سەرەکی » وەرزش » یوفا گفتوگۆ لەسەر 2 بڕیاری گرنگ دەکات

یوفا گفتوگۆ لەسەر 2 بڕیاری گرنگ دەکات

یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا سەرەتای مانگی داهاتوو كۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر 2 پرسی زۆر گرنگ بدات كە یەكێك لەو 2 پرسە بنبڕكردنی بیرۆكەی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتی سوپەر لیگە

سیستمی ڤار لەم وەرزەدا
یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا سەرەتای مانگی داهاتوو كۆبوونەوەیەك دەكات بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ئەگەری بەكارهێنانی سیستمی ڤار لە قۆناغی 16ی چامپیۆنس لیگ بدات.
یوفا لە ماوەی رابردوو بەشێوەیەكی رەسمی بڕیاری دا لە سەرەتای وەرزی داهاتوەوە سیستمی ڤار بۆ یارمەتی دانی داوەران لە چامپیۆنس لیگ بەكار بهێنرێت و رەتیشی كردەوە ئەم وەرزە پشتی پێ ببەستن.
بەڵام بەهۆی ئەو هەڵانەی لە چەند جەولەی پێشووی قۆناغی كۆمەڵەكان بەسەر داوەران تێپەڕیوە بەتایبەتی پەنالتیەكەی رەحیم ستیرلینگ وای لە یوفا كردەوە لە بڕیارەكەی پەشیمان بێتەوە.
رۆژنامەی ئاس دوپاتیكردۆتەوە یوفا رۆژی 3ی 12 كۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆی بەكارهێنانی ڤار بكات لە نیوەی دووەمی ئەم وەرزەی چامپیۆنس لیگ و یۆرۆپالیگ كە مانگی 2 دەست پێدەكات.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە زۆرێك لە بەرپرسانی یوفا ئارەزوو دەكەن لە قۆناغی 16ەوە ڤار لە چامپیۆنس لیگ بەكاربهێنرێت بەتایبەتی كە زۆرێك لە راهێنەر و یاریزانان داوای بەكارهێنانی دەكەن لەسەرو هەمووشیانەوە ئەنێلی سەرۆكی یۆڤانتۆس و دەستەی یانەكانی ئەوروپا.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا قسە لەسەر ئەنجامدانی پاڵەوانێتی سێیەمی ئەوروپا دەكرێت كە چاوەڕێ دەكرێت 96 یانە بەشداری بكەن.

رۆژی بەڕێوەچوونی یارییەكانی چامپیۆنس لیگ دەگۆڕێت
یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا پلان دادەنێت رۆژی بەڕێوەچوونی یارییەكانی چامپیۆنس لیگ بگۆڕێت كە لە بری ئەوەی وەكو ئێستا یارییەكان رۆژانی 3 شەممە و 4 شەممە بكرێت یارییەكان بخرێتە رۆژانی هەینی و شەممە و 1 شەممە.
رۆژنامەی ئاس و پێگەی گۆڵیش ئەم پلانەی یوفایان دوپات كردۆتەوەو ئاماژەیان بەوەشداوە ئامانجی یوفا لە گۆڕینی رۆژی یارییەكان بۆ كۆتایی هێنانە بە بیرۆكەی ئەنجامدانی پاڵەوانێتی سوپەر لیگ لەلایەن یانە گەورەكانی ئەوروپا.
ماوەیەكە دەنگۆی ئەوە بڵاوە یانە گەورەكانی ئەوروپا نیازی ئەوەیان هەیە لە چامپیۆنس لیگ بێنە دەرەوە بۆ ئەوەی پاڵەوانێتیەكی نوێ رێكبخەن و فیفا و یوفاش هەموو كارێك دەكەن بۆ ئەوەی ئەو بیرۆكەیە لەناوببەن.
رۆژنامەی ئاس و پێگەی گۆڵیش بڵاویانكردۆتەوە یەكەم كاری یوفا بۆ كۆتایی هێنان بەو بیرۆكەیە گواستنەوەی یارییەكانی چامپیۆنس لیگە بۆ سەرەتای هەفتە و یاریی خولەكانی ناوخۆش دەكرێتە رۆژانی 3 شەممە و 4 شەممە.
رۆژنامەی ئاس دوپاتیشی كردۆتەوە هەریەك لە خولەكانی ئیسپانیا و ئینتگلتەرا و ئیتاڵیا و ئەڵمانیا بە توندی دژی ئەو بیرۆكەی یوفا وەستاونەتەوەو رازی نین یارییەكانی ئەو خولانە لە ناوەڕاستی هەفتە بكرێن.
ئاش ئاماژەی بەوەشداوە یوفا بەدوای چارەسەرێك دەگەڕێت بۆ ئەوەی ئەو 4 خولە رازی بكات رۆژی یارییەكانیان بگۆڕن.

 28 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*