سەرەکی » دۆسێ » رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی: ترەمپ و رۆحانی چاویان بەیەك دەكەوێت

وادەی كۆبوونەوە «مێژووییەكە» دیاریی دەكرێت

رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی: ترەمپ و رۆحانی چاویان بەیەك دەكەوێت

ڕۆژنامەیەكی ئیسڕائیلی كات و شوێنی كۆبوونەوە «مێژووییەكەی» سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكی ئێران ئاشكرادەكات.
ڕۆژنامەی (معاریف)ی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی ڕۆژئاواییەوە بڵاویكردبۆوە» دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، بەم نزیكانە لە نیویۆرك چاوی بە حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران دەكەوێت».
بەپێی رۆژنامەكە «دیدارەكە لە مانگی ئەیلولی داهاتوو لەكاتی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی كۆمەڵی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە نیویۆرك سازدەكرێت».
رۆژنامەی (مەعاریف) دەڵێت»سەرچاوە دیپلۆماسییە ئەڵمانی و فەرەنسییەكان، لە ئێستادا دەستیان بە گفتوگۆی ناڕەسمی كردووە لەنێوان ئێران و ئەمریكا، ئەمەش لەپێناو ئامادەسازیی بۆ بەستنی لوتكەی كۆبوونەوە «مێژووییەكە» لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان».
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ماڵپەڕی (دیبكا)ی ئیسڕائیلی بڵاویكردبۆوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ دیداری حەسەن ڕۆحانی سەرۆكی ئێران، وێڕای ئەوەی پێشتر تاران بانگەوازەكەی ترەمپ-ی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ سەركردە ئێرانییەكان ڕەتكردبۆوە».
هەر بەپێی ماڵپەڕەكە»ترەمپ ئامادەیە كۆبوونەوەی لوتكە لەگەڵ ڕۆحانی سازبكات، ئەوەش لەڕێگەی كەسێتییەكی عومانی، كە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە، بەبێ ئەوەی فەرماندە سەربازی و سیاسییە ئیسرائیلیەكان ئاگاداربن، گفتوگۆی نهێنی لەنێوانیان دەستپێكردووە».
پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، ئامادەیی خۆی دەربڕیبوو، چاوی بە سەركردە ئێرانییەكان بكەوێت، بەبێ‌ مەرج و لەهەركاتێكدا كە ئەوان بیانەوێت».
ترەمپ لە لە كۆتایی مانگی تەمموزی 2018، بە رۆژنامەوانانی راگەیاندبوو»بڕوام بە چاوپێكەوتنەكان هەیە و گەر بیانەوێت چاومان بەیەك بكەوێت، چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا سازدەكەم».
ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای ئەو یەكتر تۆمەتباركردنەبوو لەگەڵ حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران لە سەرەتای مانگی تەمموزی رابردوو.
گەر ئەو چاوپێكەوتنە سازبكرێت، یەكەم چاوپێكەوتنی لەو جۆرە دەبێت لەنێوان ئەمریكاییەكان و ئێرانییەكان لەپاش بەرپابوونی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979.
لەبەرانبەردا، بەرپرسانی ئێران ئەم دواكارییەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایان، بە سیناریۆیەك بۆ هەڵخەڵەتاندنی ئێران لەقەڵەمدابوو، و رایانگەیاندبوو، ئێران جگە لە گەڕانەوە بۆ رێكەوتنە ئەتۆمییەكە، بەهیچ شێوازێكی تری گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكاییەكان رازیی نابێت، بەڵام ئەمەی دەگوترێت لەڕێی میدیاكانەوەیە، ئاشكرا نییە هەڵوێستی راستەقینەی تارانە لەو بارەیەوە بە كوێ‌ دەگات، بە تایبەت لەئێستادا كە وڵاتەكە بە دۆخێكی ئابوری ناقوڵادا تێدەپەڕێت و دراوی نیشتمانی ئێرانی تادێت لەبەرانبەر دراوەكانی تردا، دووچاری كەمبوونەوەی بەها و داڕمان دەبێت.
