سەرەکی » زانست » مانگی ئه‌یلول درێژترین خۆرگیران ده‌بینرێت

مانگی ئه‌یلول درێژترین خۆرگیران ده‌بینرێت

زانایان ئاشكرایده‌كه‌ن، له‌مانگی ئه‌یلولی ئه‌مساڵدا درێژترین خۆرگیرانی ته‌واو ده‌بینن كه‌ له‌ مێژوودا كه‌م وێنه‌ بووه‌. پسپۆڕانی چاودێرگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌خۆر پێشبینی ده‌كه‌ن كه‌ له‌ له‌كۆتاییه‌كانی مانگی ئه‌یلولی داهاتوودا درێژترین خۆرگیرانی ته‌واو له‌ مێژوودا له‌ ئه‌مریكا ببینرێت.
ئه‌و پسپۆڕانه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌ كه‌ ژمێره‌ گه‌ردوونییه‌كان ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو ، ڕۆژی 21 ی ئه‌یلولی داهاتوو، مانگ به‌ ته‌واوی ڕووی خۆر بۆ ماوه‌ی یه‌ك سه‌عات‌و نیو دابپۆشێت، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات خه‌رمانه‌ی خۆر چه‌ندین جار له‌ ئه‌ندازه‌ی خۆی گه‌وره‌تر ده‌ربكه‌وێت كاتێك له‌خۆرگیرانه‌ ئاساییه‌كاندا چاودێری ده‌كرێت، هه‌ر له‌و كاته‌شدا هه‌ندێك له‌ هه‌ساره‌كان  له‌ ئاسماندا ده‌ركه‌ون. هه‌روه‌ها ئه‌و پسپۆڕانه‌ ئه‌وه‌ش ده‌خه‌نه‌ ڕوو ئه‌و دیارده‌یه‌ ته‌نها له‌زه‌وییه‌كانی ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا ده‌بینرێت.
 زاناكان ده‌ڵێن « ماوه‌ی 100 ساڵه‌ له‌ ئه‌مریكادا خۆرگیرانی ته‌واو و ماوه‌درێژی وا نه‌بینراوه‌».چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت  ئه‌و خۆرگیرانه‌ له‌ 14 ویلایه‌تی ئه‌مریكادا ببینرێت، واته‌ له‌ویلایه‌تی ئه‌ریگۆن له‌ خۆرئاوا بۆ ویلایه‌تی كارۆلینای باشور له‌ خۆرهه‌ڵات ماوه‌ی دوو خوله‌ك له‌نیوه‌ڕۆی ئه‌و ڕۆژه‌دا ئه‌و  دیارده‌ سروشتییه‌ ده‌بینن، ئه‌وه‌ش له‌ ساڵی 1979ه‌وه‌  یه‌كه‌مین دیارده‌ی خۆرگیرانی ته‌واوه‌ كه‌ ته‌نها له‌ئه‌مریكا ببینرێت و یه‌كه‌مین دیارده‌ی له‌و شێوه‌یه‌شه‌ كه‌ له‌ ساڵی 1918ه‌وه‌ له‌و وڵاته‌دا ڕووبدات كه‌ له‌كه‌ناری خۆرهه‌ڵاتی ئه‌مریكاوه‌ بۆ كه‌ناری خۆرئاوای ئه‌و وڵاته‌ دا ببینرێت.
له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ته‌نها له‌ویلایه‌ته‌یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكادا ئه‌و دیارده‌یه‌ ده‌بینرێت، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ژماره‌یه‌كی زۆری  زانا و ئاره‌زوومه‌ندانی بینینی دیارده‌ گه‌ردوونییه‌ دانسقه‌كان  بچنه‌ ئه‌و وڵاته‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی هه‌لی بینینی ئه‌و ساته‌ی خۆر له‌ پشت مانگدا خۆی حه‌شار ده‌دات و ڕوناكی ڕۆژ وه‌ك شه‌به‌نگی لێ دێت.
