سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » من له‌م دونیایه‌دا ته‌واو ته‌نیام

من له‌م دونیایه‌دا ته‌واو ته‌نیام

فاروق هۆمه‌ر

نازانم چی بكه‌م. منداڵبووم و خۆشیم له‌ كتێب هات و وه‌ك ته‌ونێكی سیحری كه‌وتمه‌ ناوی و هه‌رچی ده‌كه‌م لێم نابێته‌وه‌. دواتر هیچ شتێك هێنده‌ی خوێندنه‌وه‌ خۆشی پێنه‌دام. من وه‌ك گه‌نجێكی سه‌رلێشێواو هاتمه‌ده‌رێ و نه‌ ژن و نه‌ پاره‌ و نه‌ ناوبانگ و نه‌ زانكۆ و ماشێن و شته‌ كاتییه‌كانی ئه‌م دونیایه‌ بۆیان نه‌كرا شوێن خۆیانم بخه‌ن و منیش له‌گه‌ڵ هیچ یه‌كێك له‌وان دانووم نه‌كۆڵا. خۆشیشم به‌ ده‌زگا هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه‌كان نه‌هات. كاتێكیش بووم به‌ مامۆستا، مامۆستایێكی شڕۆڵه‌بووم هیچ یه‌كێك له‌ هاوڕێكانم وه‌ك مامۆستا ته‌ماشایان نه‌ده‌كردم. هه‌میشه‌ قژ و ڕیش هاتوو و پێم پێده‌كه‌نین. هونه‌رمه‌ندان لای خۆیان وه‌ریان نه‌ده‌گرتم، ده‌یانگوت بڕۆ بۆ نووسه‌ران. نووسه‌رانیش وه‌ك نووسه‌ر لێیان نه‌ده‌ڕوانیم و بۆ لای هونه‌رمه‌ندانیان ده‌ناردمه‌وه‌. شانۆم كرد و نه‌بووم به‌ شانۆكار. مامۆستاییم كرد و نه‌بووم به‌ مامۆستا. چیرۆكم نووسی و نه‌بووم به‌ چیرۆكنووس. گه‌لێك كتێبم وه‌رگێڕا و نه‌بووم به‌ وه‌رگێڕ. به‌ڵام ئاسووده‌م كه‌ هیچ نیم و په‌شیمان نیم له‌ هیچ شتێكی ژیانم. من له‌ منداڵییه‌وه‌ تا ئێستا هه‌ر خه‌ریكی یاریكردنم. ده‌نووسم بۆ خۆم و دواتر نووسینه‌كانی خۆم ده‌خوێنمه‌وه‌ و خۆشیم پێیان دێ چونكه‌ بۆ خۆم نوسیوون. له‌ هه‌مووتان ده‌ڕوانم و له‌گه‌ڵتان پێده‌كه‌نم، هه‌ندێجاریش تووڕه‌ ده‌بم و ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر من بام ئه‌وه‌م به‌و جۆره‌ ده‌كرد. حه‌زیشم له‌ هیچ شتێك نییه‌ به‌ تایبه‌ت هه‌وڵی بۆ بده‌م. پانتۆڵێكی كۆن و جووتێ كاله‌ی دڕاو و فانیله‌یێك ئه‌وپه‌ڕی دڵخۆشیم ده‌داتێ. جگه‌ره‌ ده‌كێشم و هه‌ر جارێكیش ده‌ڵێم ئه‌وه‌ دوایین جگه‌ره‌م ده‌بێ. ژیانم خۆش ده‌وێ، چونكه‌ وه‌ك گوێدرێژێك دڵخۆشیم به‌ سه‌وزایی دێ. زۆرجار ده‌چمه‌ ناو جه‌نگه‌ڵه‌كان و به‌ ئاره‌زووی خۆم ده‌قیژێنم، ژنه‌كه‌م ده‌ڵێ، من خۆشم رام وایه‌ ئه‌وه‌ جۆرێك بێ له‌ زه‌ڕین. حه‌زم له‌ شاره‌ كۆنه‌كان و جێ كۆنه‌كانه‌. ژن و پیاوی پیرم خۆشده‌وێن و حه‌ز به‌ دواندنیان ده‌كه‌م. لای ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ هه‌ناسه‌م سوار ده‌بێ كه‌ سه‌ریان له‌ سه‌ره‌وه‌یه‌ و قاچیان له‌ خواره‌وه‌یه‌ و چاكه‌ت و پانتۆڵیان له‌به‌ردایه‌. هه‌وڵده‌ده‌م هه‌موو رۆژێك شتێك له‌ خۆم دا بكوژم. جارجار ده‌نووسم و هه‌وڵده‌ده‌م زۆریش نه‌نووسم چونكه‌ له‌ وزه‌ و توانا و ته‌ندروستی خۆم ده‌خۆم، به‌ڵام چارێكم نییه‌ چونكه‌ له‌به‌ر ته‌نیایی خۆم شتێكی دی نییه‌ بیكه‌م. رۆژی ده‌ كاتژمێر كرێكاری ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی بڵێم هه‌م و له‌وه‌دا سه‌رسامم به‌ مه‌كسیم گۆرگی. ئیمانم به‌ فره‌ خودایی و فره‌ بڕوایی هه‌یه‌. تا دوا ڕاده‌ نائارامم و هیچ كاتیش ڕاڕا نه‌بووم. له‌ هه‌موو دونیا سلێمانیم خۆش ده‌وێ و له‌ سلێمانیش سابوونكه‌ران و گاوران. له‌ نزیك گاورانیشه‌وه‌ ماڵی باپیره‌م كه‌ ئێستا نه‌ماوه‌ و زۆریشی بیر ده‌كه‌م. هیچ كات منه‌تم به‌سه‌ر هیچ كه‌سێكا نه‌كردووه‌ و چاوه‌ڕوانی شتێك له‌ هیچ كه‌سێكیش ناكه‌م. له‌ ماڵێك چاییه‌كم خواردبێته‌وه‌ پێم خۆشه‌ سه‌ردانیان بكه‌مه‌وه‌. زۆر ژن و پیاوی جوان و چاكم ناسین و له‌ هه‌ر یه‌كێكیان یادێكم هه‌ڵگرتوون. زۆر كه‌س خۆشیان ویستووم و منیش به‌ ڕێزه‌وه‌ له‌ خۆشه‌ویستیانم روانیوه‌. له‌ ژیانم دا ده‌زانم چیم ده‌وێ و چیم ناوێ، له‌ ژنێك زیاترم ناوێ. منداڵم نه‌خسته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌جاڵه‌تی نه‌بم. نانێكم هه‌بێ ئیدی خه‌مم نییه‌. دایكم به‌لاوه‌ جوانترین ژنی دونیایه‌. چوار خوشكم هه‌ن و زۆر به‌لامه‌وه‌ نازدارن. ژیانم خراپ نییه‌ و له‌ مردنیش ناترسم، هه‌ر كاتێك دێ ده‌سته‌كانی ده‌گوشم. به‌ڵام تا ده‌شمرم له‌ په‌روه‌رده‌كردنی ده‌روونی خۆم راناوه‌ستم. من ئه‌وه‌م كه‌ ده‌یڵێم و قه‌رزاری هیچ كه‌س نیم. دوێنێ لای من بوو به‌ رابردوو هه‌میشه‌ له‌ناو رۆژێكی تازه‌ و كارێكی تازه‌دا هه‌ناسه‌ ده‌ده‌م. سه‌ر به‌ شوێنێكا ناكه‌م له‌ خۆم گه‌وره‌تری لێ بێ، ئه‌گه‌ر تێشكه‌وتم و لووتم بوو به‌ لووتیانه‌وه‌ تا ئه‌وان ده‌ستیان بۆ ده‌ستگوشین نه‌هێنن من ده‌ستی خۆم ناجوڵێنم. من ئه‌وه‌م كه‌ ده‌یڵێم، خۆم له‌ گوێدرێژێكی خانه‌دان جوێ ناكه‌مه‌وه‌. ئیدی ئه‌گه‌ر منت پێ قبوڵ نییه‌ تۆ ته‌واو ئازادی ئازیزی من. من به‌ره‌و به‌یانییه‌كی تر مل ده‌نێم و تا دوا ئه‌ندازه‌ش خۆشیم به‌ ته‌نیایی دێ.

*له‌ ئه‌كاونتی نووسه‌ره‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*