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، پشتیوانی خۆی بۆ چاوپێكەوتە دەربڕیبوو لەگەڵ ئێران «گەر پابەند بێت بە گۆڕینی هەڵسوكەوتەكانی».
پۆمپیۆ بە بە كەناڵی (سی.ئێن.بی.سی)ی تەلەفیزیۆنی راگەیاندبوو»بۆ چارەسەركردنی كێشەكان سەرۆك دەیەوێت لەگەڵ خەڵكیدا دابنیشێت».
لە مانگی ئایاری رابردوو، پۆمپیۆ 12 مەرجی دانابوو بۆ هەر رێكەوتنێكی نوێ‌ لەگەڵ ئێران، لەوانەش پاشەكشەپێكردنی هێزەكان لە سوریا و سنورداركردنی پشوانییەكانی بۆ حوسییەكانی یەمەن.
لە ساڵی 2013، رۆحانی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمریكادا كرد، ئەوەش دوای رەتكردنەوەی پێشنیارێك بۆ چاوپێكەوتنی نێوانیان لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان.
لەم ماوەیەی دواییدا هەڕەشە و لێدوانە توندەكانی نێوان ترەمپ و رۆحانی گەیشتنە ئاستێكی نەخوازراو، بە جۆرێك كە سەرۆكی ئێران هەڵوێست و سیاسەتەكانی ئەمریكایی بە یاریكردن بە «كلكی شێر» وەسفكردبوو.
لەبەرانبەردا ترەمپ لە تویتێكی توڕەیدا وەڵامی رۆحانی دابۆوە و ئامۆژگاری كردبوو كە جارێكی تر هەڕەشە لە ولایەتە یەكگرتووەكان نەكات»بەپێچەوانەوە وڵاتەكەی دووچاری گێژاوێك دەبێت كە كەمێك لە مێژوودا دووچاری بووە».
بەپێی ئاژانسی دەنگوباسی رەسمی ئێران (ئێرنا)، رۆحانی بە دیپلۆماتكارە ئێرانییەكانی راگەیاندبوو»دەبێت ئەمریكا بزانێت كە ئاشتی لەگەڵ ئێران، دایكی ئاشتییەكانە و جەنگیش لەگەڵیدا دایكی جەنگەكانە».
لە مانگی ئایاری رابردوو، ولایەتە یەكگرتووەكان پاشەكشەكردنی خۆی لە رێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران راگەیاند كە لە ساڵی 2015 ئیمزاكرابوو بۆ راگرتنی چالاكییە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكە، لەبەرانبەردا ئاماژە بە هەڵگرتنی سزا سەپێنراوەكانی سەر ئێران كرابوو.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، لە 6ی ئابی 2018، سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری خستنەوەكاری سەپاندنی سزاكانی بەسەر ئێراندا ئیمزاكرد كرد و بەپێی كارنامەكەش، سزاكانی سەر ئێران لە كۆتایی هەفتەی رابردووەوە كەوتوونەتەوە كار.
سزاكان بە دوو قۆناغ دەسەپێنرێنەوە، قۆناغی یەكەم 8ی ئابی 2018، (بە كاتی گرێنچ) دەسـتپـێدەكات. لەم قۆناغەدا سزا دەخرێتە سەر بازاڕی دراوی ئێران و بازرگانیكردن بە زێڕ و كانزاكانی تر قەدەغە دەكرێت لەگەڵ ئێران، و ڕێگە نادرێت هیچ تەكنەلۆجیایەكی پەیوەست بە كەرتی پـیشەسازی و دروستكردنی ئۆتۆمبیلیش بدرێت بە ئێران.
قۆناغی دووەمیش لە 5ی تشرینی دووەمەوە دەستپـێدەكات، لەو قۆناغەشدا هەناردەی نەوتی ئێران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ڕێگەی بەندەرەكانی ئێرانەوە، قەدەغە دەكرێت.
بیانوی سەپاندنەوەی سزاكان بەسەر ئێراندا ئەوە، ڕێگرتنە لە دەستخستنی چەكی ئەتۆمی و زیادكردنی گوشارە دارایـیەكانە لەسەر كۆماری ئیسلامی «تا واز لە زمانی هەڕەشەكردن بهێنێ و دەستبەرداریی پەرەپـێدانی سیستمی موشەكی و پشـتیوانیكردن لە گروپە تێرۆرستیـیەكان و كارە نەخوازراوەكانی سوپای پاسداران و بریكارەكانی لە ناوچەكەدا ببێت».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمریكا كارمەندە ناسەرەكییەكانی لە عیراق پاشەكشە پێدەكات

ئەمریكا داوا لە كارمەندە ناسەرەكییەكانی دەكات لە عیراق، وڵاتەكە بەجێبهێڵن، ...