سەرەکی » مانشێت » ڕاگەیەنراوی كۆتایی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی (ی.ن.ك)

ڕاگەیەنراوی كۆتایی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی (ی.ن.ك)

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
جەماوەری خۆڕاگری گەلەكەمان
ئەندام‌و لایەنگرو تێكۆشەرە نەبەزو دلێرەكانی (ی.ن.ك)

هاوكات لەگەڵ هاتنی وەرزی بوژاندنەوەو بەرزبوونەوەی كڵپەو بڵێسەی مەشخەڵی نەورۆزی مژدەبەخشی ڕۆژێكی نوێ‌و پێخستنەناو ساڵێكی تازە‌و بەهارێكی نوێی تێكۆشانەوە، ئەمڕۆ شەممە ڕێكەوتی 17/3/2018، ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرپەرشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی‌و بەئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتی، وەرزێكی نوێی لەئەنجامدانی زنجیرە كۆبوونەوە فەرمییەكانی بەمەبەستی تەواوكاری بۆ بڕیارو ڕاسپاردەكانی پێشووی خۆی‌و هەنگاونان بەئاراستەی تێپەڕاندنی گرفت‌و ئاستەنگەكانی سەر ڕێگای هەڵسانەوەو گەشەكردن‌و بوژاندنەوەی ژیانی ڕێكخراوەییمان‌و ڕاپەڕاندنی ئەركە مێژووییەكانی سەرشانی لەم قۆناغە هەستیارەی گەلەكەمان، كە سەرجەم دۆستەكانی كورد‌و یەكێتی-ش چاوی ئومێدیان لەسەرێتی، دەستپێكرد.
كۆبوونەوەكە بە ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری كوردو كوردستان‌و قوربانیانی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەی شەهید دەستیپێكرد، كە چەندین تەوەر‌و بابەتی ستراتیژی‌و گرنگی لەخۆگرتبوو، سەرەتا كۆبوونەوە لەسەر یادەكانی ڕاپەڕینە مەزنەكەی بەهاری 1991ی گەلەكەمان هەڵوێستەی كردو ستایشی ڕۆڵی جوامێرانەی دانیشتوانی شارو شارۆچكەكانی كوردستانی كرد بۆ هاوكاری‌و هەماهەنگیكردنی هێزی پێشمەرگەو مەفرەزە نهێنیەكانی لە بەئەنجامگەیاندن‌و سەرخستنی بەرنامەی ڕاپەڕینی سەرتاسەری كە لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە داڕێژراو پاشان بە هەماهەنگی سەركردایەتی سیاسی بەرەی كوردستانی‌و هێزە كوردستانیەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی ئەو سەردەمە جێبەجێكرا، هەروەها جەختیشی لەسەر زیندووڕاگرتنی گیانی ڕاپەڕینی لە ناخی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان‌و كادرو ئەندامانی یەكێتی‌و هێزی پێشمەرگەی قارەمان‌و دڵسۆزانی میللەتەكەمان‌و كاركردن بۆ ئامانجە بەدینەهاتووەكانی كردەوە‌و ئەوەی سەلماند كە هێشتا ئامانجگەلێكی زۆرمان ماوە كە ئەركی بەدیهێنانیان كەوتۆتە ئەستۆی نەوەكانی ئێستای پاش ڕاپەڕین، كە هەموویان ئەركی گەورەو هەستیاری قۆناغی تەواوكاری بەدیهێنانی كۆمەڵگایەكی دیموكراسی‌و مۆدێرنی سەردەمیانەو سیكولارن، كە لەسەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمانەوە چ وەك دروشم‌و چ بە كردار كار بۆ بەدیهێنانیان دەكەین‌و قوربانیمان لەپێناودا بەخشیوون. پاشان كۆبوونەوە سەرلەنوێ كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە‌‌و شەهیدكردنی بەكۆمەڵی خەڵكی بێدیفاعی مەدەنی ئەو شارە خۆڕاگرەی ئیدانەو مەحكوم كردەوەو ڕێزی لە قوربانییەكانی نایەوەو جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە حكومەتی فیدراڵی عێراق وەك ئەركی ئەخلاقی‌و یاسایی خۆی قەرەبووی تەواوی خەڵكەكەی بكاتەوە‌و كاری جدی‌و بەپەلە بۆ چارەسەری بریندارەكانی بكات. سەبارەت بە ناوچە جێناكۆكەكانیش كە بەهۆی ڕووداوەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە لەلایەن سوپای عێراق‌و هێزە چەكدارەكانی حەشدی شەعبـی لەشكركێشیان كرایەسەر‌و بوو بەهۆی پاشەكشەی هێزەكانی پێشمەرگە لەو ناوچە كوردستانیانەو كەوتنەوەی گرژی‌و ئاڵۆزی‌و تێكچوونی ڕەوشی ئاسایی تیایاندا، كۆبوونەوە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە پێویستە تەواوی ئاوارەكان بگەڕێنرێنەوە سەر ماڵ‌وحاڵی خۆیان‌و قەرەبووی زەرەرو زیانەكانیشیان بۆ بكرێتەوە‌و لێكۆڵینەوەی یاسایش لەو كارو كردەوە نابەجێیانە بكرێت، كە دەرهەقیان ئەنجام دراوە. هەروەك چۆن پێویستە كە بەپێی مادەی سەدوچلی دەستووری هەمیشەیی عێراق هەتا یەكلاییكردنەوەی چارەنوسیان بەپێی ئەو مادە دەستوورییە، ئەركی بەڕێوەبردنی تەواوی ئەو ناوچانەش بەهاوبەشی دەبێت لەلایەن هەردوو حكومەتی فیدراڵی عێراق‌و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە‌و بەهیچ شێوەیەك باری سەپێندراو قبوڵ ناكرێت.
