سەرەکی » راپۆرت » كۆبوونەوەكانی وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی لە بەغدا دەستیپێكرد

كۆبوونەوەكانی وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی لە بەغدا دەستیپێكرد

راپۆرتی سەرەتای هەفتە

تادێت كۆبوونەوە و گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق چڕتر دەبنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش لە بەغدا و هەرێمی كوردستان (هەولێر و سلێمانی) كۆبوونەوە و گفتوگۆ لەنێوان حزب و لایەنە سیاسییەكاندا بەردەوامە.

سەرۆك كۆمار پێشوازیی لە وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی كرد
ئێوارەی دوێنێ د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمار لە بەغدا پێشوازییكرد لە وەفدی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی ساسیی یەكێتی و فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی، كە ئێستا وەفدەكە لە بەغدایە بەمەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی فراكسیۆنە هەرە گەورە پەرلەمانییەكە.
سەرۆك مەعسوم گرنگیی یەكخستنی هەوڵەكانی هەمووانی دووپاتكردەوە لەپێناوی لێكتێگەیشتن كە فاكتەری یەكڕیزییە بۆ خۆشكردنی زەمینەی پێكهێنانی حكومەتی عیراق كە خواستەكانی گەل جێبەجێ بكات بە هەموو پێكهاتەكانییەوە.
بڕیارە وەفدەكە كە دوێنێ گەیشتە بەغدا، ئەمڕۆ یەكشەممە بە بەرنامەیەكی یەكگرتوو لەگەڵ هێزە سیاسییە عیراقییەكانی تردا دەست بكات بە راوێژ و گفتوگۆ سەبارەت بە جێبەجێبوونی داوا و خواستە سەرەكییەكانی هاووڵاتیان لە هەرێمی كوردستاندا.

״كەركوك مەحەكی سیاسەتمانە״
لەلایەكی دیكەوە، مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی لە دوو رۆژی رابردوودا لە كەركوك لە رێوڕەسمی یادی شەهیدی سەركردە ئازاد هەورامی-دا، رایگەیاند: هەموو لایەنە كوردستانییەكان، لایەنە عیراقییەكان، هەموو لایەنی هەرێمایەتی ‌و جیهانیش با باش بزانن، كەركوك ئێستا میحوەری خەباتی نەتەوایەتی، گەلی باشووری كوردستانە و لە باشووریش، كەركوك ئێستا میحوەری خەباتی ستراتیجی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە. وتیشی: بۆ ئێمەی یەكێتی لە دوای ئەم هەڵبژاردنە، كەركوك مەحەكی سیاسەتمانە. « بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداریی كوردستانییەتی كەركوك نابین. بەهیچ جۆرێكیش دەستبەرداری ئەنجامی ئیرادەی خەڵك لە هەڵبژاردنی رابردوودا نابین، بەهیچ شێوەیەكیش حكومەتی عەسكەری لە كەركوك هەتا سەر قبوڵ ناكەین ‌و دەبێ‌ حوکمی مەدەنی بۆ كەركوك بگەڕێتەوە و بەپێی شایستەیی هەڵبژاردن، مافی حزبی براوە لە كەركوك ‌و كوردستان، بدرێتەوە. كە ئەویش مافی مەدەنی، دیموكراسی ‌و دەستوورییە». راشیگەیاند: كەركوك، شاری دانیشتووانەكەیەتی و هی باوك و باپیرانی كەس نییە. لە دواهەمین هەڵبژاردنیش دەركەوت، یەكێتی شەش كورسی هێناوە. «كەركوك شارێكی كوردستانییە ‌و موڵكی هەموو دانیشتووانەكەیەتی».

کۆبوونەوە لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی
لە دوو رۆژی رابردووشدا، عومەر فەتاح كارگێڕی مەكتەبی سیاسی ‌و سەرۆكی لیژنەی سەرپەرشتیاری فراكسیۆنەكانی یەكێتی، بە ئامادەبوونی د.ئەرسەلان بایز ئەندامی مەكتەبی سیاسی ‌و ئارێز عەبدوڵڵا سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی یەكێتی، لەگەڵ فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆبۆوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، عومەر فەتاح ‌و د.ئەرسەلان بایز سیاسەتی گشتیی یەكێتی-یان لەبارەی پرسە سیاسیە گرنگەكانی عیراق ‌و چۆنێتیی مامەڵەكردن لەگەڵیاندا، روونكردەوە. هەروەك یەكڕیزیی هەموو پەرلەمانتارانی كوردستان لە بەغدا، بۆ پاراستنی سەنگ ‌و پێگەی كورد ‌و بەدیهێنانی مافە دەستووری ‌و دیموكراسییەكانی گەلی كوردستان بە گرنگ زانرا.

یەكێتی و وەفدی میحوەری وەتەنی كۆبوونەوە
دوێنێش وەفدی میحوەری وەتەنی سوننەكان، لەسلێمانی سەردانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق و چەندین پرسی گرنگ كرا.
ئەم كۆبوونەوانەش لەكاتێكدان بڕیارە سبەینێ 3/9/2018، یەكەم كۆبوونەوەی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت. هەروەك كۆتایی هەفتەی رابردوو لە سلێمانی وەفدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەجیا لەگەڵ حزبی شیوعیی كوردستان و حزبی سیۆسیالیست دیموكراتی كوردستاندا كۆبۆوە. ئەوەش لەكاتێكدا بوو هەر لەماوەی هەفتەی رابردوودا وەفدی یەكێتی لە هەولێر و سلێمانی زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامیدا كرد و لە سەرجەم كۆبوونەوەكاندا تەئكید لە پێویستیی یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان كرایەوە.

print

 43 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*