سەرەکی » راپۆرت » کەسانی جنێوفرۆش لە گێژاوی دەروونیدا دەژین

کەسانی جنێوفرۆش لە گێژاوی دەروونیدا دەژین

ئا: هاوژین عەبدولواحید

جنێوفرۆش هەڵچوونێکی نەرێنی ناخی کەسێکە ناتوانێت بەرگری بوێرانە لە بابەتێک بکات یاخود وەڵامێکی زانستی و رێکی هەبێت بۆ کەسی بەرامبەر، دەرونناسەکان دەڵێن، جنێودان لاوازی و هەستکردنە بە گرێ و تۆڵە سەندنەوە لە کەسی بەرامبەر و تێنەگەیشتنە لە بابەتەکە، لەم گفتوگۆیەدا ئەڤین ئیبراهیم کۆمەڵناس و مامۆستای زانکۆ قسە لەسەر کەسانی جنێوفرۆش دەکات.

*چۆن مامەڵە بکرێت لەگەڵ تەکنەلۆژیای نوێ و ئاشناکردنی بە کۆمەڵگە؟
ئینتەرنێت تاڕادەیەک بابەتێکی تازەیە لەکۆمەڵگەی کوردی هەموو دونیاش پێویستی بەوەیە خۆمان رابێنین و فێربین چۆن بەکاری بهێنین، ئێستا لە کۆمەڵگەی ئێمە خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنها جنێو نییەو بەڵکو شتی تریشی لەگەڵە، تا لەکۆتایی پەرلەمان گەیشتە ئەوەی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی دەرکرد، بەڵام کێشەکە ئەوەیە لە کۆمەڵگەی ئێمە تاچ رادەیەک یاسا کارایە، تا چ رادەیەک خەڵک کەلتوری یاسایان هەیه، سەرەتای هەر توندوتیژیەک جنێوە، دواتر ئەیکاتە هەڕەشەو رەنگە بیکات بەلێدان و شتی تر، ئێمە لە پرەنسیپەکانی کۆمەڵناسی دەڵێین، ئەو کەسانەی پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن، کەسانێکن لۆجیکی باوەڕپێکردنی بەرامبەرەکەیان نەماوە، کەواتە دۆخێکە لەنێوان دوو کەس کەسێ ئەیەوێ ئەویتر بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، بەباش بێ یان خراپ ئەیەوێ بەرامبەرەکەی کۆنتڕۆڵبکات، کە پێشی کۆنتڕۆڵ نابێت پەنا بۆ توندوتیژی دەبات، سەرەتای توندوتیژیش جنێوە.

*ئەوکەسانەی لەسۆشیاڵ میدیا، قسەی نەشیاو دەکەن و جنێو دەدەن دەروونیان تەندروستە؟
ناتوانین بەخەڵک بڵێین نەخۆش، کەس ناتوانێ بەکەسێکی تر بڵێ نەخۆش ئەگەر دکتۆر نەبێت، لە کۆمەڵگەی ئێمە وای لێهاتووە وشەی نەخۆش بەرامبەر حاڵەتە دەروونیەکان، وەک جنێوێک بەکاردێت، سروشتی سۆشیاڵ میدیاش وایه خەڵک ئەتوانێت بەبێ ئاشکراکردنی ناوی خۆی بەناوێکی نەخوازراو، ئەو بارە دەروونیە توندەی لە ناو خۆیەتی بەتاڵی کاتەوە ئەمە گرفتی دەروونییە.