سەبارەت بە ئاڵۆزییەكانی ڕۆژئاواش، ئەنجومەنی سەركردایەتی (ی.ن.ك) بە دڵگرانییەوە لە هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر شاری عەفرین‌و دەوروبەری دەڕوانێت‌و هاوسۆزیی خۆی بۆ خەڵكی سڤیل‌و بێدیفاعی شارەكە دەربڕی‌و خوازیارە كە دەوڵەتی توركیا هەرچی زووترە هێرش‌و پەلاماردانەكانی بۆ سەر ناوچەكە بوەستێنێت‌و كار بە بڕیاری ژمارە (2401)ی ئەم دواییەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بكات، كە تایبەتە بەجێبەجێكردنی ئاگربڕ لە تەواوی خاكی سوریادا.
سەبارەت بەم قۆناغە هەستیار‌و چارەنوسسازەی كە یەكێتی‌و گەلەكەمانیشی پێدا تێپەڕدەبێت، كۆبوونەوە موكوڕبوونی خۆی لەسەر چارەسەركردنی گرفتە ناوخۆییەكانی خۆی‌و گرنگی تێپەڕاندنی جیاوازییەكان كردەوەو گەیشتە ئەو باوەڕەی كە پێویستە هەمووان بە گیانێكی هەڤاڵانەوە لە خزمەت بەهێزكردنەوەی باسی یەكێتیدا بین‌و بەتێڕوانینێكی وردو دووربینانە تواناكانمان چڕبكەینەوە لەمەسەلە ستراتیژیەكانی پەیوەست بەدۆزی ڕەوای گەلەكەمان‌و داهاتووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
هەربۆیە دوابەدوای زنجیرەیەك كۆبوونەوەی بەردەوام لەگەڵ كادیرو فەرماندەو سەركردەو كەسایەتییە دڵسۆزەكانی گەلەكەمان‌و تاوتوێكردنی پێشنیارەكان‌و نەخشەڕێگاكانی چاكسازی لەناو (ی.ن.ك)‌و سیستەمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان‌و سەرلەنوێ ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ جەماوەری گەلەكەمان‌و لایەنگرانی یەكێتی‌و حزبە كوردستانی‌و عێراقییەكاندا، هاوئاهەنگ داڕشتنەوەی سیاسەتەكان‌و ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ ناوەندی دەسەڵات لەعیراق‌و حزب‌و لایەنە سیاسییە دۆست‌و هاوپەیمانەكانمان‌و هەروەها دەوڵەتانی دراوسێش، كرایە كرۆك‌و ناوەرۆكی تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەی سەركردایەتی.
سەرەتا بەشێوەیەكی هەمەلایەنە لەسەر بارو گوزەرانی خەڵكی‌و باری ناهەمواری ئابوورییان، لەلێكۆڵینەوەیەكی وردو هەمەلایەنەدا هۆكارەكانی خراپكردنی ژیان‌و گوزەرانی جەماوەری خەڵكی كوردستان بەگشتی‌و بەتایبەت مووچەخۆران‌و چینەكانی خوارەوەی كۆمەڵ-ی، تاوتوێكرد؛ تا بتوانرێت بەپێی بەرنامەیەكی چاكسازیی وردو ژیرانە، لەو مەسەلە گرنگە بكۆڵێتەوەو رێگەچارەی گونجاوی بۆ بدۆزێتەوە لەڕووی ڕێكخستنەوەی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان‌و چۆنێتی بەڕێوەبردنی بەشێوازێكی شەفاف‌و عادیلانە كاری لەسەر بكات.