هه‌روه‌ها 3 كه‌شتی سه‌ربه‌ ئاژانسی ناسا و 11 كه‌شتیی  فه‌زایی دیكه‌ی ئه‌وروپی  و زیاتر له‌ 50 باڵۆنی به‌رزه‌فڕ  وێنه‌ی فۆتۆگراف و ڤیدیۆیی  ئه‌و دیارده‌یه‌ ده‌گرن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و كه‌شتیوانه‌ فه‌زاییانه‌ی ئێستا له‌ وێستگه‌ی  فه‌زایی نێوده‌وڵه‌تیدان.
چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت  له‌ته‌له‌فزیۆنه‌كانی ئه‌مریكاوه‌  جگه‌ له‌ په‌خشكردنی چه‌ند دیمه‌نێكی  ڤیدیۆیی ڕاسته‌وخۆی ئه‌و دیارده‌یه‌ كه‌ ئاژانسی فه‌زایی ناسا ئاماده‌ی ده‌كات، سه‌رجه‌م ئه‌و چالاكییانه‌ش په‌خش  بكرێن كه‌ تایبه‌ته‌ به‌و دیارده‌یه‌.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و دیارده‌ی خۆرگیرانی ته‌واوه‌ كه‌ له‌ئه‌یلولی داهاتوودا ڕووده‌دات، زاناكان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵكی سه‌ر زه‌ویی چه‌ندین جار ئه‌و دیارده‌یه‌یان بینیوه‌، به‌ڵام تا سه‌ده‌ی (19) نه‌ده‌توانرا وێنه‌ی ئه‌و ڕووداوه‌ گه‌ردوونییه‌ بگیرێت و یه‌كه‌مین جاریش كه‌ وێنه‌ی دیارده‌كه‌ گیراوه‌  له‌ 29ی ئه‌یلولی 1851دا بووه‌.
 دواتریش كه‌سێك به‌ناوی یولیوس بیركۆفسكی له‌ چاودێرگه‌ی(Königsberg) ڕوسیا توانی به‌به‌كارهێنانی كامێرای داجیرییی‌ له‌ شاری (Königsberg) ڕوسیا كه‌ ئێستا به‌ (كالینیگراد) ناسراوه‌ وێنه‌یه‌كی چه‌سپاوی  خۆرگیرانی ته‌واو بگرێت، به‌ شێوه‌یه‌ك وێنه‌كه‌ ڕاسته‌و خۆ له‌سه‌ر پلێتێكی مسیی سافكراو و به‌ زیو  ڕوپۆشكراو خرایه‌ ڕوو، ئه‌و پلێته‌ به‌ هالۆجین یان یۆد چاره‌سه‌ر كرابوو بۆیه‌ زۆر هه‌ستیار بوو له‌ به‌رامبه‌ر ڕووناكیدا، ئه‌نجامه‌كه‌ش بریتی بوو له‌ وێنه‌یه‌كی ڕه‌ش و سپی  له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مسه‌كه‌ درابووه‌ به‌ر تیشكی خۆر .
 به‌ر له‌وه‌ش چه‌ندین وێنه‌گری لێهاتوو هه‌وڵیان داوه‌ وێنه‌ی  خۆرگیرانی ته‌واو بگرن، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه‌، چونكه‌ شكستیانخواردووه‌ له‌ ده‌رخستنی جیاوازی نێوان خه‌رمانه‌ی ڕووناكی خۆر و خه‌پله‌ی تاریكی مانگدا, به‌ڵام ئێستا‌و به‌ هۆی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیا وه‌، نه‌ك به‌كامێرای تایبه‌ت، به‌ڵكو ده‌توانرێت به‌ كامێرای ته‌له‌فۆنه‌ هۆشمه‌نده‌كانیش وێنه‌ی ئه‌و دیارده‌یه‌ بگیرێت.
سه‌رچاوه‌: نۆڤۆستی

 628 جار بینراوە