سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » ״دەستوور؛ تەوافوق و شەراكەتی راستەقینە״

״دەستوور؛ تەوافوق و شەراكەتی راستەقینە״

ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و چاودێرانی سیاسی بە پێویستی دەزانن «كورد لە بەغدا وەك هەمیشە بەشێك بێت لە چارەسەر»، تەئكیدیش لە «پابەندبوون بە دەستوور؛ تەوافوق و شەراكەتی راستەقینە»دەكەنەوە، لەوبارەیەوە ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات «بەپێویستی دەزانین بەشێك بین لە چارەسەر و تەئكید لە رێكەوتنی نێوان لایەنەكان دەكەینەوە».

«بۆ پاراستنی مافەكانمان، پێویستمان بە كۆدەنگیی لایەنە عیراقییەكانە»
رۆژی یەكشەممە 9/1/2022، یەكەم كۆبوونەوەی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سەرۆكایەتیی بەتەمەنترین پەرلەمانتار، بەڕێوەچوو، تێیدا محەمەد حەلبوسی بە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرایەوە، هەروەها حاكم زاملی بە جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، شاخەوان عەبدوڵڵا بە جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردران، لە كاتی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارەیەك لە فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران نەچوونە هۆڵی كۆبوونەوەكەوە، لەوبارەیەوە كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستان بە كوردسات نیوزی راگەیاندووە: وەك پێكهاتەی كورد بەپێویستی دەزانین بەشێك بین لە چارەسەر و تەئكید لە رێكەوتنی نێوان لایەنەكان دەكەینەوە، بۆیە بەهۆی هەندێك تێبینی لەسەر پڕۆسەكە بەشداریمان لە پڕۆسەی دەنگداندا نەكرد، وتیشی: ئێمە تەئكید لە پاراستن و چەسپاندنی ماف و داخوازییە رەواكانی گەلی كوردستان دەكەینەوە.

كاروان یاروەیس لە لێدوانێكیشدا بۆ كەناڵی گەلی كوردستان، هۆكاری بەشدارینەكردنی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستانی لە پڕۆسەكەدا روونكردەوە و رایگەیاند: ئێمە خاوەن پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانین و بەشێك لە مافەكانمان لە دەستووردا جێگیركراوە، وتیشی: بۆ پاراستنی مافەكانمان، پێویستمان بە كۆدەنگیی لایەنە عیراقییەكانە، ئاماژەی بەوەشداوە «لە سەرەتای پڕۆسەكەوە، رامانگەیاندووە نابینە بەشێك لە ململانێكان».

«دەستەبەركردنی مافەكانی گەلی كوردستان»
هەرلەوبارەیەوە، كوردۆ عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەشداریمان لە پڕۆسەكەدا نەكرد، تاكو نەبینە هۆكاری قووڵبونەوەی كێشەكانی نێو ماڵی شیعە، وتیشی: پێشتر وەك لایەنە كوردستانییەكان وا رێكەوتبووین كە بەشداری نەكەین.

ئاماژەی بەوەشدا «ئەوەی لەم قۆناغەدا بۆ ئێمە گرنگە، پاراستن و گەشەپێدانی دەستكەوتەكانە بۆ هەرێمی كوردستان، بۆیە هیوادارین حكومەتێك لە عیراق پێكبهێنرێت مافەكانی گەلی كوردستان دەستەبەربكات و سوود بە هاووڵاتیان بگەیەنێت».

«پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت نەبێتە هۆی پشێوی ‌و لێكترازانی لایەنەكان»
لەلایەكی دیكەوە، ئیمان ئامێدی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بارودۆخی ئێستای عیراق وا دەخوازێت، پڕۆسەی سیاسی لەسەر بنەمای تەوافوق ‌و شەراكەتی راستەقینە بەڕێوەبچێت، بەتایبەتی ئێستا كە هەڵبژاردن كراوە و گفتوگۆی لایەنەكان بەردەوامە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، وتیشی: ئەمڕۆ عیراق پێویستی بە سەقامگیریی سیاسی و ئابوورییە و چەندین كێشەی لەبەردەمدایە كە پێویستە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا كار بۆ چارەسەركردنیان بكات، بۆیە ئەگەر حكومەتێكی تەوافوقی ‌و بە هەماهەنگیی لە نێوان لایەنەكاندا دروست نەبێت، رەنگە لێكەوتەی خراپی بەدواوە بێت، ئاماژەی بەوەشدا «ئێمە لەگەڵ ئەوەداین پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت نەبێتە هۆی پشێوی ‌و لێكترازانی لایەنەكان، چونكە لەو حاڵەتەدا حكومەت ئەوەندەی لە هەوڵی چارەسەری كێشە سیاسییەكاندا دەبێت، ئەوەندە ناپەرژێتە سەر خزمەتكردنی هاووڵاتیان و چارەسەری كێشەكان».

یەكەم كۆبوونەوەی خولی پێنجەمی نوێنەران
لەبارەی بوونی كێشەی یاسایی و دەستووری لە یەكەم كۆبوونەوەی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەراندا، د.خامۆش عومەر پسپۆڕی بواری دەستوور و راوێژكاری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەی بە كوردستانی نوێ راگەیاند: دەبوو كۆبوونەوەكە لەلایەن بەتەمەنترین ئەندامەوە بەڕێوەبچێت كە مەحمود مەشهەدانی بوو، بەڵام بەهۆی ئەو پشێوییەی لەناو هۆڵی كۆبوونەوەكەدا دروستبوو، ناوبراو نەیتوانی بەردەوام بێت تا كۆتایی و كەسێكی تر شوێنی گرتەوە، وتیشی: بەگوێرەی دەستوور دەتوانرێ تانە لە كۆبوونەوەكە بدرێ، بەڵام ئایا دادگای فیدراڵی چۆن بڕیار دەدات، بە حوكمی ئەوەی كۆبوونەوەكە زیاتر پرۆتۆكۆلی بوو، تێیدا سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا، لە هەمانكاتدا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بڕیارەكانی پێشوو، دەبینین دادگای فیدراڵی خۆی لە قەرەی ئەوە نادات كە بابەتێك ئەنجامی لێكەوتبێتەوە، ئەو هەڵی بوەشێنێتەوە. روونیشیكردەوە: لە كاتی هەمواركردنەوەی یاسای كۆمسیۆندا، بینیمان دادگای فیدراڵی بڕیاریدا كە نادەستوورییە، بەڵام ئامادەنەبوو ئەنجامی هەڵبژاردن هەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە لە حاڵەتێكدا ئەگەر دادگای فیدراڵی كۆبوونەوەكەی 9ی مانگ بە نادەستووری لە قەڵەم بدات، بەڵام ئەنجام و لێكەوتەكانی دانیشتنەكە هەڵناوەشێنێتەوە، كە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران بوو، وتیشی: دادگای فیدراڵی هەمیشە رەچاوی بارودۆخی سیاسیی وڵات دەكات لە بڕیارداندا.

«لایەنە كوردستانییەكان یەكڕیز و یەكهەڵویست بن»
هەروەها ئارەزوو مەحمود ئەندامی خولی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئێمە هەمیشە بە یەكڕیزیی و هەماهەنگیی لایەنە كوردستانییەكان توانیومانە دەستكەوتی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان بەدەستبهێنین، وتیشی: ئەو یەكڕیزییەی كورد بۆ ئەمڕۆ گرنگیی زیاتری هەیە، بەتایبەتی لەم بارودۆخەی عیراق و ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبن، وتیشی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە كاری بۆ بەرژەوەندیی گشتیی كردووە، بەردەوام لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریكردن بووە لە مافەكانی خەڵكی كوردستان، لە هەموو قۆناغەكانیشدا دەستپێشخەریی كردووە تاكو لایەنە كوردستانییەكان یەكڕیز و یەكهەڵویست بن.

 75 جار بینراوە