۆرپەلەی تاین کە ژمارەیەکی کەم بێت یان زۆر، شێواوی جەستەیی ئەم بە موعجیزە و پەرجوو دەزانن، بۆ پرسیارێکی ناحەز بە مەزهەبزەدەکان کە ئاخۆ چ پەند و حیکمەت و موعیجیزەیەکی ئیلاهی لە پشت وەها خەڵقەندەیەکەوە هەیە؟

بەربڵاوترین و سادەترین وەڵامی زۆرینە ئەوەیە کە ‹یەزدان› پێشتر رەسمی کردووە کە خوڵقاندن بە چ یاسا و رێسا و بەرنامە و رێنماییەکدا دەروات، بەڵام ئەوە هەڵسوکەوت و مامەڵەکردنی ژنان و پیاوانە لەتەک یەکتریدا کە بە دروستی پەیڕەوی ئەو رێ و رەسمە ناکەن و هەڵە و پەڵەیەک و نەزانینێک هەیە سەبارەت بەو ژنان و پیاوانەی کە زاووزێ دەکەن.

وەڵامێکی دیکە هەیە لای دیندارەکان کە پتر لە پینەوپەڕۆکردن دەچێت و لۆژیکی تێدا نییە، کە ئەوەشیان بێجگە لە پاساو و خۆپەڕاندنەوە لە خودی پرسیارەکەمان کە ئەویش ئەوەیە: کوا ‹حیکمەتی ئیلاهی› و کەی رەوای هەقە ‹یەزدان› خۆی دایکان و باوکان فەرامۆش بکات کە چلۆن بە پێچەوانەی یاسا و رێسا و بەرنامەی خودا مامەڵە دەکەن؟ دیارە لە وڵاتانی بڕواهێن بە «سێکیولاریزم» دەوڵەتداری ئەم ئەرکانە دەگرێتە ئەستۆی خۆی لە رێگەی نەخشە و پلانی تۆکمە و پێشین لە پێناو پاراستنی تەندروستی زیندەگی هەمووان. خودی خودا بە ئێمەی راگەیاندووە کە بە باشترین شێوە و تەرز و وێنە مرۆڤی خوڵقاندووە کە لە دایکبوونی کۆرپەلەکە بەم هەموو کەموکوڕییەوە لە باری جەستەییەوە پێچەوانەکەی دەسەلمێنیت.

ئەو وەڵامەی ‹مەزهەبزەدکان› لەوەدا خۆی چڕ دەکاتەوە کە گریمان منداڵەکان یا گەورەکان بە ناکامڵی دروست دەبن کە یان زگماکە، یان رووداوێکی سروشتی یان ناسروشتی کوشندە بۆتە مایەی شێواوی و پەککەوتن، جا چ بە دیوە رۆحی و رەوانییەکەی بێت یان فیزیکی و جەستەیی، وەڵامی ئاسانی باوەڕدارەکان ئەوەیە کە خودا خۆی میهرەبانە و لەو دونیا پاداشتیان دەداتەوە و لە خۆشی و جوانی بەهەشت بەهرەمەندیان دەکات، بە مەرجێك بەدکار و گوناهبار نەبووبن و خودای خۆیان ناسیبێت!

هەمان بەڵێنی خەڵات و پاداشتی بۆ ئەو دایک و باوکانەش دابین کراوە، بە مەرجێک شوکرانەبژێر و ئارام و پشوودرێژ بن و ئەو دۆخەی خۆیان و منداڵ و زارۆکەکانیان تێیکەوتوون و گیرۆدە بوون وا رەواترە کە بە تاقیکردنەوەی ئاسمانی تێبگەن بۆ بەندەکانی خودای تەبارەک وەتەعالا، بە دەردێکی وا کوشندەی نەزانن، وەلی دیسانەوە مەرجە دایان و باوان پاکزاد و خوداناس بووبن!
ئەوەی کە منی خستۆتە گومان و پرسیارەوە، لە سەردەمانێکەوە کە هەرزە بووم تا ئێستا، ئەوەیە کە بۆ هەمیشە بڕواداران لای خۆمان پاساو و بیانوو بۆ هەموو مەرگەسات و گرفتێکی ئینسانی دێێنەوە هەرچەندە کوشندە و ناماقووڵ بێت، ئاسانترین وەڵامیش ئەوەیە کە دەڵێن: ئاسمان خۆی دەزانێت و ئیمەی بەندە لەوە کاڵفامترین بیزانین و بەو چارەنووسە قایلین!