*کەسانێک لەژیانی ئاسایی خۆیان مرۆڤی بەڕێزن، کەچی لەودیو شاشەکانەوە دەبنە جنێو فرۆش؟ ئەم دوو دیوی کەسایەتیە چۆن هەڵەسەنگێنی؟
جنێوفرۆش کردارە، کردەوەیە هەموو کردەوەیەکی مرۆڤ سێ حاڵەتی هەیە بیرکردنەوە ــ هەستکردن ــ کردار، ئەم سێ حاڵەتە وەک سێگۆشەیە لە کۆمەڵناسی دەروونیی پێی ئەڵێن (ئاڕاستە دەروونییه کۆمەڵایەتیەکان) ئەمانە هەرسێ وەک بازنە ئەسوڕێنەوە یەکتر تازە دەکەنەوە، بۆ نموونە راهێنانێک هەیە ئەکرێت بۆ جیاکردنەوەی هەست و بیرکردنەوە، چونکە دوو شتی جیان، دوو پارچە کاغەز دەهێنی لەسەر دانەیەکیان ناوی سێ شت ئەنووسی کە زۆرت حەزلێیەتی و بەبێ ئەو سێ شتە ناتوانیت بژیت، لەسەر دانەکەی تر ناوی سێ شت ئەنوسیت کە زۆر رقت لێەتی و ناتوانیت لەگەڵ ئەم سێ شتە بژیت ئەم دوانە هەردووکی هەستن، ئەو وەرەقەیەی کە خۆشت دەوێ بیدڕێنە و فڕێی بدە بۆساتێک بیربکەوە لەوەی لە ژیانی تۆ ئەوشتە نەماوە کە حەزت لێەتی و تەنها ئەوە ماوە کە رقت لێیەتی ئەو کەسەی ئەو تەمرینە دەکات یەکسەر دەچێتە بارێکی خەمناکیەوە ئەگەری ئەوەشی هەیە بگری، ئەمە تاقیکردنەوەی هەستە، هەستەکان لە رێگەی بیرکردنەوە بارگاویی دەبنەوە، ئەوانەی دەکەونە حاڵەتێکی دەروونی هەمیشە هەستێکی نەرێنیان لەدەروونیان هەیە لە ئەنجامی کردەوەیەک یان خۆیان کردبێتیان یان بەرامبەریان کراوە، کردەوەکە ئەگەر خۆیان کردبێتیان هەست بەتاوان دەکەن هەستێکی نەرێنیە، ئەگەر بەرامبەریان کرابێ، هەست بەکەمی و ناخۆشی ئەکەن، ئەو هەستە نەرێنیانە مرۆڤ ئەباتە بیری خراپ، ئەمڕۆ کە کەس نامانناسێت ماسک لەسەر روومانە، لە پشت ئەنتەرنێتەوە تۆڵە ئەسێنێتەوە، ئەو کەسانەی جنێودەدەن لە هەموو بارودۆخێکدا لەبارێکی خراپدان، وایان لێدەکات لە نێوان دوو ئارەزوودابن، ئارەزوویەک ئەوەیە لە پێش چاوی خەڵک کەسی نۆرماڵ و رێکوپێک بن، لایەکی تر بارە نەرێنیەکان پاڵیان پێوە دەنێ بەبێ ئەوەی هەست بەخۆیان بکەن و شتە خراپەکە ئەکەنەوە.

*ئەو کوردانەی لە ئەوروپا دەژین لایڤ دەکەنەوە و جنێو دەدەن، کەچی لەو وڵاتەی لێی دەژین ناوێرن کلێنسێک فڕێ بدەن، بۆچی لەوێ ملکەچی یاسان و بۆ ئێرە ئاوا رەفتار دەکەن؟
لە وڵاتانی ئەوروپا یاسا حوکم ئەکات، بۆیە کەس ناتوانێ تەشهیر بکات و ناوزڕاندن بکات یاسا رێگەی نادات لەوێ، ئەزانن یاسا لێرە رۆڵێکی ئەکتیڤی نییە، ئەو کەسانە خۆیان لەگێژاوی دەروونین، ناتوانن وەک ئەوروپیەکان بیربکەنەوە و بژین، هەروەها خۆشیان لەو ئاستەدا نادۆزنەوە وەک کوردێک بژین، ئەمانەی ئەو جنێوانە دەدەن لەوێ شتێکە لە سەرووی ئیرادەی خۆیانە، سروشتی نین بەدەست خۆیان نییە، بەشێوازێکی لۆجیکی بیرناکەنەوە، جنێوەکانیان هیچ شت لەبابەتەکە ئەگۆڕێ؟ ئەگەر بشگۆڕێ بەرەو خراپی ئەیبات، ئەوانە ناتوانن بەهێمنی بیر بکەنەوە، ئەمانە پێویستە ئەم پرسیارانە لە خۆیان بکەن، من تاکەی ئەم جنێوانە بدەم؟ ئەم جنێوانەم بەرهەمی چیە؟ بۆچی خۆم ناشیرین کەم؟ ئایا من تۆڵە لەکێ ئەکەمەوە؟

تۆڵە لە خۆم ئەکەمەوە یان ئەوکەسانەی جنێویان پێ ئەدەم، چونکە لە هەموو دۆخێکدا هەرکەسێک بێت خۆی ناشیرین ئەبێ.

*جێبەجێکردنی یاسای ئەلیکترۆنی تاچەندە پێویستە بۆ هەرێمی کوردستان؟
یاسای ئەلیکترۆنی زۆر زۆریش پێویستە، ئێستاش ئەم یاسایە هەیە ئیشیش ئەکات زۆر بەوردیش، بەڵام بۆ هەموو شوێنێک ئیش ناکات تەنها بۆ شوێنە گەورەکان ئەم رەقابەیە دائەنێن.

