سەرەکی » هەواڵ » ئەسیوپیا؛ شەڕ لە پایتەخت نزیك دەبێتەوە

ئەسیوپیا؛ شەڕ لە پایتەخت نزیك دەبێتەوە

هاوكات لەگەڵ پێشڕەویی هێزە سەربازییەكانی تیگرای بە ئاراستەی ئەدیسابابای پایتەختی ئەسیوپیا، ئابی ئەحمەد سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە چۆتە بەرەكانی پێشەوەی جەنگ، بۆ ئەوەی خۆی سەرپەرشتیی شەڕەكە بكات.

راگەیاندنەكانی سەر بە حكومەتی ئەسیوپیا رایانگەیاند: ئابی ئەحمەد سەرۆك وەزیرانی وڵات، چۆتە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ، بۆ ئەوەی خۆی سەرپەرشتیی جەنگەكە بكات ‌و بەمەبەستی ئیدارەدانی كاروباری رۆژانەی وڵاتیش، چەند دەسەڵاتێكی خۆی بە جێگرەكەی بەخشیوە.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، ئابی ئەحمەد رایگەیاند: دەیەوێت خۆی سەرپەرشتیی شەڕ لە دژی هێزەكانی بەرەی رزگاریی تیگرای ‌و هاوپەیمانەكانی بكات. وتیشی: لە بەرەكانی جەنگ یەكتر دەبینینەوە، لەپێناوی سەركردایەتیكردنی وڵاتدا كاتی قوربانیدان هاتووە.

پێشتر، جیفری فیڵتمان نێردراوی تایبەتی ئەمریكا بۆ قۆچی ئەفریقا رایگەیاندبوو، سوپای ئەسیوپیا تا رادەیەك سەركەوتوو بووە لە بەرپەرچدانەوەی هێزەكانی تیگرای لە كۆنترۆڵكردنی ئەو رێڕەوەی ئەسیوپیا بە بەندەری سەرەكی لە جیبۆتی دەبەستێتەوە، بەڵام هێزەكانی تیگرای توانیویانە بەرەو پایتەخت پێشڕەویی بكەن.

 53 جار بینراوە