سەرەکی » راپۆرت » کتێبخانەی ماڵەوە گەنجینەیەکی گرنگە بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی کتێب

کتێبخانەی ماڵەوە گەنجینەیەکی گرنگە بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی کتێب

كەركوك، هێمن ئەحمەد

كتێب و كتێبخانە رۆڵێكی گەورەیان لە رۆشنبیرکردنی كۆمەڵگەدا هەیە، دوورو نزیك تاكەكانی كۆمەڵگە و وڵات و لایەنە پەیوەندیدارەكان بایەخی تایبەتی پێدەدەن جا کتێبخانە گشتییەکان یان کتێبخانەی ناو ماڵەکان بێت.
هەندێکجار کتێبخانەکانی ماڵەوە دەبنە سەرچاوەیەکی گرنگی مێژوویی و دەبێتە پاشخانێکی گرنگ و پارێزراو بۆ نووسەران و سەرچاوەی دەگمەن لە کتێبخانەکانی ماڵێک و تاکەکەسێکدا دەدۆزنەوە.

كتێب و پەروەردەی منداڵ
کتێبخانەی ماڵەوە و ئەو کتێبانەی تیایدان یارمەتیدەرن منداڵێکی رۆشنبیری پێ پەروەردە بکرێت، سمكۆ بەهرۆز نووسەرو مێژوونوس، بۆ کوردستانی نوێ وتی: هەر لەوكاتەی لە قوتابخانەی سەرەتایی بووە و باوكی وەكو كەسێكی رۆشنبیر هەموو دەم هەوڵیداوە گۆڤار و چیرۆكی منداڵانی بۆ بكڕێت بە تایبەتی گۆڤاری ئەستێرە، كە لەو سەردەمانەدا چەند ژمارەیەكی لێی دەرچووە، هەروەها لە قوتابخانەش شاعیرو مامۆستاكەی ئیسماعیل رۆژبەیانی رۆڵی بینیووە لە یارمەتیدانی و خۆشەویستی بۆ كتێب و دروستكردنی كتێبخانە. وتیشی، ئەو دەمەی لە قوتابخانەی نالی بوین كتێبخانەیەكی گەورەی بۆ قوتابییەكانی دروستكردبوو كە هەموو جۆرە كتێبێكی تێدا بوو، كە بەبیریەتی لە خوێندنەوەی كتێبی (خانزادو لەشكری)ی چێژێكی زۆری بینیوە و لەكاتی گێڕانەوەی كتێبەكە لە قوتابخانە خەڵاتی پێبەخشراوە كە تائێستا شانازیی پێوە دەكات و ئەمە کردوویەتی بەم نووسەر و مێژوو نووسەی ئێستا.

ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی رۆژگارو خۆشەویستی بۆ كتێب ئێستا كتێبخانەیەكی گەورەی لە ماڵەوە هەیە کە نزیكەی حەوت هەزار كتێبی تێدایە و گەلێك رۆژنامە و گۆڤاری پاراستووە و هەڵیگرتوون، هەر ئەوە بووە بەرهەمی نووسینی پانزە كتێبی لەسەر كەركوك.

رۆڵی کتێبخانەی ماڵەوە
كتێبخانەی ماڵەوە دەبێت بەکاربهێنرێت و تەنها وەکو دیکۆر لە ماڵەکاندا نەبێت، جوامێر كەریمی تەمەن 30 ساڵ، دانیشتووی گەڕەكی رەحیماوای شاری كەركوك، بۆ کوردستانی نوێ وتی لە رووی مادیەوە توانای كڕینی كتێبم نییە، بۆیە لە ژمارەیەكی كەم و كتێبخانەیەكی بچووك زیاتر ناتوانم كتێب كۆ بكەمەوە، وتیشی، هەندێک كەس هەیە تەنها بۆ رووكەش كتێبخانە لە ماڵەکانیاندا دەكەنەوە و كۆمەڵێك كتێبی تێدەكەن کە ناشی خوێندنەوە و لە رووی رۆشنبیریشەوە هیچ توانایەكیان نییە و دەستەوەستانن لە گفتوگۆكردندا دەربارەی ناوەڕۆكی كتێب و كتێبخانەی ماڵەكانیان.

کۆکردنەوەی کتێب
محەمەد خدر نووسەر و شانۆكارە و بە نەتەوە عەرەبە، لەسەر كتێبخانەی نێو ماڵان بۆ كوردستانی نوێ دەڵێت، لە رووی پیشەییەوە خاوەن كتێبخانەم لە بازاڕ، لە ماڵەوەش كتێبخانەیەكی بەرچاو و دەگمەنم هەیە، نزیكەی دوو هەزار كتێبی تێدایە بە زمانی عەرەبی، زۆربەیان تایبەتن لەبواری نووسینی شانۆیی و دەقە جیهانییەكان. كتێبخانەی ماڵان گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و پێویستە بایەخی پێبدرێت و گەنجینەیەکی گرنگە بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی کتێب.

زایەر شكور خاوەن كتێبخانەی دیالۆگە لە كەركوك، بۆ كوردستانی نوێ وتی، كتێبخانەیەكی گرنگم هەیە و كۆمەڵیك كتێبی عەرەبی و كوردی و ئینگلیزی تێدایە و زۆربەیانم خوێندووەتەوە، وتیشی ماوە ماوە ئەو كێتبانەی لێم زیاد دەبێت بەشێكی دەبەخشم بە هاوڕێیانم، چونكە كتێبخانەی ماڵان پێویستی بە خزمەت و پاكردنەوە و پۆلینكردن هەیە، بەهۆی هەڵکشانی تەمەنم هەندێكجار ناتوانم وەك پێویست خزمەتی بكەم، بۆیە هەوڵدەدەم زیاتر ئەو كتێبانە بهێڵمەوە كە بایەخی خۆی هەیە.

رۆشنبیری لەسەر بنیاد دەنرێت
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، دانانی کتێبخانە لەماڵەوە ئەركێکی قورسە و وەك منداڵێكی ساوا پێویستی بە گرنگی پێدانە بۆ ئەوەی بتوانیت بەشێوەیەكی گونجاو كتێبەكان پۆلێن بکرێت بەپێی بابەت و نووسەر، چونکە هەر کتێبخانەی ماڵەوەیە رۆشنبیری خێزانێکی لەسەر بنیادنراوە.

نێت جێگەی کتێبخانە ناگرێتەوە
زۆر جار دەوترێ رێزی کتێب لای جیلەکانی پێشووە و نێت و سۆشیال میدیا جێگەی کتێبیان گرتۆتەوە، هونەرمەندی شانۆكار سیروان بێلانە، بۆ كوردستانی نوێ دەڵێت، رێزگرتنی كتێب و كتێبخانەی ناو ماڵان نرخی لای جیلی هەشتاكان و نەوەدەكانە، چونكە ئێمە لە نرخی كتێب و كتێبخانە و خوێندنەوە دەزانین ئێمە زیاتر دەمانخوێندەوە، چونكە تەنها هۆكار بۆ خۆڕۆشنبیركردن خوێندنەوە بوو، بەڵام ئێستا سۆشیال میدیا شوێنی كتێب و خوێندنەوەی گرتوەتەوە بەتایبەت جیلی ئێستا زۆر سوودی لێ دەبینن. بەڵام ئێمە تا ئێستاش خوێندنەوەی كتێبمان لا خۆشترە، چونكە ئارامیمان پێدەبەخشێت، بۆیە دەڵێم كتێب و كتێبخانە یەك لە گرنگییەكانی ناوماڵە وەک كەلوپەلەكانی ترو بگرە زیاتریش.

 83 جار بینراوە