سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » ئۆكرانیا داوای كۆبوونەوەی چوارقۆڵی دەكات

ئۆكرانیا داوای كۆبوونەوەی چوارقۆڵی دەكات

ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا داوایكردووە، كە كۆبوونەوەیەكی چوارقۆڵیی نێوان كیێڤ ‌و مۆسكۆ ‌و پاریس ‌و بەرلین ببەسترێت، بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێی ئۆكرانیا لەگەڵ جوداخوازەكان لە خۆرهەڵاتی وڵاتەكەی.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویكردۆتەوە: لەمیانی دیداری لەگەڵ هەردوو راوێژكاری سەرۆكی فەرەنسا ‌و راوێژكاری ئەڵمانیا، سەرۆكی ئۆكرانیا روونیكردۆتەوە، كە كاتی ئەوە هاتووە بگەنە رێكەوتنێك بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێ ‌و وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ دەركردنی بڕیاری پێویست لەمیانی كۆبوونەوە چوارقۆڵییەكەدا.

هەروەها سەرۆكی دەستەی ئەركانی سوپای ئۆكرانیا رایگەیاندووە: وڵاتەكەی دەیەوێت رێكەوتنێك بكات، كە ئاگربەست ‌و ئاڵوگۆڕكردنی دیلەكانیش لەخۆبگرێت.

روسیا: پلانی اگیركردنی ئۆكرانیامان نییە
بەرپرسێكی مۆسكۆ ئاشكرایدەكات، كە وڵاتەكەی هیچ پلان و بەرنامەیەكی نییە بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا، واشنتۆنیش ئاماژە بەوەدەكات، كە كشانەوەی هێزەكانی روسیا لەسەر سنووری ئۆكرانیا، كاریگەری لەسەر هێوركردنەوەی دۆخەكە دەبێت.

ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردۆتەوە: دوای دانوستانی نێوان لێپرسراوانی روسیا ‌و ئەمریكا لە جنێڤ، بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكانی نێوان واشنتۆن ‌و مۆسكۆ لەبارەی ئۆكرانیاوە، سێرگی ریابكۆف جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاندووە، كە وڵاتەكەی هیچ بەرنامە و پلانێكی نییە بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا.

روسیا دوو بژاردەی لە بەردەمدایە
هاوكات وێندی شێرمەن جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە: واشنتۆن پێشنیازی روسیای رەتكردۆتەوە، سەبارەت بە رەتكردنەوەی بە ئەندامبوونی ئۆكرانیا لە ناتۆ.

روونیشیكردۆتەوە: لە ئەگەری هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، باجەكەی بۆ ئەو وڵاتە قورس دەبێت.

لای خۆشیەوە، جین ساكی وتەبێژی كۆشكی سپی ئاماژەی بەوە داوە: روسیا دوو بژاردەی لە بەردەمدایە، یان گرتنەبەری رێگەچارەی دیپلۆماسییە، یان ئاڵۆزتركردنی دۆخەكە. وتیشی: كشانەوەی هێزەكانی روسیا لە سنوورەكانی ئۆكرانیا، كاریگەری دەبێت لەسەر هێوركردنەوەی دۆخەكە.

بەهۆی گرژییەكانی نێوان مۆسكۆ ‌و كیێڤ، روسیا نزیكەی 100 هەزار سەربازی لە سنوورەكانی ئۆكرانیا جێگیركردووە، ئەوەش ئەمریكا ‌و وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا ‌و ناتۆی نیگەران كردووە.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

 79 جار بینراوە