لەوەش کوشندەتر
دیوێکی زۆر غەمهێنی ئەم دۆخەی کە کۆرپەگەلێک هەن کە لە دایک دەبن و کەچی دوچاری نەخۆشی کوشندەی شێرپەنجە بوون کە هەندێکیان دەمرن، لەوەش کوشندەتر ئەوەیە کە لەسەر ئاستی میللیگەرایی خەڵکانێک هەن بڕوایان بەوە هێناوە کە کێ ناڵێت ‹حیکمەتی ئیلاهی› نییە کە ئەوانەی کە نابینا و کەڕ و گول و لاڵ و تلاوەی دەستی دەردی گرانن، هەر خودا خۆی دەیزانێت چلۆن وا بە ناکامڵی و دەردەداری دەیانخوڵقێنێت، چونکە گوایە ئەگەر تەندروست و ساغڵەم بوونایە، لەوەدا بوو شەڕانگێز و بەدکار بوونایە و زیانیان بۆ خەڵکی بێگوناە و بیدەرەتان هەبووایە، بە واتا ناکامڵی کۆرپەلەکان گەر بە زگماکیش بێت، خەڵکێکی بێ شومار وا مەزەندە دەکەن کە دانایی›حیکمەتی ئیلاهی› تێدایە کە ئەوەشیان خۆ دزینەوەیە لە کارەساتەکان!

ئەمن ناچارم ئاماژە بەوەش بدەم کە کەمئەندامی و نوقسانی بە تەنها لەسەر ئاستی فیزیکی و جەستەیی نییە بە تەنها، بەڵکو کۆی سیستمی ناسیستماتیکی ئێمە لەسەر ئاستی هەموو خانە پەروەردەییەکاندا وەها ناڕێک و شکست و بەربادە کە لە باری دەروونییەوە هەر هەموومانی نەخۆش خستووە، بە واتا هەر یەکێک لە ئیمە بیمارە لە باری رۆحی و رەوانی کە لە رەفتاری هەر هەمووماندا دەرکەوتەی زۆر خراپی هەبووە لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی و کۆبەندی کولتووری بە مانا هەرە فراوانەکەی. سەرباری ئەوەی کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە هەزارەها لە کەسانی دڵڕەق و دەروونبیمار بە ناو و ناتۆرە و سووکایەتی کردن بە کەسانی «خاوەن پێداویستی تایبەت» و هاندیکاپ بەزم و رەزمی سەیر بەو زاتانە دەکەن کە لە باری فیزیکی و جەستەیی گرفت و کێشەیان هەیە، کە ئەوەشیان دەبێت بە مایەی تێكشانێک لە باری رۆحی و سایکۆلۆژییەوە کە دەمخواست بیاننوسمەوە، بەڵام لیستێکی درێژە و هەمووتان دەیزانن!

