سەرەکی » ئابووری » پێكهێنانی حكومەت، دەرفەتی رێكەوتنی هەرێم و بەغدا زیاتر دەكات

داوایەك ئاراستەی لایەنە كوردستانییەكان دەكرێت

پێكهێنانی حكومەت، دەرفەتی رێكەوتنی هەرێم و بەغدا زیاتر دەكات

راپۆرتی: تەها عەبدوڵڵا – هەولێر

ئەندامێكی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت: راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و دەستپێكردنی گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، دەرفەتێك دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

ئاماژە بەوەشدەكات: پێویستە كورد لەم قۆناغەدا پێداگری لەسەر مافە دەستوورییەكانی بكات، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە ناوچە دابڕاوەكان و بودجەی هەرێم و مافەكانی پێشمەرگەوە هەیە.

بە یەكڕیزی و بەرنامەیەكی هاوبەشەوە
شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: قۆناغەكانی دوای هەڵبژاردن و گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەكان، دەرفەتێك دەبێت تا كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكرێت و كۆتایی بەو ململانێیە بهێنرێت كە چەندین ساڵە لەنێوان هەردوولادا هەیە.

وتیشی: «بۆئەوەی لە حكومەتی داهاتووی عیراق زامنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بكرێت، پێویستە لایەنە كوردستانییەكان گفتوگۆ لەگەڵ ئەو لایەنانەدا بكەن كە ئامادەن داواكارییەكانی هەرێم جێبەجێ بكەن.

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشوو، جگە لەوە پێویستە كورد بە یەكڕیزی و بەرنامەیەكی هاوبەشەوە بچێتەوە بەغدا و بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندیی حزبییەوە.

ئاسانتر تێپەڕێنرێت و كەمتر رێگری لێبكرێت
ئەوەشی خستەڕوو: هەر رێكەوتنێكی پێشوەختە بۆ پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ لایەنە عیراقییەكاندا، وادەكات لەكاتی پەسەندكردنی هەر پڕۆژەیاسایەكدا، لە نێویاندا پڕۆژەیاسای بودجە و ئەو یاسایانەی پەیوەندیی بە مافە دەستورییەكانی خەڵكی كوردستانەوە هەیە، بە ئاسانتر تێپەڕێنرێت و كەمتر رێگری لێبكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد: چارەسەركردنی كێشەی ناوچە دابڕێنراوەكان و یەكلاكردنەوەی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عیراق و پرسی نەوت و غاز و پێشمەرگە، لە گرنگترین ئەو دۆسێیانەن كە پێویستە هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عیراق و لایەنەكانی بەشداربوو لە پڕۆسەی سیاسی یەكلاییان بكاتەوە.

جێگەی ئاماژە بۆ كردنە، تائێستا پرسی بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان لەنێوان هەرێم و بەغدا بە ریشەیی چارەسەر نەكراوە و چاوەڕوان دەكرێت لە دوای پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق و دەستپێكردنی كۆبوونەوەكانی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران، پڕۆژەیاسای بودجەی 2022ی عیراق كاری یەكەمی حكومەت و نوێنەران بێت. بۆیە داوا لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم دەكرێت، ئەو پرسە مەرجی پێشوەختیان بێت لە گفتوگۆكانیان لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان بەمەبەستی بەشداریكردنیان لە حكومەتی داهاتوودا.

 101 جار بینراوە