سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » بەرەو هەڵبژاردنی گشتی عیراق

دەر و دراوسێ

بەرەو هەڵبژاردنی گشتی عیراق

دوای پازدە ساڵ لە پرۆسەی ئازادی عیراق واتە لە دوای ساڵی 2003 ەوە عیراق زۆرترین پرۆسیسی هەڵبژاردن و دەنگدانی بەخۆیەوە بینیوە بە تایبەتی دوای شۆڕشی 14 تەمووزی 1958چ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاكان و جگە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان .
لە ئێستادا وا بەرەو هەڵبژاردنی گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڕۆین بۆ خوولی چوارەم لە بارو دۆخێكی ئێجگار جیاواز لە جارانی پێشوو ئەگەر جاران شیعە بە یەكگرتووی یەك لیستی بەهێز بەشداری پرۆسەكە دەبوون ئەوا ئەمڕۆ بە لیستی جیاجیا و بەرنامەی جیاواز و ئەجندای جیاوازەوە خۆیان سازداوە ، سوونەكانیش بە هەمان شێوە سەرەڕای وێران بوونی بەشی زۆر شارە گەورەكان و ناوچەكانیان و ئاوارەبوونی زۆر دانیشتووانەكەی و گلەیی و گازندەی زۆریان لە ئامادەنەبوونیان بۆ هەڵبژاردن بەڵام هەڵبژاردن بووە دیفاكتۆ و 12 /مایس ئەنجام دەدرێت .
كوردیش لە ئێستا دا بەهەمان دەردی ئەوان چووە یەكەمجارە لە دوای مەرگی كاریزما و سەركردەكانی وەكو مام جەلال و نەوشیروان مستەفا و دەرنەكەوتن و دوورە پەرێز بوونی مەسعوود بەرزانی لە پرۆسەكە بە وتارو ئەجندای جیاوازەوە بەرەو هەڵبژاردن هەنگاو دەنێت .

زۆرینەی سیاسی
ئەو تێزەی لەماوەی ڕابردوودا لە ناو پێكهاتەی شیعەدا سەری هەڵداوەو بە دیاری كراوی لەلایەن قەوارەكەی نوری مالیكی ( دەوڵەتی یاسا ) و سەرۆك وەزیرانی دوو خوولی پێشوو ئەمینداری حزبی دەعوەی ئیسلامی پاڵپشت دەكرێت و ئۆباڵی هەموو كەموكوڕی و قەیرانەكانی حوكمڕانی لە عیراقدا دەخاتە مل سازان و پشك پشكێنەی ئتنیكی نێوان پێكهاتەكانی عیراق و چارەسەرو پێشنیاری زۆرینەی سیاسیە .
كێشەكە لێرەدا ئەوەیە دابەشبوونی نەخشەی سیاسی لایەنە عیراقیەكان لەسەر بنەمای تائیفی و ئتنیكیە و زۆرینەش ئاینزای شیعەیە كە حزبەكەی مالیكی خۆی بە دەمڕاست و خاوەنی ڕاستەقینەی دەزانێت و لە دوای ساڵی 2003 ەوە سەرۆك وەزیران لای ئەوان بووە لە ئاوا پێشهاتێكدا ئیتر جێگەی پێكهاتەكانی تر لە عیراقدا نابێتەوە لە ئامادەنەبوونی حزب و لایەن و هێزی نیشتمانی و سیكۆیلارو پێشكەوتنخوازو دیموكراسی كە سنووری تائیفە و ئتنیكی بڕیبێت و بڕوای بە پێكەوەژیان و جیابوونەوەی دین لە دەوڵەت و سەروەربووونی یاسا و یەكسان بوونی هەموو پێكهاتەكان لە بەردەم یاسادا .

ئۆپۆزسیۆن
خاڵێكی تری گرنگ زۆر هەستیار كە دەكرێت لە سەری بووەستین ئەوەیە لە پازدە ساڵی ڕابردووی حوكمڕانی لە عیراقدا هەموو هێزو لایەنە سیاسیەكانی عیراق بە هەموو پێكهاتەكانیەوە سەرگەرمی بەشداری كردن لە دەسەڵاتدا بوون و شەیدای چێژو ئیمتیازو پلەو پایە و دەستكەوتی مادی و مەعنەوی بوون بۆخۆیان و حزبەكانیان ئەمەش كەمایەسی و لاسەنگیەكی گەورەی سیستمی دیموكراسیە كەوای كرد جۆرێك لە هاوبەشی و سازان و ڕێكەوتن و چاوپۆشی كردن لە یەكتربەرامبەر زۆر دۆسیەی گەورەو ڕەشی گەندەڵی كە گەلی عیراق باجەكەی دا لە ڕابردوودا.
بۆیە ئەوەی گرنگ و زۆر پێویستە لە خوولی داهاتوودا بەرەیەكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن پێكبهێنرێت لە هەموو پێكهاتەكانی عیراق بۆ ئەوەی ببنە چاودێرێكی وردو نەترس بەرامبەر هەموو پێشێلكارییە دەستووری و مالی و بابەتەكانی تریش لەگەڵ داموودەزگا چاودێری و دەستپاكییەكانی تری دەوڵەتدا چونكە پرۆسەو هاوكێشەی حوكمڕانی بە بێ‌ ئامادەبوونی ئۆپۆزسیۆن لاسەنگ و ناتەواوە .

پێكهێنانی كابینەی داهاتوو
ئەوەی پێدەچێت ئەمجارە قورستر و پڕژانتر بێت لە دایكبوونی كابینەی داهاتووی حكومەتی عیراقە ئەگەر كابینەكانی پێشووتر لە پایتەختەكانی دەرەوە نەخشەی بۆ دەكێشرا بە زۆر بەیەكەوە دەلكێنرا، ئەمجارە دوای كۆتایی هاتنی شەڕی داعش و كێشەو ململانێكانی ئەمریكا و ئێران و دوای پێشهاتەكانی سوریا و ئیدارەیەكی نوێ‌ لە ئەمریكا و دەستبەكاربوونی زۆرێك لە هەڵۆ و بازە توندڕەوەكان لەناو ئیدارەی ترەمپ ئەمجارەی سازان لە نێوان ئەمریكا و ئێران لەسەر دۆسیەی عیراق كارێكی ئاسان نابێت و ئەمریكیەكان بوار بە بەشداری بە لایەنی ترنادەن و خۆیان بە تەنیا چارەنووسی عیراق دیاری دەكەن كە ئەمەش بێ‌ گێرەو كێشە نابێت .

 539 جار بینراوە