سەرەکی » ئاراستە » كورتەیەك دەربارەی پیسبوونی ژینگە

كورتەیەك دەربارەی پیسبوونی ژینگە

(شێواز – هۆكار – كاریگەری)

گۆران قادر

پیسبوونی ژینگە بریتیە لە تێکەڵکردن یان فڕێدانی ئەو مادانەی ژینگە پیس دەکەن بۆ ناو ژینگەیەکی سروشتی كە بەهۆیانەوە گۆڕانكاری نەرێنی و خراپ لە ژینگەدا دروست بکەن و ببنە هۆی پیسبوونی ژینگە جا چ بەهۆی مادەی كیمیاییەکان، وزە، ژاوەژاو، گەرمی، یان تیشكەكان. ‎

دەكرێت مادە پیسكەرە ژینگەییەكان یان پێكهێنەرەكانیان وزەی نامۆبن یان ئەو هۆكارانەبن كە بەشێوەیەكی سروشتی روو دەدەن. ‎پیسبوونی ژینگەیی كاتێك روودەدات كە بابەتە «پیسكەرەكان» كاریگەریی لە ژینگە دەكەن و دەبنە هۆی ئەو گۆڕانكارییانەی كە كاریگەری نەرێنی دروست دەكەن لەسەر ژیانی رۆژانەمان.

ئەم مادانەش زوربەی كات پاشەڕۆ جۆراوجۆرەكانن كە سیستمی ژینگەیی دەشێوێنن و هاوسەنگی ژینگە تێكدەدەن و لەگەڵ گۆڕانی شێوازەكانی ژیان و گۆڕانكاریی و پێشكەوتنی تەكنۆلۆجیا. پیسبوونی ژینگەییش گەیشتۆتە لوتكە، ئەمەش بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی و بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی نەخۆشییەكان.

شێوازە سەرەكیەكانی پیسبوونی ژینگە
‎شێوازەكانی پیسبوونی ژینگە زۆرن كە گرنگترینیان ئەمانەن:

1- پیسبوونی هەوا

2- پیسبوونی خاك

-3پیسبوونی ئاو

4- پیسبوون بە هۆی فڕێدانی پاشماوەكانەوە

5- پیسبوون بە ژاوەژاو

6- پیسبوون بە پلاستیك

7- پیسبوون بە تیشكەکان

8- پیسبوون بە گەرمی

9- پیسبوون لە رادەی بینیندا

10- پیسبوون بە رووناكی

‎ هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگە
‎گەلێك هۆكار هەن كە دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە، لە دیارترینی ئەو هۆكارانە:

1- پیشەسازی
‎لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازییەوە، پیشەسازیی هۆكارێك بووە بۆ پیسبوونی ژینگە، بەتایبەتیش بەهۆی بەكارهێنانی وزەی سوتەمەنی لە هەردوو سەدەی 20 و 21 دا کە خەڵوز بەكار دەهێنرا بۆ وەگەڕخستنی ئامێرەكان بەشێوەیەكی خێراتر تا وایلێهات بووە جێگرەوەی بەشی هەرەزۆری هێزی مرۆیی، هەرچەندە پیشەسازیی بەشێوەیەكی سەرەكی دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا، بەڵام بە ڕێژەیەكی كەمتر خاك و ئاویش پیس دەكات.

2- گواستنەوە
‎پاش دەسبەرداربوونی مرۆڤ لە هێز و وزەی ئاژەڵی بۆ گواستنەوە و گەشتكردن، رێژەی پیسبوونی ژینگە زیاتر بوو، چونكە بۆ گواستنەوەی زەمینی و دەریایی و ئاسمانی لە رێگەی ئۆتۆمبیل و كەشتی و فڕۆكەوە پشت بە سوتەمەنی بەستراوە.

3- چالاكی كشتوكاڵی
‎بەهۆی زۆر بەكارهێنانی قڕكەری مێرووەكانەوە لە چالاكییە كشتوكاڵییەكاندا بە رێژەیەك ژینگە پیس دەبێت، چونكە لە بنەڕەتدا ئەم قڕكەرانە لە مادەی كیمیایی دروستكراون و دەبنە هۆی پیسبوونی خاك و ئاو.

4- چالاكی بازرگانی
‎چالاكییە بازرگانییەكان لە بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕی كاڵا و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری دەكرێت ببنە هۆكارێك بۆ پیسبوونی ژینگە، بۆ نموونە پێچانەوەی كاڵاكان كە بەزۆری پلاستیكی تێدا بەكاردەهێنرێت كە ئەویش لە بەرهەمەكانی سووتەمەنییە و هۆكارە بۆ پیسبوونی ژینگە.

