سەرەکی » کەلتوور » کوردبوون و ناسیۆنالیزم

کوردبوون و ناسیۆنالیزم

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی: (بوونی نـەتەوەیی کورد، لە نێوان فەلسەفە و سۆسیۆپۆلـەتیکدا)ی د. عرفان مستەفـا

هەڵۆ بەرزنجەیی
به‌شی سی و پێنج
پاشان نووسەر دەمان بات بۆ لای باسێکی تری جیاوازی نێوان بزوتنەوە مۆدێرنە کوردییەکان و عەرەبەکان و دەڵێ:
«ئەوەی بزووتنەوە مۆدێرنە کوردییەکان لە بزووتنەوە مۆدێرنە عەرەبییەکان جیادەکاتەوە،بنەمای نەتەوەخوازی و بنەمای کوردبوونە.بزووتنەوە مۆدێرنە عەرەبییەکانی دوای هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەبن بە بزووتنەوەیەکی نەتەوەخواز و بەوە بوونی نەتەوەیی عەرەب لەناو سنووری سیاسی  ئەو هەموو دەوڵەتە عەرەبییەدا دەپارێزن و لەناو چەند دەوڵەتێکی سەربەخۆدا لە رێگەی سەراپاگیرکردنی کەلتورە مۆدێرنەکەوە بەو زمانە عەرەبییە کە پێشتر زمانی کەلتورە مەزهەبی و نامەزهەبییەکەی خەلافەتە عەرەبییەکان بوو،نەتەوەیەک بە ناوی نەتەوەی عەرەبەوە دروست دەکەن. ئەوان بە پەیڕەویکردن لە بنەمای نەتەوەخوازی نەتەوەکەیان دروستدەکەن،بۆیە ناتوانین لە باسکردنی نەتەوەخوازی عەرەبیدا باس لە چەند نەتەوەخوازییەکی جیاواز بکەین.
هەموو بزوتنەوە مۆدێرنە عەرەبییەکان بەوەی کە بەو زمانە عەرەبییە کەلتورە مۆدێرنەکە لە سنوری دەوڵەتەکانی خۆیاندا سەراپاگیر دەکەن و هەر یەکەیان زارەکەی خۆی ناکات بە زمانی کەلتورە مۆدێرنەکە و هەریەکەیان واز لە زمانە ناوچەییەکەی خۆی دێنێ و ئەو زمانە دەکات بە زمانی کەلتورە مۆدێرنەکە کە هەزار و چوارسەد ساڵە بەبێ گۆڕان وەک خۆی ماوەتەوە،ئەمەش وا لەو بزووتنەوە مۆدێرنانە دەکات لە چوارچێوەی یەک بزووتنەوەدا کۆببنەوە کە نەتەوەخوازیی عەرەبییە».٥٤٨ ـ٥٤٩
هۆکەیشی ئەوەیە
هاوکات لە ڕێگەی ئەم دراوەوە، دەتوانین بڵێین کە بزووتنەوەی مۆدێرنی کوردی هەیە، بەڵام ناتوانین بڵێین نەتەوەخوازییەک یان چەند نەتەوەخوازییەکی جیاوازی کوردی هەیە. هۆکەیشی ئەوەیە، سەرلەبەری ئەو بزووتنەوانە، لە گەوهەردا نەتەوەخواز نەبوون و لەسەر بنەمای کوردبوون هەڵساون. پوختەی بۆچوونی نووسەر بریتییە لە:
« بۆ ئەوەی بزووتنەوە کوردییەکان لەناو دەوڵەتە ناکوردییەکاندا یان لەناو دەوڵەتێکی کوردی گریمانەکراودا بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی بن، دەبێت بزووتنەوەیەکی ئۆتۆنۆمیخوازبن، بەڵام بۆ ئەوەی بزووتنەوەیەک لەناو دەوڵەتە مۆدێرنەکەدا بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی بێت، دەبێت بزووتنەوەیەکی نەتەوەخواز بێت نەک بزووتنەوەیەکی ئۆتۆنۆمیخواز، هەر بزوتنەوەیەکی نەتەوەخواز، لەناو ئەم دەوڵەتانەدا داوای ئۆتۆنۆمی بکات، لەوە دەکەوێت بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی بێت و بەمە دەگۆڕێت بۆ بزووتنەوەیەکی خێڵەکی و ئەتنیکی. لەبەر ئەم هۆکارەیە، کە دەتوانین بڵێین شتێ بەناوی نەتەوەخوازی لەناو کۆمەڵگای کوردیدا بەرچاو ناکەوێ و نییە و ئەگەری سەوزبوونیشی مەحاڵە.