هەر بۆ نموونە: من بۆ خۆم بۆ ماوەی (15) پازدە ساڵ پێیاندەگوتم {کوندەمیز}دەرئەنجامی ئەوەی شەوەهای شەو بۆ چەندین ساڵ لە منداڵییەوە میزم بە خۆمدا دەکرد و بنە خۆم تەڕ دەکرد کە لە زۆربەی چیرۆکەکانمدا رەنگی داوەتەوە، یان «جافیلۆک» لە پای لەڕی و لاوازیم، یان پێیاندەگوتم «کوڕی زارە دۆمێ» کە ئەم بابەتە هەڵدەگرم بۆ وتارێکی دیکە، بیرمە جاروبار دایکم دەگریا کە ئەگەر گەورە بم و ئیدی سەروەختی ئەوە هاتەپێشێ کچێکم بۆ بخوازن، دایکم شینی دەگێڕا و دەیگۆت، «کوو حەیا و نامووسمان دەچیتن لە مەملەکەتێ کە لە شەوی یەکەمی بە زاوابوون و چوونە پەردەوە ‹شێرۆ› پێخەفی بووک و زاوایەتی لە میزدا غەرق بکاتن.. واوەیلا لۆ ئەوێ رۆژێ و.. هەش و قوڕ بەسەر خۆت زارێ؟!

بە یەک هەناسە
دێمەوە سەر چەمکی عەدالەت و ‹دادپەروەری خواهانە› کە بۆ من مایەی تێڕامان و تێفکرینە کە لە رۆمانی «برایانی کارامازۆف»ی «فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی: 1821-1881» کە لەسەر زمانی یەکێک لە کارەکتەرەکان پرسیارێکی ترسناک دەکات و دەژنەوێت، «خودایە.. بۆچی منداڵەکان دەخولقێنیت و کەچی زۆر زووش دەیانمرێنیت؟» لێرەدا گەرەکمە نموونەیەک بێنمەوە سەبارەت بە بوون و نەبوونی دادپەروەری ‹یەزدان› کە لە ناوئاخنی هەمان رۆماندا دۆزیومەتەوە، لە ناوئاخنی ئەو رۆمانەدا خانەوادەی «کارامازۆف» بە ژمارە براکان زۆرن و هەر یەکە و لە هەوای خۆیدا دەژی و تەواو لە یەکتری جیاوازن، جێگەی سەرنجیشە تارمایی کچێکی تێدا نییە و هەمووان نێرینەن و بێ خوشکن، لە نێوا براکاندا کە لێکدی ناچن، بە تایبەتی «دێمتری» و «ئیڤانۆڤ» وەک دوو برا سەرگەرمی جەنگێکئ فیکری و رەوشتمەندین کە کۆتایی نایەت، یەکێکیان ئاتەییست و خوانەناسە و ئەویدیکەیان خواناسێکی دەمارگیر و سەرسەختە، لە میانەی دیالۆگ و دەمەتەقێیەکی کوشندەدا سەبارەت بە خودایەکی هەستیار و دادپەروەر هەیە یان بێباک و کەمتەرخەمە، خوانەناسەکە پرسیارێکی زیرەکانە لە برا خواناسەکەی دەکات، بەو مەرجەی کە خوداناسەکە یەکسەر و یەکاندەردوو وەڵام بداتەوە و نەوەستێت بۆ تێرامان و تێفکرین، چونکە بڕوادارە و پێویستی بەوە نییە خێرا و بە یەک هەناسە وەڵام نەداتەوە.
پرسیاری برا خوانەناسەکە لە برا خواناسەکەی بەم چەشنە دەبێت:

« هۆ برا ئاییندارەکەم.. من دەزانم کە تۆ بڕوات بە دادپەروەری و هاوسەنگی خودای خۆت هەیە، ئایا قایل و رەزامەندی هەموو خەڵکانی مەملەکەتی {روسیا}ی خۆمان تێر و پۆشتە و پەرداغ و خۆشبەخت و بێخەم بن، بە مەرجێک لەسەر حیسابی تلانەوە و ئازار و برسییەتی یەک کەس بێت، کە دەکرێت ئەو کەسە من بم یان تۆ بیت، چ قەیدییە کە هەمووان تێر بن بەو مەرجەی من یان تۆ برسی بین؟»
خودانەناسەکە سڕ و سەرسام.. جام دەبێت، بە پەریشانییەوە زاری گۆ ناکات و بەدەم تێفکرین و تێرامانەوە بۆ وەڵامێک دەگەڕێت کە خودا زویر نەکات.. ناتوانێت و لاڵ دەبێت بەرامبەر بە پرسیاری ترسناکی برا خوانەناسەکەی!