*پەروەردەی ئەو کەسانە چۆن هەڵەسەنگێنی، کە حەزی ئاژاوە و جنێو لەمێشکیاندایە؟
لە رووی کۆمەڵناسیەوە ئێمە هەموومان هەمان پەروەردەمان هەیە، چونکە لەناو هەمان کۆمەڵگەدا دەژین، بۆ نموونە ئەو شتەی پێی ئەوترێ عەیبە، حەڵاڵ و حەرام لەهەموو شوێنێک هەروایە، یان کاتێک مامۆستایەک ئەبینین زۆر دەم بەجنێوە راستەوخۆ بیرمان بۆ ئەوە ئەچێت خوێندکارەکانی چ پەروەردەیەک لەوەوە وەردەگرن، حزبەکان کاریگەریەکی نەرێنی زۆریان هەیە لەسەر پەروەردەی ئێمە، لەکۆتایدا هەریەکێک لە ئێمە ئەبێ ئەو راستیە بزانێت هەموو شتێ کە ئەیکات بڕیارەکەی لەدەستی خۆیەتی، لەکاتێکدا من بمەوێ تەشهیرێک بەکەسێک بکەم یان جنێوبدەم، کاتێک ئەکەومە بەر هەڕەشەی ئەوان ئەوە رێگای من بووە هەمیشە رێگای ترمان لەپێشە بۆ خۆلادان لەمانە، ئەوانە تاوان یان هەڕەشە دەکەن ئەوانە کەسانێکن ئاسۆی بیرکردنەوەیان تەسکە رێگای زۆر نابینن، لە کۆمەڵناسی کۆن ئەیانوت مرۆڤ بەچکەی ژینگەکەی خۆیەتی ژینگە چۆن پەروەردەی بکات وادەردەچێ، بەڵام ئێستا وانییە مرۆڤ بەچکەی ژینگەی نییە و بەڵکو خۆی ئەتوانێ ژینگە بۆخۆی دروست بکات.

*لە رێگەی هۆشیار کردنەوە وە دەتوانرێت کەسانی جنێوفرۆش والێبکرێت دەستبەرداری ئەو خوەیان ببن؟
گرفتی هۆشیاری ئەوەیە دەبێ بزانیت پێناسەی هۆشیاری چییە؟ لە کەسێکەوه بۆ کەسێکی تر دەگۆڕدرێت، هۆشیاری ئەو کەسەی جنێودەدات دەیەوێت من بەشێوازی ئەو بیربکەمەوە، لای ئەو وایە من هۆشیار دەکاتەوه یان کاتێ مامۆستایەک دەرس دەڵێمەوە ئەو دەرسه هۆشیارکرنەوەیه، بەڵام بەشێوازی خۆی، بۆیە وشەی هۆشیاری، ناتوانرێت لەخۆوە و هەڕەمەکی بەکاربهێنرێت، بۆیە ئەڵێم بەرقەرارکردنی یاسا زۆر لەموشکیلەکان چارەسەر دەکات.

*سوودی جنێوفرۆش چیە؟ بۆ ناوبانگە یان موزایەدەیە؟
جنێوفرۆش حاڵەتێکی دەروونی پڕبوونە، نەموزایەدەیە، نە خۆبەناوبانگکردنە، بەڵکو پڕبوونێکی دەروونییە پێویستی بەخۆبەتاڵ کردنەوەیە، ئەو نازانێت بۆچی وادەکات، ئەگەر نا بێتە سەر بابەتی موزایەدە و خۆ بەناوبانگکردن هەردووکیان بابەتێک نین بەئاگای و بەهۆشیاری و بەرنامە بۆ داڕێژی بڕیاری بۆ دابێ ئەوەی وادەکات بێ ئاگایه، چونکە کەس نایەوێ بەشێوەیەکی خراپ بەناوبانگ بێت بۆیە بابەتێکی نەرێنیە لە ئەنجامی فشارێکی دەروونی زۆر توندە، ئەو کەسە بەرامبەر ئەو فشارە خۆی پێڕاناگیرێ و ئەتەقێتەوە بەهەموو لایەکدا.

*کاریگەری نەرێنی جنێوفرۆش لەسەر تاکەکان و کۆمەڵگە چییه؟
جنێو حاڵەتێکی ناسروشتیە ئەگەر زۆر دووبارە بووە وە دەبێتە حاڵەتێکی سروشتی هەروەک چۆن پێستە دەبغ بکرێت چەن لێی بدرێ ژان ناکات ئاوای لێدێت، ئێستا کومەڵگەی ئەمریکی بەوە ناسراون جنێو زۆر دەدەن گۆرانیەکانیان هەمووی جنێوە هەر شتێک زۆر دووبارە بۆوە دەبێ بەشتێکی ئاسایی ئەمە کاریگەرییە نەرێنیەکەیەتی کاتێ جنێو ببێ بەشتێکی ئاسایی.

 75 جار بینراوە