سەرەکی » وتار » ״جیهاد״ی ناوخۆیی

دوورنما

״جیهاد״ی ناوخۆیی

حەسەن یاسین

عەبدولڕەحیم عەتوان، قازیی شەرعیی دەستەی رزگاریی شام (هەیئەت تەحریر ئەلشام)، لە 15ی ئەیلولی رابردوو، لە ئیدلیب، محازەرەیەکی بە ناونیشانی (جیهاد و بەرگری لە جیهانی ئیسلامدا، تالیبان بە نموونە)، پێشکەش بە سەران و چەکدارانی گروپەکەی کرد.

دەستەی رزگاریی شام، کە ئەبو محەمەد جۆلانی ئەمیریەتی، ئێستا بۆتە رێکخراوێکی (جیهادیی شۆڕشگێڕ)ی سوریایی و لە رێگەی (حکومەتی فریاکەوتن)ەوە، وەک حکومەتێکی مەدەنی فەرمانڕەوایی شاری ئیدلبی سوریا دەکات کە دانیشتوانەکەی سێ ملیۆن و نیوە.

دەستەی رزگاریی شام، کە پێشتر ناوی بەرەی نوسرە بوو، لە ساڵی 2011 وەک لقی سوریای داعش لە نێو ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری سوریایی کاری دەکرد ئەبو محەمەد جۆلانی ئەمیری بوو و لە ناوەڕاستی ساڵی 2013 بەتەواوەتی لە داعش جیابۆوە و ئەمیرەکەی بەیعەتی بە ئەیمەن زەواهیری ئەمیری رێکخراوی قاعیدە دا و وەک لقێکی قاعیدە لە سوریا هەڵدەسوڕان.

لە ساڵی 2016 جۆلانی جیابوونەوەی تەواوی رێکخراوەکەی لە قاعیدەش راگەیاند و ناوی رێکخراوەکەی کرد بە بەرەی فەتحی شام.

لە ساڵی 2017 چەند گروپێکی ئیسلامیی رادیکاڵی تر یەکیان گرت و ناوی رێکخراوە نوێیەکەیان کرد بە دەستەی رزگاریی شام و خۆیان وەک رێکخراوێکی ئیسلامیی سوریایی ناساند.

ئەو دەستەیە لە سەرەتای ساڵی 2019 وە، لە رێگەی هێزە چەکدارەکانییەوە و بە هاوکاریی تورکیا، بەتەواوی دەستی بەسەر شاری ئیدلبی سوریا و بازگەی (بابولهەوا)دا گرت، کە هاوسنووری تورکیایە و حکومەتێکی مەدەنیی بە ناوی حکومەتی فریاکەوتن (ئینقاز)ەوە پێکهێناوە.

عەتوان کە لەسەرەوە ئاماژەمان بە محازەرەکەی دا، ویستی پەیامی ئەمیری رێکخراوەکە بە هەموو لایەک بگەیەنێت و ئەوە روون بکاتەوە کە ئەوان رێکخراوێکی ئیسلامیی ئۆپۆزیسیۆنی سوریایین و هیچ پەیوەندییەکیان بە رێکخراوە ئیسلامییە دەرەکییەکانەوە نییە و کار و هەڵسوڕانیان لە نێو سوریادایە و گۆڕانکاریی بەسەر رێباز و دەستاوێژەکانی کارکردنیاندا هاتووە و بە هیچ شێوەیەک نایانەوێ لە دەرەوەی سوریادا چالاکی بکەن.

ئەم قسانەی عەتوان کردی، ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە کە ئیسلامییە رادیکاڵەکان، لە سەرتاسەری دنیادا، شکستیانهێناوە و چیتر ناتوانن بەشێوەیەکی کاریگەر مەترسی لەسەر وڵاتانی زلهێز لە ناوخۆی وڵاتەکانیاندا دروست بکەن!

ئەوەی ئیسلامییە رادیکاڵەکان، لە شێوەی قاعیدە و داعش لە ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانی تردا کردیان، هەر لە تەقاندنەوەوە تا پەلاماردانی خەڵکی مەدەنی، چ بە لۆری شێلانیان یان کوشتنیان بە چەقۆ و چەک، نەیتوانی کاردانەوەیەکی ئەرێنی لە نێو وڵاتەکانی خۆیاندا دروست بکات و سیاسەتی وڵاتانی زلهێز لەم رووەوە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهات!

عەتوان بۆیە تالیبانی بە نموونە هێناوەتەوە تا بە ئەمریکاییەکان و ئەوروپاییەکان و روسیاش بڵێت: ئێمەش هاوشێوەی تالیبان، هێزێکی نیشتمانیی ئیسلامیین و دەمانەوێت تەنیا لە نێو سوریادا کاربکەین و دژی حکومەتی سوریاین و هیچ لایەکی تر بە دوژمنی خۆمان نازانین، لەم پێناوەشدا کەوتنە لاوازکردنی ئەو گروپانەی سەربە لایەنی دەرەکین. بۆ نموونە هەڵمەتێکیان دژی رێکخراوی پاسەوانانی دین (حوڕاس ئەلدین) کە سەر بە رێکخراوی قاعیدەیە دەستپێکرد و بەشێک لە سەرانی ئەو رێکخراوەیان گرت!

لە ئەنجامی قسەکانی عەتوانەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو رێکخراوانەی بازنەی کارکردن و هەڵسوڕانیان سنوور بەزێنە، شکستی گەورەیان خواردووە و واقیع لە مەنگەنەیدان و بە ناچاری رێبازی کارکردن و هەڵسوڕانی خۆیان، یان ئەوەی خۆیان پێی دەڵین جیهاد گۆڕیوە یان دەبێ بیگۆڕن، ئیدی دەبێ روو لە وڵاتەکانی خۆیان بکەنەوە!

 91 جار بینراوە