سەرەکی » مانشێت » ״یەكەم كۆبوونەوەی خولی نوێی نوێنەران چاوەڕێی دوابڕیاری دادگای فیدراڵییە״

ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی كۆدەبێتەوە

״یەكەم كۆبوونەوەی خولی نوێی نوێنەران چاوەڕێی دوابڕیاری دادگای فیدراڵییە״

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە دادگای باڵای فیدراڵی كۆببێتەوە و بڕیاری كۆتایی بدات لەبارەی تانەكانی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە كە رۆژی 10/10/2021، بەڕێوەچوو، بەپێی لێدوانی كاندیدێكی سەركەوتوو بۆ خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانیش «یەكەم كۆبوونەوەی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران، چاوەڕێی دوابڕیاری دادگای فیدراڵییە».

كاتی یەكەم كۆبوونەوە دیاری دەكرێت
دكتۆر گەیلان قادر كاندیدی سەركەوتوو بۆ خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: چاوەڕوان دەكرێت دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند بكات، «دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە رۆژێك بۆ یەكەم كۆبوونەوەی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران بە سەرۆكایەتیی بەتەمەنترین ئەندام دیاری دەكرێت، دواتر كۆبوونەوەكە بەكراوەیی دەمێنێتەوە تا ئەوكاتەی لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەت و دیاریكردنی کاندید بۆ پۆستە باڵاكان رێكدەكەون»، وتیشی: بەر لە پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، چەند رۆژێكە گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق دەستیپێكردووە».

״پێویستە كورد بە یەكڕیزیی‌ و بەرنامەیەكی هاوبەشەوە بچێتە بەغدا״
هەروەها شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بۆئەوەی لە حكومەتی داهاتووی عیراقدا زامنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بكرێت، پێویستە لایەنە كوردستانییەكان گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ ئەو لایەنانەدا بكەن كە ئامادەن داواكارییەكانی هەرێم جێبەجێبكەن، «پێویستە كورد بە یەكڕیزیی و بەرنامەیەكی هاوبەشەوە بچێتە بەغدا».

 761 جار بینراوە