سەرەکی » ئاراستە » شەوچەرە لە گوندەكاندا

شەوچەرە لە گوندەكاندا

ئا/ پشتیوان محەمەد

لە رابردوودا دوور لە پێشكەوتن و تەكنۆلۆژیا و تەلەفزیۆن، شەوانەی زستان بە تایبەتی لە گوندەكاندا بە شەوچەرە و چیرۆكی بەر ئاگردان بەڕێدەكرا. لە سەدەكانی رابردوودا شەوچەرە یەكێك بووە لەو تایبەتمەندییانەی كە پاشا و سوڵتانەكان گرنگییان پێدەدا، بەتایبەتی لە شەوانی سەختی زستاندا، هەرچی شاعیر و نوكتەچی و مەتەڵزان و چیرۆك زان و قسە خۆش هەبووە، لە ماڵی پاشاکاندا كۆكراونەتەوە و هەریەكە بە پێی توانای خۆی ئامادەبووانی دانیشتنەكانیان دڵخۆش کردووە، بەتایبەتی پاشا، چونكە رۆژانە بەهۆی كێشەی ناوخۆیی و دەرەكییەكانەوە زۆرجار بێتاقەت و خەمبار بووە، ئەو جۆرە دانیشتنانەیان رێكخستووە تا فەرمانڕەوا بەهێزتربێت و بتوانێت بڕیاری دروست بدات و بەسەر گرفت و پلانگێڕییەكاندا زاڵ بێت، هاوكات كاتێكی پڕ لە خۆشی و شادی بەڕێ بكات.

هەڵبەت چیرۆكزانەكان توانیویانە لە رێی چیرۆكەكانیانەوە ئامۆژگاریی باشی پاشاکان بكەن و هانی بدەن كۆڵنەدات، پاش گوێبیستبوونی چیرۆكەكە، پاشاکان دەیانتوانی بێخەم بحەسێنەوە و بۆ رۆژانی دواتر لە كار و بڕیارەكانیاندا سەركەوتووبن، چونكە چیرۆكزانەكان راستەوخۆ نەیانتوانیووە ئامۆژگاریی پاشاكان بكەن، یان بەهۆی رێز و خۆشەویستییەوە بووە، بۆیە بەشێوەی چیرۆك توانیویانە ئامۆژگارییان بكەن، هەرچەندە زۆرجار پاشاکان لە مەبەستی چیرۆكەكان تێگەشتوون، بەڵام لەبەرئەوەی بیرۆكە و رێنیشاندەری پاشا بووە، خەڵاتی چیرۆكزانەكان كراوە و لەلای خۆیان هێشتویاننەتەوە تا بەردەوام لەرێی چیرۆكەكانیانەوە ئاماژگارییان بكەن بۆ كاری چاكە.

بەپێی تێپەڕبوونی كات ئەم شەوچەرەیە هاتۆتە ناو دیوەخانەكانی ئاغا و كوێخا و سەرۆكی عەشیرەتەكانەوە، تەنانەت گەیشتۆتە خەڵكی ئاسایی و لە فەرمانڕەواكان دووركەوتۆتەوە، واتا خەڵكە ئاساییەكەش توانیویانە شەوانە بەو رێگەیە خۆیان دڵخۆش بكەن، بەتایبەتی لەناو گوندنشینەكاندا گرنگی تایبەتی پێدراوە و ئێستاش زۆربەی گوندەكانی كوردستان شەوانی زستان بە شەوچەرە بەڕێدەكەن و بەرپرسانیش بەدوور نین لە شەوچەرەی تایبەتی كوردەواری.

شەوچەرە چییە؟
شەوچەرە كۆكراوەی تەواوی ئەو بەرهەمە خۆماڵییانەیە كە جوتیاران لە وەرزەكانی ساڵدا كۆیان كردۆتەوە لە بەرهەمە شیرەمەنییەكانی وەك دۆینە و كەشك، لە بەرهەمی رووەكیدا وەكو بەڕوو و هەنجیری وشككراو و (برێشكە) واتا نۆك و گەنمی برژاو و بادەم و گوێز و گوڵەبەڕۆژە و چەرەسات و گۆیژ و دۆشاوی ترێ و دۆشاوی توو و مێوژ و بەرهەمی دیكە وەكو هەنار و هەرمێ و چەندین جۆری دیكە.

شەوچەرە چۆن دەخورێت؟
هەرچەندە ئێستا بابەتی شەوچەرە بەهۆی زیادبوونی كێش وەك پێویست لە شاردا گرنگی پێنادرێت، بەڵام وەكو داب و نەریتێكی كوردەواری، زیاتر لە گوندەكاندا زیندوودەكرێتەوە، چونكە ژیانی سادە و دوور لە پێشكەوتن تایبەتە بە گوندنیشینان و هەر ئەوانیش خۆیان بە خاوەنی دەزانن.

