سەرەکی » وتار » بەرگریی و شوناس

جادەی سێهەم

بەرگریی و شوناس

ره‌نگین عه‌بدوڵڵا

زارا موحەمەدی ئەو خانمە شۆخەی ماوەیەکی زۆرە دادگاکان و کۆمەڵگاکانی بە خۆیەوە سەرقاڵکردووە. خەمی گەورەی ئەم خانمە بەرگریکردنە لەو پۆشاک و زمان و کەلتورەی وەک مرۆڤێکی ژیان دۆست هەڵگریەتی.

مرۆڤ وەک ئالبێرت کامۆ دەڵێت: «تا ئەو جێگایە شیاوی ئازادی و سەربەستییە کە تەوق و کۆتەکانی دەست و پێی دەیئێشێنێت، هەرکات ئەو ئازارە لە قووڵایی تاکێکی ئەکتیڤی ژیاندۆستدا دروست بوو، ئیدی بەرگریکردن بە شێوەیەکی سیستماتیك دەبێت بەو ستراکتۆرە مۆڕاڵییەی ئامادەی سازشکردن نییە.

ئەوەی لە داستانی زارا موحەمەدی بەرچاومان دەکەوێت، بریتییە لەو ئازارە قووڵەی گوێڕایەڵی و کەویکردن کە نایەوێ تەسلیمی بێت. ئازارێک ریشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگێکی مێژوویی قووڵ کە لەبری رادەست بوون، سەنگەری بەرگری هەڵدەبژێرێت.

شوناسی هەر تاک و گروپ و گەلێک بە سەمیمی گرێدراوی زمان و پۆشاک و کەلتورەکەیەتی، لێرەوە بەڕوونی ئەو شاشەیە دەبینین کە شوناس تێیدا دەبێتە پلاتفۆرمێکی مەدەنی و سیاسی کە تێیدا بەرگریکردن دەبێتە یەکەم مەرجی سەلماندنی شوناس و ئیدەنتیتی هەر ئەکتیڤیستێکی کەلتوری و سیاسی.

ئەوەی لای گاستۆن باشلار پێی دەوترێ پەروەردەی ئیدەنتتێی ئۆرژینال، لای زارا موحەمەدی بە وردی ریشەکانی ئەم تێزە دەردەکەوێ، ئەگەرچی باشلار زیاتر مەبەستی لە پەروەردەی عەقڵی سیاسییە کە دەبێت لەسەر بنچینەیی رەسەنایەتی و ئۆرژیناڵیتی بونیاد بنرێ لە پەروەردەکردنی تاکێکدا کە بتوانێ بەشداریی راستەقینەی هەبێ لە کۆی ئەو رووداو و پێشهاتە سیاسیی و کەلتوریانەی لە وڵات دەبێتە جێگای دیبەیت و بەرگری. باشلار لە کتێبی فەلسەفەی نەخێردا باسی ئەو دنیایە دەکات کە تێیدا بیرکرنەوە و هەڵبژرادن دەبێتە جۆرێک لە سیستەمی بەرگریی و خود پێناسی، لێرەوە تاک نەک بەوە رازی نابێ کە سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەیەوێ لەسەری فەرزی بکات، بەڵکو دەبێتە زمان و حاڵ و هێزی بەرگری هەزارەها مرۆڤ کە زمان و رۆح و پەروەردەی ئۆرژیناڵیان نییە. زارا موحەمەدی لە رێگای ئەو نەخێرە گەورەیەوە بۆ سیستەم و دەسەڵاتی دادوەری و سیاسی دەیەوێ زیاتر وەک زمان و شوناسی ئەو تاک و گروپانەی دیکە دەرکەوێ، کە توانایی بەرگریی و بیرکردنەوەیان لە دەست داوە. زمان لای زارا بەتەنها چەمکێک نییە بۆ گفتوگۆ و خود بە یانکردن. بەڵكو زمان دەبێتە چەکێکی سیاسی و بەرگریکردنیش لە زمان وەک شوناسێکی گەردوونی مامەڵە دەکات. نەک هەر هێندە بەڵکو دەیەوێت هێزی ئەم زمانە بکات بەو پەروەردە ئۆرژیناڵەی کە گاستۆن باشلار بە یەک لە مەرجە زیندووەکانی تاکی شیاوی کۆمەڵایەتی وێنای دەکات.

بەڕای من رووداوی زارا موحەمەدی زیاد لە خوێنەوەیەک و دورتر لەو تێگەشتنەی پێویستە کە ئێمە بۆ شوناس و زمان و پەروەردە و کەلتور هەمانە. ئەم رووداوە لەگەڵ ئەوەی دیمەنێکی تراژیدیمان نیشاندەدا لە هەمانکاتدا لە بەردەم کۆمەڵێك گرێ و تەلیسمی مێژوویی و بونیادیدا راماندەگرێ. بەرگریکردن لە شوناس و زمان و پەروەردە و پۆشاک سیانەی ئەو بیرە ناسیۆنالیزمیەن کە لای زارا و هاوڕێکانی بە قووڵی دەخوێنرێتەوە. ئیدی زمان و شوناس لە قۆناغی رادەستبوون و زیندانی کردن دەبێتە ئەو رۆحە باشلاریەی ئیش لەسەر ئەو بیر و خەیاڵە ئۆرژیناڵە دەکات کە لە بری تەسلیم بوون بەرگری هەڵدەبژێرێت و لە بری بێدەنگ بوونیش جۆرێک لە یاخی بوون لەو سیستم و دەسەڵاتە دادوەرییە بەرهەمدێنێت کە لە خۆیدا ئەو شوناسە نەتەوەییەی هەڵگرتووە کە ناتوانێ تەسلیمبێت.

 

 80 جار بینراوە