سەرەکی » کەلتوور » هونه‌رمه‌ندی نوێكاری به‌هدینان (ته‌حسین ته‌ها) ده‌شزانم له‌ئه‌وروپا ده‌مرم..

هونه‌رمه‌ندی نوێكاری به‌هدینان (ته‌حسین ته‌ها) ده‌شزانم له‌ئه‌وروپا ده‌مرم..

نازم دڵبه‌ند

گه‌نج بوم حه‌زم له‌ دونیای شیعر‌و هونه‌ر بوو..به‌ئاواته‌وه‌ بوم چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك له‌پاڵ هونه‌رمه‌ندان (ته‌حسین ته‌ها ‌و فوئاد ئه‌حمه‌د) بوه‌ستم..حه‌زم له‌ده‌نگیان ده‌كرد..هه‌ستم ده‌كرد ئه‌وانه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ن پێویسته‌ من له‌ پاڵ ده‌نگی (عبدالحلیم حافڤ) كه‌ زۆر خۆشم ده‌ویست گوێ له‌ ده‌نگی ئه‌وانه‌ش بگرم، چونكه‌ ئه‌وسا به‌شێك بون له‌ نوێگه‌ری گۆرانی كوردی به‌تایبه‌ت هونه‌رمه‌ند (ته‌حسین ته‌ها) یه‌كێ بوو له‌ دامه‌زرێنه‌ری نوێكاری گۆرانی كوردی له‌ به‌هدینان.. زه‌مه‌ن هات‌و ئێمه‌ش بوینه‌ ده‌نگ له‌ناو شیعر‌و هونه‌ر‌و رۆژنامه‌نوسیی زیاتر له‌ گه‌وره‌یی ئه‌وانه‌ نزیكبومه‌وه‌ تا وایلێهات له‌ (تیپی هونه‌ری هه‌ولێر) بومه‌ ئه‌ندام‌و له‌نزیكه‌وه‌ ئێواران له‌باره‌گاكه‌ی خۆمان له‌ گۆڕه‌پانی (كۆتری سه‌لام) كۆده‌بوینه‌وه‌ كه‌ ئه‌وساكه‌ هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ (جه‌مال هیدایه‌ت) سه‌رۆكی تیپ بوو..
ئێواران له‌ژووری شانۆ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان(صبحی كۆیی‌و جه‌لال به‌یار‌و سه‌لام كۆیی‌و ره‌سمی جه‌لال‌و عبدالرزاق شمس الدین‌و ئه‌وانیتر..) یه‌كترمان ده‌گرته‌وه‌ ‌و ئه‌گه‌ر پرۆڤه‌ی شانۆگه‌رییه‌ك نه‌بوایه‌ ده‌نا شه‌ویش هه‌ر پێكه‌وه‌ بوین جا له‌و پێكه‌وه‌بونه‌ هه‌ندێ له‌شه‌وه‌كان هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌(ته‌حسین ته‌ها) هاوبه‌شی ده‌كردین دیاره‌ من‌و هاوڕێكانم زۆر كه‌یفخۆشده‌بون، چونكه‌ هه‌م وه‌كو مامۆستا‌و هه‌م وه‌كو هونه‌رمه‌ند زۆر بایه‌خی به‌ئێمه‌ی گه‌نج ده‌دا‌و خۆشی، چونكه‌ له‌ده‌رچوی به‌شی شانۆ بوو له‌ (په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی به‌غدا) هه‌میشه‌ حه‌زی له‌شانۆ بوو به‌تایبه‌ت له‌كاری نمایشكاری (استعراچ) ی ئه‌وه‌بوو له‌یه‌كێ له‌ فیستیڤاڵه‌كانی چالاكی قوتابخانه‌كانی عیراق‌و ئۆپه‌رێتی (كاروانی ژیان) كاری ده‌رهێنانی كرد‌و پله‌ی یه‌كه‌می له‌سه‌ر هه‌موو عیراق به‌ده‌ستهێنا.
جارێكیان لێم پرسی بۆچی تۆ له‌ (هه‌ولێر) گیرسایه‌وه‌….؟
گوتی:
