سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » ئه‌م رۆژگاره‌ و رۆمانی دێو به‌همه‌ن

ئه‌م رۆژگاره‌ و رۆمانی دێو به‌همه‌ن

گوڵزار حه‌مه‌ فه‌ره‌ج

یه‌كه‌م سه‌رنجم بۆ رۆمانی‌ دێو به‌همه‌ن قاڵبوونه‌وه‌ی‌ نووسه‌ره‌كه‌یه‌تی‌ له‌ بابه‌تی رۆمانه‌كه‌ی كه‌ ئه‌ندێشه‌ و خه‌یاڵی ته‌نیوه‌ و له‌گه‌ڵیدا ژیاوه‌، روونتر بڵێم ئه‌گه‌ر نووسه‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌ هزر و رۆحیدایه‌ و نه‌چێته‌ رۆح و قووڵایی بابه‌ته‌كه‌ و له‌گه‌ڵیدا نه‌ژیابێت، سه‌د ده‌ر سه‌د ناتوانێ‌ بیخاته‌ ناو دڵی خوێنه‌ره‌وه‌.
گه‌رچی‌ ئه‌وه‌ رۆژگاری‌ هه‌موو تاكێكی‌ كورد بووه‌ و ئێمه‌ی‌ كورد كه‌ پاشماوه‌ی چه‌ندین جه‌نگین ئه‌گه‌ر هی خۆمان بێت یان ده‌وروبه‌ر, هیچ به‌ دووری‌ نازانین له‌و شه‌ڕ و ماڵوێرانیانه‌دا قوربانی‌ زۆری‌ لێبكه‌وێته‌وه‌ و بێتاوان گوێی لێ نه‌گیرێت، كورد وته‌نی‌ ته‌ڕ و وشك پێكه‌وه‌ ده‌سووتێن. كه‌ ئاگریش كه‌وته‌وه‌ هه‌موولایه‌ك پزیسكی‌ ئاگره‌كه‌ی‌ به‌رده‌كه‌وێت. ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌ك له‌ماڵی خۆشی دانیشتبێ و ئاگادارنه‌بێ، بێگومان ئاژاوه‌ و نه‌هامه‌تییه‌كه‌ بۆ كۆی دانیشتووانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌بێت كه‌ شه‌ڕه‌كه‌ ملی‌ لێناوه‌.
نووسه‌ر له‌م رۆمانه‌دا رۆده‌چێته‌ ناو قووڵایی‌ نه‌هامه‌تی‌ و هه‌موو گۆشه‌ نیگا و روئیاكان شرۆڤه‌ ده‌كات و لایه‌نه‌ باشه‌كان و خراپه‌كان و ماڵوێرانكاریه‌كان یه‌كاڵاده‌كاته‌وه‌ بۆ تێگه‌یاندنی‌ خوێنه‌ر، زۆر به‌وردی‌ گوزارشت له‌و رۆژگاره‌ ده‌كات.
بێگومان بۆ ده‌ربڕینی‌ ئه‌و ئاسته‌نگ و ناڕه‌حه‌تیانه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌، نووسه‌ر په‌نا ده‌بات بۆ دنیای خه‌یاڵات و فه‌نتازیا بۆ زیاتر شیكردنه‌وه‌ی‌ تراژیدیا و ئه‌و چه‌مكه‌ نه‌خوازراوانه‌ی‌ كه‌ له‌و كاته‌دا روویانداوه‌، گێڕانه‌وه‌ی‌ رۆمانه‌كه‌ وه‌ك هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌كانی‌ كورد باسی لێوه‌ ده‌كات و له‌ هه‌مانكاتیشدا وه‌ك به‌رچاو روونیه‌ك و چۆنێتی‌ هه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ كۆسپ و له‌مپه‌ڕه‌كان كه‌ دێنه‌ پێشت له‌ ژیاندا، مه‌سه‌له‌یه‌كی تر كه‌ رۆمانه‌كه‌ باسی ده‌كات هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ هاوڕێیه‌ له‌ هه‌موو كاتێكدا، هه‌م چێژ و هه‌م روونكردنه‌وه‌ی قووڵ ده‌دات به‌خوێنه‌ر، نووسه‌ر ژان و برینی‌ رۆژگار ده‌رده‌خات، كه‌ هه‌ست ده‌كات به‌ره‌و بێزاری‌ ده‌ڕۆیت تێهه‌ڵكێشت ده‌كاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆشییه‌كانی‌ ژیان، به‌جۆرێكی‌ تر بڵێم ئه‌و ماوه‌یه‌ی‌ له‌گه‌ڵیدا ده‌ژیت، هه‌مان هه‌ستی‌ نووسه‌رت لا دروست ده‌بێت.
