سەرەکی » راپۆرت » کەرکوک، رێکارەکانی خۆپارێزی کۆرۆنا لە قوتابخانەکان وەک پێویست نییە

کەرکوک، رێکارەکانی خۆپارێزی کۆرۆنا لە قوتابخانەکان وەک پێویست نییە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

بروسك بڕوا قوتابیەكی پۆلی پێنجی ئامادەییە لە یەکێك لە خوێندنگەکانی شاری کەرکوک وەک هەر قوتابییەکی تر لەسەر ئەرکی خۆیان دەمامک و جێڵی تەعقیم دەکڕن و بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا بەکاریدەهێنن، بروسک دەڵێت، پێویست بوو لەسەر وەزارەتی پەروەردە کەرەستەکانی خۆپارێزی کۆرۆنای بۆ قوتابیان دابینبکردایە.
وتیشی، بەهۆی کۆرۆناوە ئاستی ئابووری خێزانەکان دابەزیوە و دابەشکردنی ماسک و جێڵی تەعقیم بەسەر قوتابیاندا لە قوتابخانەکان هاوکارێکی باش دەبوو بۆ باشتر جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی.

پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی نابن
سەرەڕای بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بەردەوام بۆ پابەندبوون بە رێکارەکانی خۆپارێزی، بەڵام قوتابیان وەک پێویست پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی نابن و تا خوێندکارێک دەبینیت لە کاتی چوون بۆ قوتابخانە و لەناو پۆل و لە کاتی هاتنەوەی دەمامکی بەستووە چەندین خوێندکاری تر دەبینیت دەمامکیان بەکار نەهێناوە، کە بەشێکی هۆکارەکە بۆ ئیهمالی دایک و باوکان دەگەڕێتەوە لەگەڵ ئەوەی لەسەر مامۆستایان و بەرپرسانی هەر قوتابخانەیەک پێویستە بە بەردەوامی هانی قوتابیان بدەن بۆ بەستنی دەمامک کە سەرەتایترین رێکارە بۆ خۆپارێزی لە توشبوون بە کۆرۆنا.

چاودێری قوتابخانەکان دەکرێت
سامان یابە عەلی بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لەگەڵ كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان، فەرمانگەی تەندروستی كەركوك تیمیكی تەندروستی پێکهێناوە لە پزیشكی پسپۆر، كارمەندی تەندروستی، رۆژانە چاودێری قوتابخانە و زانكۆ و سەرجەم بوارەكانی پەروەردە دەكەن.
وتیشی: رێنمایی تەندروستی بە سەرجەم قوتابخانەكان دراوە كە نابێت بەهیچ شێوەیەك قەرەباڵغی دروستبكەن و دەبێت رێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێبكەن، وەكو بەستنی ماسك و بەكارهێنانی پاكژكەرەوەی پزیشكی، هەروەها دەبێت هەفتانە دوو رۆژ دەوام بكرێت لە زانكۆ و پەیمانگەكان، سەبارەت بە تاقیكردنەوەكانیش دەبێت لە هۆڵەكان بکرێت و نێوان كەسێك بۆ كەسێكی دیكە مەترێك زیاتر بێت.
هاوکات پەروین فاتیح بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری لە پەروەردەی كەركوك( بەشی كوردی)، بە كوردستانی نوێی راگەیاند، مامۆستایان و کارمەندانی قوتابخانەکانیان ئاگادارکردووەتەوە کە ڤاکسینی دژی کۆرۆنا وەربگرن و رێنماییەكانی خۆپارێزی و ژینگە پارێزی جێبەجێبكەن ئەویش لە رێگەی بەشەكانی پەروەردەوە لە قوتابخانەكان و دەستەو پۆلی رێنمایمان داناوە و بەسەر قوتابخانەكاندا دەگەڕێن، هەروەها كەرەستەی پاكژكردنەوەشمان كردووە بە مەرج كە دەبێت لە قوتابخانەكان بەكاربهێنرێت.
وتیشی: جگە لەوە دەستكراوە بە سازدانی كۆڕ و سمیناری تایبەت بە رێنماییەكانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا و وەك خوێندنی كوردی لە هەوڵی ئەوەداین بنكەیەكی تەندروستی تایبەت تەرخانبكەین بۆ مامۆستایانی پەروەردەی خوێندنی كوردی بۆ ئەوەی مامۆستایان پێكوتەی ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن.

رۆژانە 50 بۆ 60 كەس تووشی كۆرۆنا دەبن
سەبارەت بە ئاماری تووشبووانی كۆرۆنا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی كەركوك ئاماژەی بەوەشدا و وتی، رۆژانە لە نێوان 50 بۆ 60 كەس تووشی پەتای كۆرۆنا دەبن و رۆژانەش نزیكەی 70 كەس لە پەتاكە چاك دەبنەوە، هەروەها رۆژانەش نزیكەی دوو تا شەش كەس بە کۆرۆنا کۆچی دوای دەکەن و تا ئێستا نزیكەی 300 هەزار پێكوتەی ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە.
بەپێی ئامارەكانی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆناوە لە شاری كەركوك تائێستا 73 هەزار و 4747 کەس تووشی کۆرۆنا بوون بەشێكی زۆریان چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە و چاكبوونەتەوە و ژمارەیەکیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

 394 جار بینراوە