سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » سەرۆک دەڵێت: دەستوورمان پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە

تونس بە دوای شوناسی خۆیدا دەگەڕێت

سەرۆک دەڵێت: دەستوورمان پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە

لەمڕۆژانە لە وڵاتی تونس مشتومڕێکی زۆر هەیە لە دیاریکردنی شوناسی ئەو وڵاتە لە نێوان ئیسلامیەت وعەلمانیەتدا، ئەو وڵاتە بە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتە عەرەبیەکان کە دەستوری خۆیان لەسەر ئاینی ئیسلام بنیاتناوەو یاساو ڕێساکانی وڵاتەکانیان دەگەڕێننەوە سەر ئیسلام و قورئان و حەدیسەکانی پێغەمبەر (د.خ) بەڵام لە تونس لەسەر ئەو کەیسە دوو ئاڕاستە پەیدا بوە بە تایبەتیش ئەمە لەوکاتەدا پەیدا بوە کە پڕۆژە بڕیارێک خراوەتە ڕوو لەسەر مافی ژنان و وەک یەکیان لەگەڵ پیاوان لە میرات و ئازادیەکانی تریاندا، هەروەها مافی هاوڕەگەزبازەکانیش کۆمەڵگەی تونسی کردۆتە دوو ئاڕاستە.

مەسەلەی کۆمەڵایەتی
هەندێک دەڵێن: نابێت بۆ مەسەلە کۆمەڵایەتیەکان بگەڕێینەوە بۆ ئاینی ئیسلام بەڵکو دەبێت هاوتای کۆمەڵگە ئەوروپیەکان رێ بکەین و ئاین و دەسەڵات ودەستور لێک جیا بکەینەوە « باجی قائد سەبەسی» سەرۆکی وڵات لەگەڵ ئەو ئاڕاستەیەداو لەمرۆژانە بە ووتارێک لەسەر میرات پشتیوانی خۆی بۆ ژنان دوپاتکردەوە لە وەک یەکیان لەگەڵ پیاوانداو هەرایەکی گەورەی نایەوە، ئاڕاستەی دووەمیش کە پارتە ئاینیەکان و کەسانی موسـڵمان و دیندارەکانیان لەگەڵدایە پێ لەسەر ئەوەدادەگرن کە هاشێوەی وڵاتانی تری عەرەبی دەبێت تونس وەک وڵاتێکی موسڵمان بمێنێتەوەو ئاین سەرچاوەکەی دەستورەکەی بێت.

دەستوری نوێ
بە پێی دەستوری تازەی تونس کە لە ساڵی ٢٠١٤ هەموارکراوەتەوە دەڵێت « تونس وڵاتێکی ئازاد و سەربەخۆ و خاوەن سەروەری خۆیەتی، وڵاتێکی مەدەنی موسڵمانە» بۆیە سەرۆکی وڵاتەکە لە وتارەکەیدا ووتی: لە دەستوری ئێمەدا هیچ ئاماژە بەوە نەکراوە کە نابێت بڕیارێک بددەین لە دژی ئاینی ئیسلام بێت، ئێمە دەوڵەتێکی مەدەنین و هەقمان بەسەر ئیسلام و ئایەتە قورئانیەکانەوە نییە ، ئاینمان بۆ ئازادی خەڵک بەجێ هێشتوەو هەنگاونانیش بەرەو کۆمەڵگەی مەدەنی و دابینکردنی ماف و ئازادیەکانی مرۆڤ بە شێوەیەک کە لەگەڵ سەردەمی نوێدا بگونجێت، لە دژی ئاینی ئیسلام نییە، ئەوەی بڵێ دەستوری تونس ئیسلامیە هەڵەیەکی گەورە دەکات.

وتارەکەی سەرۆک هەرای نایەوە
ئەو وتارەی سەرۆک لە ڕۆژی نیشتیمانی مافی ژنان لە ناوەڕاستی مانگی ئاب هەرایەکی زۆری لە نێوەندی سیاسی و ئاینی و یاسایی ناوەتەوە ، سەرۆک بە خەڵکی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە کە ئەو بڕیارانەی خزمەت بە کۆمەڵگەی تونسی دەکات ئیمزای کردون و لەماوەی داهاتودا دەخرێنە بواری جێبەجێ کردنەوە.

بڕیارە نوێکان
بڕیارە نوێکان بریتین لە: نەهێشتنی سزای لەسێداران و لابردنی مارەییە لە پرۆسەی هاوسەرگیری، هەروەها وەک یەکی ژنان و پیاوان لە میرات و لابردنی ئەو ماوە دیارکراوەیە کە ئیسلام دایناوە بۆ ژنان لە کاتی جیابونەوەیان لەمێردی یەکەم و بە پێی بڕیارەکە یەکسەر بێوەژن بەبێ چاوەڕوانی دەتوانن هاوسەرگیری تر دروست بکەنەوە، هەروەها بڕیارێکی تریشە لە بەرژەوەندی بە هاوڕەگەزبازەکان .

بەهێزبوونی رەوتە ئیسلامییەکان
هەرچەندە ئەو وڵاتە لە نێو وڵاتە عەرەبیەکان و لە ماوەی ٨٠ ساڵی ڕابردودا باشترین مافی ژنانی پیادەکردوەو پێشەنگی دابینکردنی ئازادیەکانیان بووە، بەڵام ئەو مەسەلانەی کە ئێستا سەرۆک وروژاندویەتی هەستیاران، بە تایبەتیش کە کۆمەڵگە عەرەبیەکان توشی شەپۆلێکی ئیسلامی سیاسی بونەتەوەو لەناو ئەو وڵاتەشدا ئیسلامی سیاسی ڕۆڵی بەرچاوی هەیە و کاریگەریان بەسەر ڕای گشتیدا هەیە.

چارەنووسی تونس دیارنییە
لەڕۆژانی ڕابردوو و بەر لەجەژنی قوربان لایەنگرانی هەردوو ئەو ئاڕاستانە خۆپیشاندانی گەوەریان سازکردوەو هەریەکەیان دروشمی خۆی بەرزکردۆتەوە، جگەلەوەش چالاکوانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە خەریکی هاشتاگ و بیروڕاگۆڕینەوەو پۆستی تایبەتین لەسەر ئەم دۆسیەیە و مشتومڕەکان بەردەوامن، بەڵام جارێک دیار نیە کە ئایا کامەیان دەیباتەوە، بۆیە لەو ماوەیە ئەو وڵاتە گۆڕانکاری بەخۆوە دەبینێ لە دیارکردنی شوناسی خۆیدا، خۆ ئەگەر سەرۆک و لایەنگرانی لە پڕۆژەکانیان سەرکەوتن بێنن، ئەوا تونس دەبێتە یەکەمین وڵاتی عەرەبی کە دەستورێکی مەدەنی پیادەبکات.

سەرچاوە: میدیای ئەڵمانیا

 397 جار بینراوە