5- نیشتەجێبوون
‎ دابینكردنی شوێن و یەكەی نیشتەجێبوون هۆكارێكی دیكەی كاریگەرە بۆ پیسبوونی ژینگە، چونكە بۆ دروستكردنی ئەو شوێنانە، پێویستە هەندێك ناوچەی ژینگەیی سروشتی تێكبدرێت و بفەوتێنرێت و ژیانی ئاسایی گیاندارانی كێویی و رووەكە خۆڕسكەكان لەناو ببرێن و شار و كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بۆ مرۆڤەكان شوێنیان بگرنەوە و مرۆڤەكانیش پاش جێگیربوونیان لەم شوێنانەدا رۆژانە رێژەیەكی زۆر لە پاشەڕۆی بێ سوودیان دەبێت، كە هەندێكیان بێ چارەسەرن و دەبنە زیانی مسۆگەر بۆ سەر ژینگە.

‎ كاریگەرییەكانی پیسبوونی ژینگە
دوای زانینی شێواز و هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگە، گرنگە كاریگەرییەكانی پیسبوونی ژینگەش بزانرێت كە لێرەدا ئەم كاریگەرییانە لەسەر چوار بواری گرنگ دەخەینەڕوو.

1- كاریگەریی لەسەر مرۆڤ
‎كاریگەرییەكانی پیسبوونی ژینگە لەسەر مرۆڤ بە شێوەیەكی گشتی كاریگەریی جەستەییە، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات ئەگەری هەیە بگۆڕدرێت بۆ دروستبوونی كێشە لە كۆئەندامی دەماردا، لە نموونەی ئەو كێشانەش: هەستیاری (الحساسیة)تەنگە نەفەسی(الربو) سووربوونەوە و ئاڵۆشی چاو و رێڕەو و گیرفانەكانی لووت. جۆرەكانی دیكەی سووربوونەوە و هەوكردنی كۆئەندامی هەناسە.
ماكی ئەم كێشە بڵاوانە دەتوانرێت تێبینی بكرێت و ببینرێت كاتێك رێژەی پیسبوونی هەوا بەرزبێت لەناو شارەكاندا، سەرباری ئەمانەش سەلمێنراوە كە پیسبوونی ژینگەیی فاكتەرێكی سەرەكییە بۆ دروستبوونی گۆڕانكاریی لە نەخۆشیە شێرپەنجەییەكاندا، ئەمەش كاتێك روودەدات كە یەكێك یان زیاتر لەو پێكهێنەرانەی لەناو خواردنە ئامادەكراوەكاندا بخۆین یان بەكاربهێنین یان بەهۆی بەكارهێنانی مادە قڕكەرەکانی مێروو بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكان. لە نموونەی ئەو نەخۆشییانەی كە دووچاری مرۆڤ دەبن بەم هۆكارانە، نەخۆشی هەوكردنی جگەر و سكچوون و تێكچوونی هۆرمۆن.

2- كاریگەریی لەسەر ئاژەڵ
پیسبوونی ژینگەیی كاریگەریی هەیە لەسەر ئاژەڵەكان بەشێوەیەكی سەرەكی بەهۆی زیانگەیاندن و ژەهراوییكردنی ئەو ژینگەیەی كە تێیدا دەژین، بۆ نموونە ترشە باران لە توانایدایە گۆڕانكاریی بكات لە پێكهاتەی ئاوی رووبار و دەریاكان بە جۆرێك كە ژەهراوی بكات بۆ ئەو ماسییانەی كە تێیدا دەژین و نایترۆجین و فۆسفاتی ناو ئاو، هۆكارە بۆ گەشەی قەوزەی زیانبەخش و ژەهراوی، كە ئەمەش دەبێتە هۆی رێگرییكردن لە شێوازەكانی دیكەی ژیان كە بە رێڕەوی سروشتی خۆیدا بڕوات و لە كۆتاییدا زیان بە پێكهاتەی خاك دەگەیەنێت و هەندێکجاریش دەبێتە هۆی لەناوبردنی بوونەوەرە زۆر وردەكان، كە دەكرێت كاریگەریی زۆری هەبێت لەسەر كوشتنی چینە یەكەمەكانی زنجیرە خۆراكییە بەراییەكان.

3- كاریگەریی لەسەر رووەك
‎سەبارەت بە رووەكەكان بە تایبەتی درەختەكان، ئەگەری تێكشكان و لەناوچوونیان هەیە بەهۆی ترشە بارانەكانەوە كە ئەمەش كاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر گیانەوەرانیش، چونكە دەبێتە هۆكاری گۆڕانكاری لە ژینگەی ژیانی ئەوانیشدا.

4- كاریگەریی لەسەر سیستمی ژینگەیی
‎ بەكورتی ئەو پیسبوونی ژینگەیەی كە بەهۆی چالاكییە مرۆییەكانەوە هاتۆتە كایەوە، كاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر سیستمی ژینگەیی و بەشێك لە پێكهاتەكانی تێكدەدات و بەهەمانشێوە كاریگەریشی دەبێت لەسەر چینە باڵاكانی وەك چینی ئۆزۆن. ‎

 160 جار بینراوە