سەرەکی » وتار » داعش بە تاكتیكی نوێوە هێرش دەكات

داعش بە تاكتیكی نوێوە هێرش دەكات

كاردۆ عوسمان هەورامی

چەكدارانی گروپی تیرۆریستی داعش، لە هێرشی ناو بەناوەوە، ئێستا هێرشەكانیان بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە زیادی كردووە، كە بەداخەوە شەهید و بریندارەكان لە چاو قەبارەی هێرشەكە زیاترە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە داعش تەكتیكی نوێ بۆ هێرشەكانی بەكاردەهێنێت، بە شێوەیەك لە یەك كاتدا دوو هێرش دەکات و لە هێرشی دووەمدا قوربانی زیاتر دەبێت.

چەكدارانی داعش لە ماوەی هەفتەیەكدا، چوار هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە ئەنجامدا بیست شەهید و نۆ برینداری لێكەوتەوە، كە ئەمەش جێگەی هەڵوێستە لەسەر كردنە، چونكە زۆریی ژمارەی قوربانیەكانمان، پانتایی ئەو بۆشاییە ئەمنییەمان بۆ دەردەخات كە لە هێزەکاندا هەیە، كە ئەو بۆشاییەش خۆی لە سێ خاڵی سەرەكی دەبینێتەوە، كە ئەمانەن:

یەكەم: دیارە هێزی پێشمەرگە ئامادە سازییان بۆ هێرشەكان نەكردووە، یان زانیارییان نەبووە كە داعش لە هەر كاتێكدا بێت هێرش دەكات، بۆیە بێخەم لە سەنگەرەكان دەمێننەوە و كاتێك چەكدارەكان هێرش دەكەن، یاخود کە دەیانبینن بە راوچییان تێدەگەن.

دووەم: هەندێک وای شرۆڤە دەکەن، ئەوەی قوربانییەكانی هێرشەكەی زیاد كردووە، نەبوونی كەرەستەی سەربازیی پێویستە لەبەردەستی هێزەكانی پێشمەرگە، كە خۆی لە نەبوونی چەكی كاریگەر و ئۆتۆمبێلی درعی دژە بۆمب و كامێرای حەراری دەبینێتەوە.

سێیەم: ئەوەی هێرش دەكات، دیار نییە لە كوێوە هێرش دەكات، تەنانەت گومان هەیە كە هەموویان چەكداری داعش بن، بەڵام با گریمانەی چەكدارانی داعش دابنێین، لە بنەڕەتدا كێ هێرشەكە دەکات، ئەوە پێویستی بە لێكۆڵینەوەیە، بەڵام قسەی ئێمە لەسەر شێواز و تەكتیكی هێرشەكەیە، كە داعش هێرش دەكەن، پاشان بۆمب یان بۆسە دادەنێن، كە ئەمەش دەكاتە دوو هێرش لەیەك كاتدا، كە هێرشی دووەم قەبارەی زیانە گیانییەكانی زیاترە، لەم كاتەدا كە داعش ئەم تەكتیكە بەكاردەهێنێت، پێویستە هێزەكانی پێشمەرگە بیر لە هێرشی دووەم بكەنەوە، كە ئەویش یان بۆسە دانانە یان دانانی بۆمبە، لەم كاتەدا گرنگە بە ئۆتۆمبێلی گوللە نەبڕ و دژە تانك بچن بە دەم ئەو هێزەی هێرشی كراوەتە سەر، هەروەها خۆشیان بۆ بۆسە ئامادە بكەن و بە چەكی پێشكەوتووی كاریگەرەوە خۆیان بۆ ئەو پێشهاتە و پێشهاتەكانی دیكە ئامادە بكەن.

گرنگە لەگەڵ باس كردنی چۆنێتی روبەڕووبوونەوەی هێرشەكان، ئاماژە بە بنبڕكردنی هێرشەكانیش بدرێت، كە ئەمەش لە رێگەی كاری هەواڵگری و دۆزینەوە مۆڵگەكانی چەكدارەكان دەبێت، بۆ ئەوەی پێش هێرش كردن هێرشیان بكرێتە سەر، ئەمە جگە لەوەی پێویستی بە هەماهەنگی نێوان هێزەكانی سوپای عیراق و پێشمەرگە دەبێت، هاوكات هێزەكانی هاوپەیمانانیش دژ بە جووڵەی چەكدارەكان دەست بە جووڵە بكەنەوە، جارێكی دیكە لە رێگەی هێرشی ئاسمانی و راوێژكارییەوە بەر بە هێرشی چەكدارانی داعش بگرن.

 139 جار بینراوە