سەركردایەتیی یەكێتی، لەم كۆبوونەوەیەدا كۆكبوون لەسەر ئەو ڕاستییەی كە بووژانەوەی یەكێتی‌و ڕێكخستنەوەی ئۆرگانەكانی‌و شێوەی كارو میكانیزمی تۆكمەكردن‌و خوردكردنەوەی پەیكەری ڕێكخراوەیی‌و سیاسیی (ی.ن.ك) بەبێ یەكڕیزیی‌و ناوەندێكی بەركارو بەتوانای بەڕێوەبردن‌و بڕیاردان لەسەر بنەمای ڕێبازی كوردایەتی‌و پرەنسیپ‌و ئەو سەرەتایانەی، كە یەكێتی وەك حزبی شەهیدان‌و هەڵقوڵاوی ناو ئازارەكانی گەلەكەی پێ ناسراوە، بەبێ بوونی ئیرادەیەكی یەكگرتووی پۆڵایین، نە یەكێتی دەبێتەوە بە هێزە بەركارە وشیارەكەی جاران‌و نە دەشتوانێ لە هاوكێشە سیاسییەكانی كوردستان‌و عیراق‌و ناوچەكەدا رۆڵە شایستەو كاریگەرەكەی خۆی بەباشتر لەجاران بنوێنێت، نە لەتواناشیدا دەبێت ماف‌و ڕێزی جەماوەرو كەس‌وكاری شەهیدان‌و تێكۆشەرو لایەنگرەكانی‌و هەروەها ناوو ناوبانگ‌و شكۆی سیاسی‌و رێكخراوەیی خۆی بپارێزێت‌و بتوانێ هێزێكی كاریگەربێت لەچارەسەركردنی قەیرانە سیاسی‌و ئابوورییەكانی، كە ئێستا بەرۆكی بە گەلەكەمان گرتووە.
پوختەی بڕیارەكانی ئەم كۆبوونەوەیە بریتی بوون لە:
1-پشتبەستوو بەپەیڕەوی ناوخۆی پەسەندكراوی كۆنگرەی سێیەم بڕیاردرا هەڤاڵ (جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی) هەتا بەستنی كۆنگرەی چوارەم سەرپەرشتی سەرجەم دام‌ودەزگاكانی یەكێتی دەكات‌و تەواوی دەسەڵاتەكانی سكرتێری گشتیی (ی.ن.ك) بەكاردەهێنێت.
2-كۆبوونەوە؛ مەكتەبی سیاسی هەڵبژاردەوە.
3-سەبارەت بەبابەتی بەستنی كۆنگرەی چوارەم، كۆبوونەوە پاش تاوتوێكردنی ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆنی باڵای ئامادەكاری، بڕیاریدا بەزیادكردنی ژمارەی هەڤاڵانی كۆمسیۆن لەسێ هەڤاڵەوە بۆ حەوت هەڤاڵ، پاش تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، كە بڕیارە لە 12/5/2018 ئەنجام بدرێت، بەماوەیەكی دیاریكراو وادەی بەستنی كۆنگرەی 4ی یەكێتی بڕیاری لێبدرێت.
4-هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق، كۆبوونەوە جەختی لەسەر بەگەڕخستنی هەموو تواناكان بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق كردەوە، لەوبارەیەشەوە بڕیاری پێكهێنانی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنیدا‌و ئەركی راپەڕاندنی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان دەگرێتەئەستۆو پەیام‌و رێنماییەكانی یەكێتی بەتەواوی ئۆرگانەكانی رادەگەیەنێت‌و سەرجەمیان پەیوەست دەبن پێیەوە. هەروەها هەر لەم چوارچێوەیەشدا كۆبوونەوە جەختی لەوەكردەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تەنها یەك لیستی بۆ ئەو هەڵبژاردنە هەیە ئەویش لیستی ژمارە (162)ە.
5-بڕیاردرا تواناكانی هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی، بەسەر دۆسیە گرنگە سیاسی‌و ڕێكخراوەیی‌و ئیدارییەكاندا دابەش بكرێت.
6-مەسەلەی داهات‌و دارایی یەكێتی بەشێوەیەكی شەفاف‌و گونجاوتر رێكبخرێتەوەو بەدەزگایی بكرێت‌و دەزگای چاودێریی دارایی؛ بەشێوەیەكی كاراتر وەگەڕبخرێت بەهاوكاری‌و هەماهەنگی بەرپرسی مەكتەبی دارایی‌و ئیدارەی گشتی‌و ڕاستەوخۆ پەیوەست دەبن بە هەڤاڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی-یەوە.