نووسەر شیتەڵ کارییەکی ورد و بابەتییانەی ئەم پرسە و ڕەهەندەکانی دەکات، چەقی باسەکە بە لای نووسەرەوە لەوەدایە، بزووتنەوە کوردییەکان دەتوانن ڕەوایەتی لە کوردبوونی خۆیان وەرگرن، گەر بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی بن. بەڵام ئەم ڕەوایەتییە لەدەست دەدەن، گەر بێتوو، خۆیان بگۆڕن بۆ بزووتنەوەیەکی نەتەوەخواز، نەتەوەخواز بەو تێگەیشتنەی، کە ئەو فرەییەی مەیدانی زمان و کولتوری کوردی، تێکڕایان ببێت بە ژێر قورسایی ئامانجێکی نەتەوەخوازی یەکڕەنگ و یەک ماناوە، و بپلیشێنەوە.
«کێشەی بزووتنەوە کوردییەکان بەر لە دروستبوونی دەوڵەتە نەتەوەییەکان و دوای دروستبوونیان و دابەشکردنی کورد بەسەر چوار دەوڵەتە نەتەوەییەکەدا، لەوەدا بووە، ئەو بزووتنەوانەی کە دەوڵەتە نەتەوەیییەکانی  خۆیان دروست کردووە،بنەمای بوونە نەتەوەییەکەیان لەگەڵ بنەمای نەتەوەخوازیدا یەک بووە و لێکدژ نەبووە. فارسیبوون یان عەرەبیبوون یان تورکیبوون یان فەرەنسایبوون، بنەمایەکە لەگەڵ ئەو بنەمایەی نەتەوەخوازیدا یەکە کە داوای  ئەوە دەکات لەناو سنوری سیاسی دەوڵەتێکدا دەبێت یەکەی کولتوری لەگەڵ یەکەی سیاسیدا هەمئاهەنگ بێت. بەڵام بنەمای کوردبوون لەگەڵ ئەم بنەمایەدا لێکدژ دەبێتەوە».٥٥١
خوێندنەوەیەک لەسەر پرسی کورد بکرێ
یەکێ لەو ڕاستییە حاشا هەڵنەگرانەی بەردەوام پێویستە،لای دۆست و دوژمن،  جەختی لەسەر بکەینەوە،هەڵکەوتی تایبەت و ئالۆز و کێشەی بێوێنەی پرسی کوردە،لە ناوچەکە و جیهانیشدا.هەر بۆیە هەر قسە و خوێندنەوەیەک لەسەر پرسی کورد بکرێ، دەبێت کتومت بنەما ڕەسەنەکانی خۆی و  واقیعە تاڵەکەی تێی کەوتوو و بۆی نەخش کێشراوە، لەبەرچاو بگیرێ. دەنا کارەکە، نابەبەتییانە و نیوەناچڵ و کرچوکاڵ، خۆی دەدات بە دەستەوە. لەم ڕووەوە بێشکچی دەڵێ:
<< نەتەوەی کورد خرایە دۆخێکەوە کە تیایدا مەبەست ئەوە بوو ژێردەستییەکەی هەتا هەتایی بێت. وا مەبەست بوو نەتەوەی کورد تاهەتایە بەشکراو و لەتکراو و پێچراوە و دوور لەیەک و لەیەک ترازاو و بێ پێناسنامە بمێنێتەو>>.
ـ کێشەی بزوتنەوە کوردییەکان لەناو دەوڵەتە ناکوردییەکاندا
لەم بەشەدا،د.عرفان،بیروڕایەکی د. عباس وەلی،لەڕێی ڕەخنەیەکی بابەتییانەوە ڕەتدەکاتەوە.نووسەر سوورە لەسەر ئەوەی بزووتنەوە کوردییەکان لەبەردەم یەک جۆر لە نەتەوەخوازیدابن. جیاوازی کولتوریی چ کاریگەرێتییە بەسەر ئەوە نییە چەند بزووتنەوەکە بخوڵقێنن.کارایی و یەکبوون و پەرچەکردار گوایە فرەیی و جیاوازی لە بزووتنەوەدا نیشانەی کارایی و سەربەخۆیی بزووتنەوە بەدیار ناخات. ئەم بزووتنەوە وەک پەرچەکردارێکی بزووتنەوەی نەتەوەخوازی تورک و فارس و عەرەبە،بۆیە نەیتوانیوە بە کارایی خۆی یەکبوون پێک بهێنێ.»  دروستکردنی پەیوەندییەکی لۆجیکی لە نێوان یەکبوونی کەلتوری و کارایی بەرهەمهێنەرەکەی و جیاوازی کەلتوری و ناکارایی بەرهەمهێنەکەی،سەرچاوە لە بنەمای نەتەوەخوازییەوە دەگرێت».٥٥٧
