سەرەکی » راپۆرت » هه‌واڵ و سیاسەت » گۆڤارێکی فەرەنسی هەرایەکی گەورە لە دژی ئەردۆغان دەنێتەوە

گۆڤارێکی فەرەنسی هەرایەکی گەورە لە دژی ئەردۆغان دەنێتەوە

هەفتەی پێشوو گۆڤاری «Le point لو پوا» واتە « خاڵ، نوقتە» کە یەکێکە لە گۆڤارە ناسرا و گەورەکانی میدیای فەرەنسا، هەرایەکی گەورەی لەدژی تورکیاو سەرۆکەکەی نایەوە. هەمیشە ئەم گۆڤارە کاریگەریی گەروەی بەسەر ژیانی سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی فەرەنساوە هەبووە و خاوەنی پێگەیەکی بەهێزیشە لەناو میدیای جیهانیدا. کاتێک هەفتەی پێشوو بەرگی گۆڤارەکەی وێنەیەکی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیای دانابوو، تێیدا بە هیتلەر و دیکتاتۆر شوبهاندبووی.

رەخنەی توند لە سیاسەتەکانی ئەردۆغان
جگەلەوەش راپۆرتێکی درێژی لە بارەی سیاسەتەکانی ئەردۆغان لەبەرامبەر گەلی کورد و دراوسێکانی و ئەوروپای خستبووە روو. هەموو سیاسەتەکانی ئەردۆغانی بە دیکتاتۆریی و فاشیستانە وەسف کردبوو. هەرئەمەش وایکرد کە چ لەتورکیا و چ لە دەرەوەی ناڕەزایی گەورە لە دژی ئەم گۆڤارە دروستبێت، تەنانەت لە فەرەنساش هەوادارنی ئەردۆغان، پەلاماری کۆشكەکانیان دا، کە ئەم گۆڤارەیان بڵاوکردۆتەوە، هەر ئەمەش وایکرد کە سەرۆکی فەرەنسا بێتە دەنگ و بەرگری لە گۆڤارەکە بکات.

گۆڤارێکی ناسراوە
گۆڤاری لوپوا یەکێکە لە گۆڤارە ناسراوەکانی فەرەنسا و لەساڵی 1972 دامەرزاوەو هەفتانەش نزیکەی 450 هەزار نوسخەی لێدەفرۆشێت. ئەم گۆڤارەوە لەجیهاندا وەکو گۆڤاری « تایم» ئەمریکا و «شپیگلی» ئەڵمانیا، خاوەنی پێگەیەکی بەهێزە و هەموو جیهان ڕێزی لێدەگرێت، هەرئەمەش وایکرد کە هەموو تورکەکان تووڕە بکات، چونکە هیچ کاتێک گۆڤارێکی وا ناسراو، رەخنەی توندی لە تورکیا و ئەردۆغانەکەی نەگرتووە.

نەمانی ئازادی بیڕورا و پێڕەوکردنی سیاسەتێکی دیکتاتۆرانە
گۆڤارەکە لە راپۆرتەکەیدا تیشکی خستۆتە سەر سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئەردۆغان و پارتەکەی. لەمبارەیەوە دەڵێت: ئەردۆغان و پارتەکەی « پارتی دادو گەشەپێدان» دەیانەوێت رژێمێکی ستەمکاریی و دیکتاتۆریی هاوشێوەی هیتلەر لە تورکیادا دروست بکەن. دەشڵێت: لەئێستادا هەموو سیمایەکی سیستەمی دیموکراتی نەماوە و زیاتر شێواز و میتۆدی دیکتاتۆریان پێڕەو دەکرێت.

هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات
پاشان گۆڤارەکە دەڵێت: ئەردۆغان وەکو هیتلەر، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئەوروپا، لە هەمانکاتیشدا ئەردۆغا‌ن بەوە تاونبار دەکات، کە پەیوەندی بەو ئیسلامەییە توندڕەوانەوە هەبووە، کە کاری تیرۆریستیان لە ناو فەرەنسا ئەنجام داوە.

