سەرەکی » راپۆرت » هه‌واڵ و سیاسەت » هەوڵی فەرەنسا بۆ ئاشتی لە لیبیا

هەوڵی فەرەنسا بۆ ئاشتی لە لیبیا

لە پاش رووخانی رژێمی معەمەر قەزافی لە ساڵی 2011 ەوە لیبیا رووبەروی نا ئارامییەکی سیاسیی و ئەمنی گەورە بۆتەوە، لەم نێوەندەشدا هەمیشە دەستی تۆمەتباری بۆ وڵاتانی رۆژئاوا درێژ دەکرێت،چونکە ئەوان راستە رژێمی قەزافییان رووخاند، لێ هیچ پلانێکیان بۆ دوای ئەم رژێمە نەبووە، هەربۆیە لیبیا کەوتە بەر رەحمی میلیشیا تیرۆریستەکان و باندەکانی مافیا. لەم نێوەندەشدا فەرەنسا و بە تایبەتیش نیکۆلا سارکۆزی سەرۆکی پێشووی ئەم وڵاتە، لەریزی پێشەوەی تۆمەتباران دادەنرێن. بەڵام فەرەنسا لە سەردەمی ئیمانوێل ماکرۆن ، دەیەوێت رۆڵی خۆی باشتر بکات، هەربۆیە وابڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی گەورە بۆ پرسی چارەسەری کێشەی لیبیا بەرێوەبچێت.

هەوڵەکانی ماکرۆن
میدیاکانی فەرەنسا رایانگەیاند، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ئەمڕۆ بۆ دووەمجار کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی بە بەشداربوونی لایەنە لیبییەکان، بۆ کێشەی لیبیا ساز دەکات. ئامانجی سەرەکی ئەم کۆبوونەوەیەش، دۆزینەوەی رێگا چارەی ئاشتییە بۆ کێشەی لیبیا، زۆرێک لەمیدیاکانیش دەڵێن، ئەمجارەیان ماکرۆن دەیەوێت بۆ دواجار ، کێشە‌ی لیبیا چارەسەر بکات.

بۆتە کاری سەرەکی
زۆرێک لە میدیاکانی فەرەنساش باس لەوە دەکەن، لە ئێستادا کێشەی لیبیا بۆتە ئەرکی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی سەرۆک ماکرۆن، بەهەموو شێوەیەک دەیەوێت رۆڵی فەرەنسا لەم وڵاتە بەهێزتر بکات، ئەمەش تەنها لە دۆزینەوەی رێگا چارەی ئاشتی بۆ کێشەی لیبیا دەبێت.
هەموو لایەنە ناکۆکەکان بەشدارن
بە پێی سەرچاوە میدیاییەکان بێت، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا هەموو لایەنە ناکۆکە سەرەکییەکان ناو لیبیا بەشدارن بەتایبەتی هەر چوار لایەنە بەهێزەکە کە ئەوانیش بریتین لە: فائز سەراج سەرۆکی حکومەتی نیشتمانی ، هەروەها موشیر خەلیفە حەفتەر، هەروەها عقیلة صالح عیسا سەرۆکی پەرلەمان ، هەروەها خالید المشري.

نەخشە رێگای ئاشتی
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان بێت، بڕیارە لایەنە ناکۆکەکان لەسەر نەخشە رێگایەکی ئاشتیانە رێکبکەون، کە تێیدا هەتاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی ئەنجام بدرێت، دیارە ئەمەش لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتی دەبێت بکرێت.

دووەم هەوڵی ماکرۆنە
جێگەی ئاماژەیە ئەمە یەکەمجار نییە کە سەرۆک ماکرۆن هەوڵی ئاشتی لە لیبیا دەدات، بگرە ساڵی پاریش سەرپەرشتی کۆبونەوەی ئاشتی نێوان خەلیفە حەفتەرو فائیز سەراج کرد، لێ پاشان بەهۆی دەستێوەردانی ئیقلمی ، پرۆژەکە سەری نەگرت.

19 دەوڵەت بەشداری دەکەن
جێگەی ئاماژەیە لەم کۆبوونەوەیەدا وا بڕیارە 19 دەوڵەت بەشداری بکەن ، کە ئەوانیش بریتین لە : تونس و جەزائیر ومیسرو چاد، کە ئەمانە دراوسێیی لیبیان، هەروەها وڵاتانی ناوچەکە « سعودیە و مەغریب و کوێت و قەتەر و تورکیا و ئیتالیا» بانگهێشت کراون، لە رووی زلهێزەکانی جیهانیشەوە هەریەکە لە : ئەمریکا، روسیا، چین، بەریتانیا و ئەڵمانیا ، بەشداری ئەم کۆبوونەوەیە دەکەن.

یەکێتی ئەفریقا و UN
بڕیارە هەر لەو کۆبوونەوەیەدا دنیس ساسو نگیسو سەرۆکی کۆنگۆ کە لە ئێستادا لیژنەی باڵای یەکێتی ئەفریقایە بەشداری بکات، جگە لەوەش غەسان سەلامە، نوێنەری تایبەتی UN بەشدارە، بەمشێوەیەش دوو رێکخراوی گەورە‌ی جیهان بەشداری دەکەن کە ئەوانیش یەکێتی ئەفریقا و UN

هیوایەکی گەورە هەیە
زۆربەی میدیاکانی جیهانیش باس لەوە دەکەن، پێدەچێت لە کۆبوونەوەی ئەمجارەیان ، لایەنە ناکۆکەکانی لیبیا بگەنە دەرئەنجامێکی باش و کۆتایی بە نا ئارامی و جەنگ و پشێوی لە لیبیا بهێنرێت، چونکە لە کۆبونەوەی ئەمجارە، هەموو لایەنە ناکۆکەکان بەشدارن، لە رووی نێودەوڵەتیشەوە، زۆربەی زلهێزە ئیقلمی و جیهانییەکان بەشدارن.

بۆتە مایەی شەرمەزاری بۆ ئەوروپا و ناوچەکە
جێگەی ئاماژەیە لەئێستادا لیبیا بۆتە مایەی کێشە و شەرمەزاری گەورە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەکە ، چونکە لەلایەکەوە بۆتە مۆڵگەی زۆربەی رێکخراوە توندڕەوە ئیسلامییەکان لەپێش هەموویانەوە داعش و قاعیدە، لەرووی کۆچ و کۆچبەرانیشەوە کۆچ بۆ ئەوروپا زیادیکردووە، جگەلەوەش بۆتە مۆڵگەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و ماددەی هۆشبەرەکان. هەموو ئەمانەش بوونەتە کێشەی گەورە بۆ ئەوروپا .

سەرچاوە: ئاژانسەکان

 332 جار بینراوە