خودانەناسەکە بە برا ئیماندارەکەی دەڵێت:
” ئەتۆ لە من خوانەناس و کافرتریت مادامەکێ بۆ وەڵامێک دەگەڕێیت کە دوو وشەیە: نەخێر یان بەڵێ، کەواتە ئەتۆش بڕوات بە دادپەروەری خودا نییە وەکی من!»
کەواتە منیش دەڵێم کە هیچ حیکمەتێکی ئیلاهی و خواهانە و جوانییەک لەوەدا نابینم کە کۆرپەلەیەک لە دایک بووە و نوقسانە بەوەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، کە نە کۆمی هەیە و نە کۆئەندامی نێرینە و مێینە، دەست و قاچێکی لە ئاسمان بەجێماوە و بە دوو پەل، دەستێک و قاچێک، گەیشتۆتە سەرزەمین.. باڕەکەڵلا!

پارادۆکس و تەوسەکە لێرەدایە کە لەو ملیۆنەها یان ملیارەها فریشتەگەلی ژیر و میهرەبان و سۆزدارەی ئاسمان، شتاقیان هاواری لێناکەن و تاق دەستەکەی بگرن و بیوەستێنن تاوەکولە کارگە سەراسیمەکەی ‹یەزدان›دا دەستیك و لاقێکی دیکەی بدەنێ و ئینجا رەوانەی لای ئێمەی بکەن!

*پەراوێز:
کە دیارە من وشەی «سەگتۆپ» یان «تۆپین» بە ڕەوا نابینم بۆ هیچ گیاندارێکی سەرزەمین، بە تایبەتیش بۆ «سەگ» کە ئەگەر ئەم گیاندارە نەبووایە قۆناغی «شوانکارەیی» کە یەکێکە لە قۆناغە هەر پێشکەوتووەکانی زیندەگی مرۆڤایەتی، بۆ چەندین سەدەی دیکە دوا دەکەوت، دیارە هاوسۆزیم بۆ گیاندارەکان لەوەوە هاتووە کە ئەوان وەک ئێمەی بەدکار و پۆخڵ ‹هەوا› و ‹ئاو› و ‹خاک›یان پیس و بۆگەن نەکردووە وەک ئێمە، بەڵام دەستەواژەی ‹سەگتۆپ› لەسەر زاری ئێمە بەکار دێت بۆ سووکایەتی کردن بە کەسانێک کە گوایە خراپەکارن، بەڵام گیانداران و ئاژەڵان لە ئێمە بێ زیانتر و بێوەیترن، چونکە ئەوان هەرگیزاوهەرگیز ژینگەی خۆیان وەک ئێمە ژەهراوی نەکردووە و تێکیاننەداوە، ئێمەیەک کە گوایە نازی ئەوە دەکەین کە مرۆڤ ‹خەلیفە›ی خودایە لەسەر زەمین، کە بە رای من وا نییە، دەی.. ئەگەر دڕندەی خودا بووایە..چی دەکرد؟

چونکە شارازەیانی ژینگە پێشبینی بەدبینانە دەکەن کە ئەم ئەستێرەیەی ئێمە کە لەسەری دەلەوەڕێین و دەژین، سەردەمانێک دێت لەسەر دەستی ئێمەی مەردمگەل دەکوژێتەوە و نامێنێت!
+ ئاوس: هەن دەستەواژەی «ئاوس» بوون بۆ خانمان بە نەشیاو دەزانن، کە وا نییە، چونکە لە لقی شێوە زاری دیکەی سۆرانی، بە تایبەتی لە هەولێر، مایەی نەنگی و شەرم نییە، کە لە سلێمانی ‹دووگیان› باوترە، ‹سکپڕ›یشمان هەیە.

 

 113 جار بینراوە