وەکو هیتلەر سیاسەت دەکات
پاشان لوپوا سیاسەتەکانی ئەردۆغان بە سیاستەکانی هیلتەر شوبهاندووە، لەمەشدا هەوڵیداوە، خاڵە هاوبەشەکانی نێوان هیتلەر و ئەردۆغان کۆبکاتەو،ە بە تایبەتی سیاسەتەکانی بەرامبەر بە گەلی کورد، کە بە سیاسەتێکی فاشیستانە وەسف کردووە.

سیاسەتی فاشیستانە بەرامبەر بە کورد
لە راپۆرتەکەدا زۆر بەووردی باسی سیاستەکانی ئەردۆغان دەکات لەبەرامبەر گەلی کورد لە تورکیا و دەڵێت: ئەردۆغان سیاسەتێکی فاشیستانە بەرامبەر بە گەلی کورد لەناو تورکیادا پێڕەو دەکات و کورد بە رەگەزێکی کەمتر لە مرۆڤ دادەنێت. دەشڵێت: ئەمە هەمان سیاسەتی هیتلەرە کە دژی رەگەزی نائەڵمانیەکان پێڕەوی دەکرد.

عەفرینی شەهید
هەروەها لە درێژەی راپۆرتەکەدا تیشکی خستۆتە سەر هێرشی داگیرکاری سوپای تورکیا لە عفرین و دەڵێت: تورکیا پەلاماری شاری عەفرینی داو کۆمەڵێک پێشێلکاری گەورەی لەدژی گەلی کورد لەو شارە کردووە. دەشڵێت: تورکیا لەکاتێکدا کوردەکانی سوریا بەتیرۆریست وەسف دەکات، کەچی خۆی هاوپیەمانی لەگەڵ کۆمەڵێک گرووپی تیرۆریستی ئیسلامی توندڕەو بەستووە.

کاردانەوەی توند
لە پاش بڵاوبونەوەی گۆڤارەکە ناڕەزایی گەورەی لەناوەوەو دەرەوەی تورکیا لێکەوتەوە، حکومەت و میدیاکانی نزیک لە ئەردۆغان، هێرشی توندیان کردە سەر گۆڤارەکە، لە هەمانکاتیشدا لەناو فەرەنساشدا، تورکە هەوادارەکانی ئەردۆغان ، پەلاماری هەندێک کۆشكیان دا، کە بەرگی گۆڤارەکەیان بڵاوکردبوەیەوە و ناچاریان کردبوون کە گۆڤارەکە نەفرۆشن.

ماکرۆن بەرگری کرد
لە پاش ئەوەی گۆڤارەکە رووبەروی فشاری گەورە بوویەوە، ناچار ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا هاتە مەیدان و بەرگری لە گۆڤارەکە کرد. لەمبارەیەوە لە پۆستێکیدا لە سەر واڵەی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی تویتەر ماکرۆن رایگەیاند: ئێمە بە هیچ شێوەیەک ڕازی نابین لافیتەی بەرگی گۆڤاری لوپوا لەکۆشکەکان لاببرێت، چونکە ئەمە بەدڵی دوژمنانی ئازادیی نییە جا لە فەرنسا بێت یان لەدەرەوە بێت. دەشڵێت: ئازادی رۆژنامەگەری هیچ نرخی نییە، بەبێ ئەویش مانای دیکتاتۆری دەبەخشێت.

گرژییەکانی نێوانیان زۆرتر دەکات
جێگەی ئاماژیە لە پاش داگیرکردنی شاری عەفرینەوە لەلایەن تورکیاوە، فەرەنسا ناڕەزایی دەربڕیی و بە ناردنی چەند یەکەیەکی سەربازی سوپای فەرەنساش بۆ رۆژئاوای کوردستان، هێندەی تر ئەردۆغان و حکومتەکەی دژی فەرەنسا وەستانەوە، هەتاوەکو ئێستاش پەیوەندییەکانی نێوانیان گرژی زۆرتری تێکەتووە.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

 1,027 جار بینراوە