7-بەشێوەیەكی نوێ‌و سەردەمیانە پشتبەستوو بەڕێبازی كوردایەتی‌و مێژووی پڕ سەروەری (ی.ن.ك) بنەماكانی نیشتمانپەروەری‌و دەزگاكانی ڕاگەیاندن (بینراو‌و بیستراوو چاپكراوو ئەلیكترۆنی) ڕێكبخرێتەوەو لەلایەن هەڤاڵێكی مەكتەبی سیاسییەوە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی كارو چالاكییەكانی بكرێت.
8-پەیوەندییەكانی یەكێتی بەشێوەیەكی واقعبین‌و لەسەر بنەمای دەستكەوتەكانی گەلەكەمان‌و مسۆگەركردنی پاراستن‌و گەشەپێدانی هەرێمی كوردستان‌و مافە ڕەواكانی گەلەكەمان باشتر ڕێكبخاتەوە‌و بەشێوازو میكانیزمێكی نوێ لەگەڵ حزب‌و لایەنە كوردستانییەكان بەتایبەتی‌و حزب‌و رێكخراوە سیاسییە عیراقییەكان بەگشتی بەشێوەیەكی كاراتر لەجاران ئاڕاستەبكات‌و رۆڵێكی كاریگەر لەڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكی رەواو گونجاو لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عیراق (لەچوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عیراق) بۆ زیاتر دەستەبەركردنی مافەكانی گەلەكەمان ببینێت. هەر بەو شێوەیەو بەو باوەڕە تۆكمەیەشەوە بەپرەنسیپ‌و سەرەتاكانی ڕێبازی كوردایەتی، پەیوەندییە كوردستانییەكانمان ڕێكبخەینەوەو پەیوەندییە دەرەكییەكانیشمان لەگەڵ دراوسێكانمان‌و دەوڵەتان‌و هێزە دیموكرات‌و پێشكەوتنخوازەكاندا، برەوپێبدات.
9-ئەركەكان‌و كاری رێكخراوەیی، بەپێی بنەما فكری‌و سیاسییەكانی (ی.ن.ك) بەسەركردایەتیكردنی بەكۆمەڵ وەك حزبی شەهیدان‌و جەماوەری گەل، نەك حزبی بنەماڵەو هۆز، بەشێوەیەكی داهێنەرانەی هاوچەرخەوە لەسەر خەتی جەماوەری‌و گرنگیدان بەڕۆڵ‌و تواناو مێژووی تێكۆشەرەكانی، دابڕێژێتەوەو رێكیبخاتەوە.
سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسۆنگەو هەناوی سەركەوتنەكانی راپەڕینە مەزنەكەی گەلەكەمانەوە لەلایەك‌و خەم‌و ئازارەكانی ئەو كارەساتانەی، كە لەڕابردوودا بەسەر خەڵكی بێدیفاعی هەڵەبجەو تەواوی خەڵكی كوردستاندا هاتووە، لێرەدا بەڕاشكاوی نەفرەت لەهەڵەكانی رابردوو دەكات‌و خۆی بەسەروەرییە مێژووییەكانی ڕێبازی شەهیدان‌و كاروانە پڕشكۆكەی دەبەستێتەوە، وە لەسەر هەموو هەڵەو كەموكوڕییەكانیشی داوای لێبوردن لەجەماوەری گەل‌و هەڤاڵە دڵسۆزەكانی دەكات، دڵنیاشیان دەكاتەوە كە ئامانجەكانی كوردایەتی‌و مافە ڕەواكانی كوردو واقیعبینی سیاسی، هەمیشە رێنیشاندەری بێت‌و كاری زیاترو باشتر بۆ بەدیهێنانی ئەركە هەنووكەییەكانی (باشتركردنی ژیان‌و گوزەرانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان‌و هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسی‌و ئابوورییەكان) بكات‌و رۆڵێكی كاریگەرتر بۆ مسۆگەركردنی داهاتوویەكی باشتر بگێڕێت.

سەربەرزی بۆ شەهیدانی ڕێگای رزگاریی كوردو كوردستان
یەكڕیزو دەست لەناو دەست بۆ پاراستن‌و گەشەپێدانی (ی.ن.ك)و ڕێبازەكەی
یەكڕیزو یەكگرتووبێت ئیرادەی پۆڵاینی گەلەكەمان لەپێناو پاراستنی دەستكەوتەكان‌و گەشەپێدانی ژیان‌و مافەڕەواكانی گەلەكەمان.

كۆمیتەی سەركردایەتی ی.ن.ك
17ی مارتی 2018

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*