به‌ خه‌مه‌كانی‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌بێت فرمێسك له‌ناو چاوانتا قه‌تیس ده‌مێنێت و به‌خۆشیه‌كانی‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ و به‌ چاوه‌ڕوانییه‌كانی‌ نێو زیندانی‌ كاتی‌ له‌گه‌ڵدا ده‌ژمێریت و بۆ رێگه‌چاره‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێیت له‌گه‌ڵی.
ره‌وانبێژیی و ورد گێڕانه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كان دوو هۆكارن بۆ جوانی رۆمانه‌كه‌، كاتێ خوێنه‌ر چاو به‌ كتێبێكدا ده‌خشێنێت، مه‌به‌ستێتی‌ له‌ كرۆكی‌ بابه‌ته‌كه‌ تێبگات و تێگه‌یشتنی‌ ته‌واوی‌ هه‌بێت بۆی دوای‌ ته‌واوبوونی‌، ده‌بێ ئه‌و كتێبه‌ وه‌ك چاوساغێك ده‌ستت بگرێت و له‌ پردێك بت په‌ڕێنێته‌وه‌ و ئه‌و بۆچوونانه‌ی‌ كه‌ بووه‌ به‌ گرێكوێره‌ به‌ ئاسانی‌ بیداته‌ ده‌ستت و كاریگه‌ری‌ هه‌بێت و رۆبچێته‌ نێو هزر و ده‌ماغی‌ خوێنه‌ره‌وه‌.
رۆمانی‌ دێو به‌همه‌ن رێگه‌ت نیشانده‌دات و جه‌ختیشی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌ كه‌ لێك تێگه‌یشتن و یه‌كتر قبووڵكردن كلیلی‌ چاره‌سه‌ری هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌كانه‌، گه‌رجی حه‌قیقه‌تی ره‌ها لای كه‌س نیه‌ به‌ڵام لێبوورده‌ی‌ی ئامانجی‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بێت له‌ كۆتاییدا براوه‌ی‌ ژیانه‌، ئێمه‌ی‌ كورد میلله‌تێكی‌ گه‌وره‌ین و زۆر له‌ كۆنه‌وه‌ بوونمان سه‌لمێنراوه‌، به‌ڵام هه‌ر به‌ كه‌مینه‌ ناسراوین و رووبه‌ڕوی‌ شه‌ڕی‌ له‌ناوچوون بووینه‌ته‌وه‌ و هه‌وڵی‌ زۆر دراوه‌ بۆ له‌ناو بردنمان، چیرۆكی هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نمان هه‌موو كات سه‌ختی ژیانمان به‌یانده‌كات.
هه‌نگاونان بۆ قوتاربوون له‌ كۆی كێشه‌كان و ئامانجی‌ پێكه‌وه‌ ژیان، یه‌كترقبووڵكردن گه‌رچی‌ له‌ناو خۆی خۆشماندابێت یان ده‌وروبه‌ر پێویستییه‌كی‌ حه‌تمیه‌ و ده‌بێت هه‌بێت.
پێش ئه‌وه‌ی‌ خاڵی كۆتایی له‌سه‌ر ئه‌م نووسینه‌م دا بنێم، له‌ هه‌گبه‌ی‌ ئه‌م رۆمانه‌دا ئاماژه‌ی‌ پێده‌دات و به‌ هه‌ند وه‌ریده‌گرین كه‌ ژیان وه‌ك شه‌مه‌نده‌فه‌رێك وایه‌ گه‌رچی شۆفێره‌كه‌ی‌ سه‌ركێش بێت یان هێمن هه‌رچه‌ندیش رێبكات و وێستگه‌گان بپه‌ڕێنێت له‌ كۆتاییدا هه‌ر ده‌بێت بوه‌ستێت له‌ وێستگه‌یه‌ك، كه‌ ئه‌ویش وێستگه‌ی‌ ئاشتی‌ و پێكه‌وه‌ ژیانه‌.

print

 25 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*