سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » میدیای ئەڵمانیا سەرزەنشتـی دۆنـاڵد ترەمپ دەکاتپەڕە 3

میدیای ئەڵمانیا سەرزەنشتـی دۆنـاڵد ترەمپ دەکات

سەبارەت بە سەردانەکان و بەشداریکردنی «دۆناڵد ترەمپ» سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبونەوەکانی هەفتەی رابردوی ناتۆ و دواتر سەردانی بۆ بەریتانیا و دیدارەکانی لەگەڵ شاژنی ئەو وڵاتە و تیریزا مای سەرەک وەزیران و کۆبونەوەی چاوەڕوانکراوی لەگەڵ پوتینی سەرۆکی ڕوسیا، کەناڵەکانی میدیای ئەڵمانیا ڕەوشی جیهان لە ژێر سێبەری سیاسەتەکانی ئەو سەرۆکە هەڵدەسەنگێنن و گەشبینی نابینن لە ئاڕاستەی خێر و ئاشتەوایی جیهانی.

نابێتە سەکۆی دیموکراسی
لەمبارەیەوە ڕۆژنامەی « سود دۆئیچەزایتۆنگ» نوسیویەتی: ترەمپ بە لێدوانە ئاگرین و توندەکانی ڕەچاوی بنەماکانی برایەتی و هاوپەیمانێتی ناکا و هەمیشە هەوڵ دەدات بە هەڕەشە و گوڕەشە سیاسەتی خۆی فەرز بکات. دواتر دەڵێت: ئەو وڵاتە لە ژێر سیاسەتی ئەو پیاوەدا، قەت ناتوانێت خۆی بکاتە منارەیەکی دیموکراسی و ئاشتەوایی بۆ وڵاتانی تر، ڕاگەیاندنەوەکانی ترەمپ لە دژی ئەوروپا دوورە لە بنەماکانی هاوپەیمانێتی و بەیەکەوە کارکردن.

دەیەوێت ئەوروپا تێک بشکێنێت
ڕۆژنامەی» ڕاین پفلاتس» یش بەهەمان شێوە پلارەکانی ترەمپ بەرامبەر بە ئەڵمانیا سەرزنشت دەکات کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا وتبوی» ئەڵمانیا داردەستی ڕوسیایە» . لەمباریەوە دەنوسێت: ئەوروپا بۆتە بەرداش لەنێوان هەردوو جەمسەری ئەمریکا و ڕوسیا و هەریەکەیان دەیانەوێت بەرژەوەندیەکانی خۆیانی بەسەردا ساغ بکەنەوە، دۆناڵد ترەمپ دروشمی « یەکەم جار ئەمریکا» ی هەڵگرتوە و تەنها بیر لە بەرژوەندی وڵاتەکەی خۆی دەکاتەوە، هەوڵی لێکترازاندن و بێهیزکردنی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەدا و دواتریش دەیەوێت لەگەڵ ڕوسیا بەسەر هەژمونی خۆیانی دابەش بکەن، ئەو شیکردنەوانەش لەکاتێکدایە کە لەکاردانەوەی ووتەکانی ترەمپ لەسەر ئەڵمانیا « جوبرائیل مارکیز» سەرۆکی پێشووی پارتی سۆسیالدیموکرات وتبوی کە ترەمپ دەیەوێت ئەوروپا لەبەریەک هەڵوەشێنیتەوە.

ترەمپ بازرگانە
پێگەی تەلەفزیۆنی کەناڵی» باکوری ئەڵمانیا NRT « لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ترەمپ لەپێش سەردانەکەیدا بۆ لەندەن ڕەخنەی لە «تیریزا مای « گرت لە پرۆسەی « برێکست» و چونە دەرەوەی وڵاتەکەی لە ئەوروپا، بەڵام دوایی کە کۆبونەوەو باسی بازرگانی و سەوداسەریان کرد و پێدەچێت بەرژەوەندی ئابووریان لەگەڵ یەکدی گرێدابێ و بەریتانیا ئەمریکای وەک ئەلتەرناتیڤێک دیاری کردبێت لەجیاتی ئەوروپا، ئیدی زمانی خۆی گۆڕی و ستایشی ڕۆڵی ئەو ژنەی کرد لە پێشبردنی وڵاتەکەی،ئەو کەناڵە دەڵشێت: ئەو پیاوە بە راستی بازرگانی دەکا.

لە دژی ترەمپ خۆپیشاندانیان کرد
پێگەیکەناڵی « دۆیتچە ڤێلە DW « لەسەر ناڕەزایەتی خەڵک لەسەردانەکەی ترەمپ بۆ بەریتانیا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوەو ئاماژە بەوە دەکات کە لەو ڕۆژەدا زیاتر لەسەد هەزار کەس ڕژانە سەر شەقامەکان و ئیدانەی سیاسەتی ترەمپیان کرد لە ڕووی مامەڵەکردن لەگەڵ دونیای دەرەوەو مەسەلەی ژن و ستراتیژیەت و پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەریتانیادا، خۆپیشاندەران دروشمی دەرکردنی ترەمپیان بەرزکردەوەو داوایان لە حکومەتی خۆیان کرد کە بڕوا بەو کەسە نەکات و وڵاتەکەیان نەخاتە ژێر هەژمونی خۆی.

ئەمریکا سەبەبکارە
ڕۆژنامەی «دی ڤێڵت»ڕەخنەی توند لە ترەمپ دەگرێت بەوەی کە لە پەراوێزی کۆبونەوەکانی ناتۆدا وتبوی « کۆچەران شیرازە و کولتوری ئەوروپایان تێکداوە» ڕۆژنامەکە نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لەوەی کە سەرۆکی وڵاتێکی وەک ئەمریکا کە خۆی بە دیموکراسخواز و مرۆڤدۆست دەناسێنیت لێدوانی لەو جۆرە بدا، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەمریکا سەبەبکاری ئەو ئاژاوە و شەڕوشۆرانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کەچی پێی نەنگیە کە ئەوروپا قوربانی و هەڵاتوەکانی ئەو شەڕانە بحەوێنیتەوە و داڵدەیان بدات.

کۆچ پرۆسەیەکی سەرکەوتوە
هەروەها پێگەی «شپیگل ئۆنلاینە»ش بەهەمان شێوە بە پێچەوانەی تێڕوانینی ترەمپ داکۆکی لەسیاسەتی کۆچی ئەڵمانیا دەکات کە لەمساڵانەی دواییدا بە خەستی ژمارەیەکی زۆر بێگانەی وەرگرتوە و بەشێکی زۆری لە بازاڕی کاردا بەگەڕ خستوە، پێگەکە ئەو سیاسەتە بەسەرکەوتوتر لەقەڵەم دەدات ئەگەر حکومەت بتوانێت پرسی کۆچ هاوتەریبی جیهانگیری بکا و لە بواری ئابوری زیاتر سودیان لێوەرگرێ و بەرە و دەستی کار و بەرهەمهێنان بیانجوڵێنێت.

 521 جار بینراوە