من یه‌كه‌م كاری دامه‌زراندنم له‌شارۆچكه‌ی (مه‌خمور) بوو..كه‌ گواستراشمه‌وه‌ بۆ ناو شاری (هه‌ولێر) نه‌متوانی له‌خۆشه‌ویستی ئه‌و شاره‌ داببڕێم..
گوتم:
تۆ گۆرانی (من چوم مه‌خمورێ) ت گوت..ئایا ئه‌وه‌ هیچ مه‌رامێكی له‌دواوه‌ بوو؟؟
گوتی:
به‌ڵێ..من ده‌بوایه‌ ببامه‌ زاڤایێ (مه‌خمور) یان به‌ڵێ قسمه‌ت نه‌بوو..
(ئه‌وه‌ی دوایی به‌هه‌ناسه‌یه‌كی سارده‌وه‌ ده‌ربڕێ…..)
دوای چه‌ند ساڵێك دیدارێكی رۆژنامه‌نووسیم له‌گه‌ڵدا سازدا به‌تایبه‌ت دوای تۆماركردنی گۆرانی(به‌هدینان) كه‌ سه‌دایه‌كی زۆری دایه‌وه‌..لێم پرسی ده‌كرێ بزانین تۆ چۆن توانیت رێچكه‌ی نوێكاری له‌گۆرانی كوردی له‌ ده‌ڤه‌ری به‌هدینان دروستبكه‌ی؟
گوتی:
ئاخر من بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ده‌ڤه‌ری (ئامێدی) له‌دایكبوم‌و ماڵباتی مه‌ له‌وێ ژیانیان ده‌ستپێكردووه‌ له‌هه‌مان كاتدا (ئامێدی) به‌ده‌ڤه‌رێكی نوێكاری ده‌ناسرێ، چونكه‌ (فیكره‌ی پێشكه‌وتنخوازی) له‌به‌هدینان له‌وێ ده‌ستی پێكردوه‌..ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری خۆی هه‌بوه‌.كه‌ چوشمه‌ (په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی به‌غدا) زیاتر ئه‌و نوێكاریه‌ له‌هه‌ستم جێگیر بوو..له‌بیریشت نه‌چێ باوكم پیاوێكی (پێشكه‌وتنخواز) بوو خاوه‌نی شیعری (به‌هدینا)یه‌..
لێم پرسی ئه‌ی گۆرانی (بهێڕه‌ ده‌ستاڕ بهێڕه‌)؟
گوتی:
ئه‌وه‌ شیعری (به‌درخان سندی) یه‌‌و له‌میهره‌جانی یه‌كه‌می هونه‌ری كوردی گوتم خۆشت ئاماده‌بوی..ئای ئه‌و سترانه‌ ئاگری كرده‌وه‌..هه‌ر ئه‌و جاری بوو دوایی له‌رادیۆی كوردی له‌ به‌غدا قه‌ده‌غه‌ كرا.
به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك دوای راپه‌ڕین سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ بكات رۆژێكیان له‌هۆڵی (گه‌ل) پێكه‌وه‌ دانیشتین گوتم:
ده‌زانم ژیان زۆری بۆ هێناوی ده‌ڕۆی، به‌ڵام ده‌بوایه‌ تۆبه‌ر له‌چه‌ند ساڵێك بڕۆیشتیتایه‌؟
گوتی:
ده‌زانم، به‌ڵام تۆ باشده‌زانی من باوك‌و دایكم له‌ژیان نه‌مان..كۆمه‌ڵه‌ خوشك‌و برایه‌ك به‌سه‌رمنه‌وه‌ مانه‌وه‌‌و هه‌مووشمان له‌و خانوه‌ بچوكه‌ی گه‌ڕه‌كی (ته‌یراوه‌) جاده‌ی ئێستای (پزیشكان) بۆیه‌ نه‌متوانی ئه‌و بڕیاره‌ بده‌م..بڕوا بكه‌ ئێستاش من را ناكه‌م، به‌ڵام نه‌خۆشم..ده‌شزانم له‌ ئه‌وروپا (ده‌مرم).

print

 147 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*