ئێستا کە لە ناوەڕاستی پایزداین و بەرەو وەرزی زستان و درێژبوونی شەو دەچین، دانیشتوانی گوندەكان جیاواز لەگەڵ دانیشتوانی شارەكان كاتەكانیان بەسەر دەبەن و بە دوورن لە بەكارهێنانی ئامێرە زیرەكەكان، شەوانە لەگەڵ دانیشتنەكانیاندا، چەندین یاری كوردەواریی زیندوو دەكەنەوە و تادرەنگانێكی شەو بەردەوام دەبن بۆ بەڕێكردنی شەوە سارد و درێژەكانی زستان.

لەكاتی بەڕێكردنی شەوێكی زستاندا، چەندین جۆر یاری تێدا دەكرێت، لەوانە: كڵاوێن كە یارییەكی تایبەتی كوردەوارییە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین جۆری دیكەی یاری دەکرێت و بەوەش تا درەنگانێكی شەو بەردەوام دەبن، لەو كاتەدا خاوەن ماڵ هەر جۆرە بەرهەمێكیان هەبێت پێشكەشی ئامادەبووانی دەكات و لەگەڵ یارییەكاندا دەست بە خواردنی دەكەن، ئەوەش روونە لە سەردەمی رابردوودا تەنها مێوژ و دۆینە و كەشك و خورما و بەڕوو و گۆیژ و گوڵەبەڕۆژە هەبووە، دواتر بادەم و گوێز و چەرەسات و چەندین بەرهەمی دیكە كراوە بە شەوچەرە، ئەوەشمان بیرنەچێت گوڵەبەڕۆژە یەكێكە لە گرنگترین جۆرەكانی شەوچەرە و رۆڵی باشی هەیە لە رەواندنەوەی خەم و رازاندنەوەی شەوچەرە لە گوندەكاندا، سەرباری ئەوانەش ئێستا گوڵەبەڕۆژە بۆتە پێویستییەكی هەمیشەیی ناوماڵ، لەگەڵ چادا پێیان دەوترێت گوڵی مەجلیس.

ئەوانەی حەز بە یاری ناكەن چی دەكەن؟
زۆرجار هەندێك لە ئامادەبووان حەزبە یارییەكان ناكەن، لە سوچێكی ماڵەكەوە نوكتە و قسەی خۆش و مەتەڵ دەست پێدەكەن، بەتایبەتی مەتەڵ كاتێك وتراوە كەم كەس توانیویەتی لەو كاتەدا وەڵامی دروستی بۆی هەبێت و زانیبێتی، جاری وا هەبووە بۆ مەتەڵێك هەفتەیەك دیاریكراوە تا واتاكەی بزانرێت، ئەمەش بۆخۆی جوانییەكی تری ئەو دانیشتنانە بووە.

بەشێكی تری شەوچەرە بریتی بووە لە وتنی گۆرانی و مەقام، لەكاتێكدا مەتەڵێك یان قسەیەكی خۆش دەكرا بەدوایدا، زۆرجار یارییەكان رادەگیران و هەموویان گوێیان لە گۆرانییەكە گرتووە.
بەگشتی شەوانی شەوچەرە جگە لە خواردنی بەرهەمە خۆماڵییەكان، یاریكردن و قسەی خۆش و نوكتە و مەتەڵ و شیعر و چیرۆكی تێدا دەوترێت.

رۆڵی ژنان لە شەوانی شەوچەرەدا
پاش ئامادەكردنی چا و بەرهەمە خۆماڵییەكان و پێشكەشكردنی بە ئامادەبووان، خانمانیش لە سوچێكی ماڵەكەدا بەدەم كاری چنین، گوێبیستی دەیان چیرۆك دەبن، ئەمەش دیوێكی جوانتری بەو دانیشتنانە بەخشیووە، هاوكات لە رووی كۆمەڵایەتییەوە خزم و كەسوكاری یەكتر كۆبوونەتەوە و کە لێیەوە پەیمانی نوێی خزمایەتی بۆ یەكتر دووپات كراوەتەوە.

شەوچەرە بەهۆی پێشكەوتنەكان و تاڕادەیەک بەرزیی ئاستی بژێوی هەر تاكێكەوە كۆمەڵێك گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، بەڵام تا رادەیەك ئێستا لەهەر شوێنێك ئەو كەلتورە زیندوبكرێتەوە، هەمان چێژی رابردووی هەیە، چونكە ئێستا لە زۆربەی گوندەكاندا كارەبا هەیە و بەرهەمە خۆماڵییەكانیش زیادیكردووە و هەموو كەسێك دەتوانێت بەشی خۆی دەست بكەوێت لەو بەرهەمە خۆماڵییانەی ئارەزووی دەكەن.

 154 جار بینراوە