سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » ״ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە دابڕێنراوەكان״

״ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە دابڕێنراوەكان״

گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق بەردەوامن و بەپێی لێدوانی پەرلەمانتارانیش «بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆببێتەوە و لە كۆبوونەوەكەدا دەنگ لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ بدرێت». پەرلەمانتارێكی یەكێتیش بە پێویستی دەزانێت «لەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی نوێدا كاری جددی بكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا».

״هێزی هاوبەش پێكبهێنرێت״
هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی سەوز بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پێویستە لەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و كابینەی نوێی حكومەتی عیراقدا كاری جددی بكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، بەتایبەتی پرسی ناوچە دابڕێنراوەكان، بۆ ئەو مەبەستەش پێكهێنانی هێزی هاوبەش، هەنگاوێكی گرنگ دەبێت لەپێناوی ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە. وتیشی: لەسەر نوێنەرانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران پێویستە لەم خولەدا كاری زیاتر بكەن بۆ دەركردنی ئەو یاساو بڕیارانەی كە كاریگەرییان دەبێت لەسەر كۆتاییهێنان بەو كێشە و گرفتانەی ماوەی چەند ساڵێكە لە نێوان هەرێم و بەغدا بە هەڵواسراویی ماونەتەوە، پێویستیشە پەرلەمانتاران چاودێرێكی وردی كارەكانی حكومەتی عیراق بن و رێگە نەدەن پێشێلكاریی زیاتر بەرامبەر بە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكرێت.

دەستوور بنەما بێت
هاوكات رابحە حەمەد ئەندامی خولی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، ئاماژەی بەوەدا «كاركردن بۆ جێكردنەوەی ماف و داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان لە بەرنامەی تازەی حكومەتدا پێویستە، ئەمەش بە جێبەجێكردنی دەستوور دەبێت، لە نێویشیاندا مادەی 140و ئەو مادانەی پەیوەندییان بە پرسی نەوت و بودجەی ساڵانەی عیراقەوە هەیە. «پێویستیشە كورد پێداگریی لەسەر پێكهێنانی ئەنجومەنی فیدرالی بكات».

پاراستنی یەكهەڵوێستیی كورد
د.خەلیل ئیسماعیل چاودێری سیاسی و مامۆستای زانكۆش لە هەولێر بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئێستا عیراق لەسەروبەندی پێكهێنانی حكومەتێكی نوێدایە، پێویستە لایەنی كوردستانی كاری جددی بكات بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم، ئەمەش پێویستی بە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیی كورد هەیە. «پێویستە لایەنە كوردستانییەكان لاپەڕەیەكی تازە بكەنەوە لەپێناوی بەدیهێنانی ئامانجەكانی خەڵكی كوردستاندا».

بەرنامەی حكومەت گرنگە
لەسەر هەمان پرس رۆشنا ئەحمەد مامۆستای زانكۆ لە هەولێر ئەوەی بە كوردستانی نوێ راگەیاند: بەرنامەی چوار ساڵی داهاتووی حكومەتی عیراق زۆر گرنگە، چونكە لەلایەك سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو كەسێكی نزیكە لە كورد، لەلایەكی دیكەوە سەرجەم لایەنە عیراقییەكان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا پێویستە، وتیشی: بەبێ یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستی ناتوانین مافەكانمان لە بەغدا بەدەستبهێنین، لەبەرئەوە پێویستە لە كاتی گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی نوێدا، كورد یەك پاكێجی هەبێت.

 42 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*