سەرەکی » مانشێت » قوباد تاڵەبانی: داوای لێبووردن لە خوێندكارانی زانكۆ دە‌كە‌ین

قوباد تاڵەبانی: داوای لێبووردن لە خوێندكارانی زانكۆ دە‌كە‌ین

لەمیانی بەشداریكردنیدا لە كۆنفرانسی یەكسانیی جێندەری و ستراتیژی هێزی ژنان، قوباد تاڵەبانی، رایگە‌یاند: سوورم لەسەر ئەو دروشمە، كە بەر لە دوو ساڵ رامگەیاند و دەیڵێمەوە (پیاوبە توندوتیژیی بەرامبەر ژنان رابگرە)!.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لە وتارێكیدا كە ئێوارەی دوێنێ لە كۆنفرانسی یەكسانیی جێندەری و ستراتیژی هێزی ژنان پێشكەشیكرد، رایگەیاند: ئەگەر تێگەیشتنمان بۆ واقعی كۆمەڵایەتی و فیكری باوی كۆمەڵگەی كوردی نەبێت، نە لە هۆكاری كێشەكان تێدەگەین و نە توانای چارەسەركردنیمان دەبێت، بۆیە لەم رۆژەدا سوورم لەسەر ئەو دروشمە، كە بەر لە دوو ساڵ رامگەیاند و دەیڵێمەوە (پیاوبە توندوتیژیی بەرامبەر ژنان رابگرە)!.

لەبارەی خۆپیشاندانەكانی رۆژانی رابردووی سلێمانی و شارەكانی تر و برینداربوونی كچانی زانكۆ، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: ئەو شێرەكچانە لەبەر ئەوە بریندارنەبوون، كە كچن و ئەم بابەتە پەیوەندی بە توندوتیژیی دژی ژنانەوە نییە، بەڵكو لەبەرئەوە برینداربوون، كە خۆپیشاندەربوون، وتیشی: «كچانی زانكۆی سلێمانی سەلماندیان كە لەپێناوی داواكارییەكانیان هیچ جیاوازییەكان لەگەڵ كوڕانی زانكۆ نییە».

لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی سووكایەتیكردن بە ئاڵای پیرۆزی كوردستان، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: بەر لەوەی خوێندكارانی پێ تۆمەتبار بكەین و هێندەی تر تووڕەیان بكەین، دەبوو لە راستی و دروستیی ڤیدیۆكە بكۆڵینەوە، ئەمەش نەك تەنها بەسەر حكومەتدا، بەڵكو بەسەر پەرلەمانیشدا تێپەڕی، وتیشی: بچووكترین شت كە بتوانین ئێستا بیكەین، داوای لێبوردنە لە خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی و سەرجەم زانكۆكانی تر، كە لە خۆپیشاندانەكاندا لە ئێمەومانان زیاتر شانازییان بە ئاڵاكەیانەوە كردووە. بۆیە‌ داوای لێبووردنیان لێدە‌كە‌ین.

قوباد تاڵەبانی، بە ئامادەبووانی كۆنفرانسەكەی راگەیاند: ئێوە باش دەزانن باوەڕم بە مافی ژنان بەتایبەت و مەسەلەی یەكسانیی جێندەری هەیە و بۆی تێدەكۆشم، بەڵام پێویستە روانینی كۆمەڵگە بۆ ئەو پرسە هەستیارانە بگۆڕین كە رەگوڕیشەی مێژوویی و كەلتوریی داكوتاوە، ئەمەش پێویستی بە ئیرادەی سیاسی و كاری دەستەجەمعی هەیە، لەپێش هەمووشیانەوە بابەتی یەكسانیی جێندەری و نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا.

لەكۆتایی وتارەكەیدا، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، گرتنەبەری شێوازەكانی راهێنان و هۆشیاركردنەوەی بەگرنگزانی بۆ ئەو كەس و لایەنانەی كە پەیوەندیدارن بەم بابەتەوە، وتیشی: دەبێت لە شتە بچووكەكانەوە دەستپێبكەین، تا دەگاتە بابەتی كوشتنی ژنێك لەسەر شەرەف و بەدەنگی بەرز بە بكوژ بڵێین «هیچ شەرەفێك لە ژن كوشتندا نییە».

 558 جار بینراوە