نووسەر، لایەنەکانی دیکەی بیروڕاکانی عەباس وەلی هەڵدەسەنگێنێ. ع. وەلی، پێی وایە بزووتنەوەی کوردی کە لەناو ئەو چوار دەوڵەتە بێتە دەرێ و دەوڵەتی خۆیشی دروست بکات، هەر دەبێتەوە بە چواربەش. ئەمەش سیمای سروشتێکی سەرونەتەوەیییەک بە کۆمەڵگای کوردی دەبەخشێ. لەمەش زیاتر پێدادەگرێ و پێی وایە کە دەکرێ سروشتێکی خوارنەتەوەیی پێ بدات. پێی وایە کورد لە هەر یەکێ لەو پارچانەدا بە کۆمەڵێ بەرژەوەندی کرچوکاڵ لەژێر ناوی ئۆتۆنۆمیدا ڕازی بێت، کێشەکەی چارەسەر دەبێت. د. عرفان لەوێوە بەرەو بەسەرهاتێکی دیاری تری کوردیمان دەبات و دەنووسێ:
«(مەم و زین)ەکەی ئەحمەدی خانی و ئەو هوشیارییە نەتەوەییەی کە گوزارشتی لێکراوە بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەیە لەسەر ئەوەی کە لەناو کۆمەڵگا کوردییەکاندا هوشیاری بە نەتەوە زیاترە لەو کۆمەڵگایانەی کە عەسەبیەت جەوهەرەکەیانە. نەتەوە لەناو ئەو هوشیارییە نەتەوەییەدا کە خانی گوزارشتی لێکردووە بەرهەمی نەبوونی کۆمەڵگا کوردییەکەکانە بەعەسەبە و هەوڵە بۆ ئەوەی کۆمەڵگای کوردی لە بەرامبەر عەسەبەکاندا باس لە کۆمەڵگایەک  بکات کە جەوهەرەکەی دەمارگیری و عەسەبییەت نەبێت. کورد کە دێتە ناو سەردەمە مۆدێرنەکەوە بەو هەموو تراژیدیایەوە دێت کە بە هۆی نەبوونی عەسەبە و نکۆڵیکردن لە بوونی لە لایەن عەسەبە فارسی و تورکی و عەرەبییەکانەوە تووشی بووە،ئەمەش وادەکات بیرکردنەوەی ئەم بزووتنەوانە لە نەتەوە جیاواز بێت لە بیرکردنەوەی ئەو بزووتنەوە نەتەوەخوازانە لە نەتەوە>٥٦٢ـ ٥٦٣
ڕەوتی مێژوو لای بزووتنەوە کوردییەکان
ئەو نەتەوانەی بەرهەمی نەتەوەخوازین، گەرەکیانە تەماهیی(جووتبوونی یاخود ئاوێتەبوونی ماهیەتی دووشت لە یەک شتدا)، لە نێوان بیرۆکەی نەتەوەخوازی و عەسەبە، لە یەک کار و ئەرک دا بکەن وەک یەک بەڕێوەبەرن.
 بەم پێیە لە هەوڵی ئەوەدان لەسەر مێژووی عەسەبە بەردەوام بن. کۆمەڵگا مۆدێرنەکان بە ئاڕاستەی عەسەبەی مۆدێرنی دا بەرن. زاڵێتی و ئاغایەتی خۆیان بکەنە تاکە ئامانج. بەڵام ڕەوتی مێژوو لای بزووتنەوە کوردییەکان، بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا، دەڕوات بەڕێوە، لەبەرئەوەی  بزووتنەوەی کوردیی گیرۆدەی ماهیەتی کوردبوونی خۆیەتی.
«دیموکراسیەت لەناو ئەو دەوڵەتانەدا کاتێک دەبێت بە دیموکراسیەت بۆ بزووتنەوە کوردییەکان کە ببێت بە زەمینەیەک بۆ سەرهەڵانەوەی ئەو کۆمەڵگا مۆدێرنانەی کە لەناو ئەو کۆمەڵگا مۆدێرنەدا بزرکراون کە بزووتنەوە نەتەوەخوازە باڵادەستەکە پەرەیپێداوە.لەو شوێنەدا کە بزووتنەوە کوردییەکان لەناو ئەو دەوڵەتانەدا پێویستیان بە دیموکراسیەتە،نەتەوەخوازە باڵادەستەکانی ئەو دەوڵەتانە پەیڕەوی لە تۆتالیتاریەت دەکەن».٥٦٥
بزووتنەوە کوردییەکان لەگەڵ هی تورک و فارس و عەرەبییەکاندا، لە هەوڵی بۆ بەرەو پێشچوون و پەرە پێدانی کۆمەڵگا دا بوون. بەڵام کاتێ، بزووتنەوەی نەتەوەخوازی ، تورک و فارس و عەرەب دەیەوێ نەتەوەخوازی خۆی لە بەرژەوەندی کۆمەڵگا مۆدێرنەکەی خۆی، کە بە دەوڵەت گەیشتووە، کە لە کرۆکدا ئەو دەوڵەتەی خۆیان بوونە خاوەنی پەرەپێبدات، ئەوکات لەگەڵ بزووتنەوە کوردییەکاندا دەکەوێتە کێشەوە.
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رقصە اخیلتی

رقصە اخیلتی دیوانە شیعرێكی شاعیر عەلی مەعروف بەهروردییە، عەبدولستار شارباژێری ...