سەرەکی » وتار » لەتیف فاتیح فەرەج‌ » تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە خورماتوو ‌

تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە خورماتوو ‌

عەبادی و خورماتوو
لە 16ی 10وە خورماتوو پێشمەرگەو خۆبەخشە كوردەكانی تیا نەماوە، لەو ساتەوەتا ئێستا ستەمكاری لە خورماتوو بەردەوامی هەیەو سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی لە كاتێكا هەفتانە وتاری هەیە، بەڵام بە یەك وشەش لە سەر ئەو هەموو تاوانەی خورماتوو قسەی نەكردووە، كوشتنی خەڵكی سڤیل، شوێنبزركردنیان، تا ئێستا 7 هاوڵاتی سڤیل كوژراوە و زیاتر لەو ژمارەیەش رفێنراون، سوتاندی سەدان ماڵ چەندین بارەگا سەدان مۆڵ و دوكان، ئاوارە بوونی هەزاران خێزان، ئایە هەموو ئەمانە بای ئەوە نین عەبادی قسەیەكیان لە سەر بكات، كوردی خورماتوو خۆیان باسی تەقاندنەوەی 159 خانوو سوتاندن و تاڵانكردنی زیاتر لە 500 ماڵ، تاڵان و سوتاندنی 500 مۆڵ و دوكان و بازاڕو خواردنگە دەكەن، ئەم ژمارانە زۆر ترسناكن، هەروەها خەڵكی خورماتوو باسی دەستدرێژی كردنە سەر ئافرەت دەكەن، هەموو ئەمانە دەگاتەوە عەبادی و بڕواناكەم ئاگادار نەبێت، ئەوە جگە لەوەی لە یەك دوو پەیجی خورماتووییەكان لیستی ناوی ئەو حەشدو كەسانەش دانراوە كە بەو كارانە هەستاون، خۆ كڕكردنی بارزانی واتە پێخۆشبوون، ئەم بێدەنگی و خۆنەبانكردنەی بارزانی وا دەكات حەشدو سوپاو شەڕەنگێزەكان هەمان كار لە شوێنی تریش بكەن، ئەمەش جگە لەوەی كێشەی گەورەی لە نێوان پێكهاتەكان لێ دەكەوێتەوە،گیانی تۆڵەسەندنەوەش بە جۆرێكی توند زیاد دەكات.
نەتەوە یەكگرتوەكان لە دەرەوەی یاریەكە
لە رابردودا نەتەوە یەكگرتوەكان كاری زۆریان لە سەر ناوچە دابڕێنراوەكان كردووە، راپۆرتی دورو درێژی ستیڤان دیمستۆراو هاوكارەكانی، وردەكاری زۆری تیایە سەبارەت خاوەندارێتی ئەو ناوچانە، مرۆڤ ئەگەر بە ویژدانەوە راپۆرتەكان بخوێنێتەوە تێدەگات لەوەی كە نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئازاری خەڵكی ئەو ناوچانە دەگات، ئەوەی ئێستا جێی هەڵوەستەو قسە لەسەركردنە ئەو بێدەنگیەی نەتەوە یەكگرتووەكانە بەرامبەر ئەوە تاوانانەی لە خورماتوو دەكرێن و ڕەنگە بگوازرێتەوە بۆ شوێنەكانی دیكەش.
 تاوانەكانی خورماتوو رێكخراون، پێشتر ئامادەكارییان بۆ كراوە، تێكەڵەیەكن لە رق و تۆڵە، هەڵبەت تۆڵە لێرەدا بە مانای دەستڕۆیشتن نەك مانایەكی تر، شەوی راكردنەكەی خورماتوو، خەڵك نەپەرژاوەتە سەر ئەوەی قوربانییەكەشی بگوازێتەوە، لەو كاتەدا كە بە گوللە خەڵك دەبێتە قوربانی هاوسەرەكەی بەپەلە كار بۆ دەربازكردنی منداڵەكانی دەكات «چیرۆكی خەولە مەجید كە هاوسەرەكەی سامی كاتژمێر 5 لەبەر دەرگاكەی خۆیان دەكوژرێت و ئەوان تەرمەكەی جێدێڵن « نەتەوە یەكگرتوەكان و نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان» یۆنامی « پێویستە لەسەر ئەو پێشێلكارییە ترسناكانە بێنە دەنگ، بەیاننامەكەی لە سەر كوشتنی ئەركان شەریف مامۆستاو كامێرامانی كوردستان تیڤی، كارێكی خراپ نییە، بەڵام نابێت هەر لەوێدا بوەستێ‌، كوشتنی ئەركان بەو شێوە دڕندانەیەو بە چەقۆ، پێشهاتێكی ترسناكەو رق و كینە زیاد دەكات، كوشتنەكەی ئەركان زۆر دڕندانە بووەو بینینی وێنەی دوای كوشتنەكە زۆر ئازار بەخشە، ئەو رووداوانە ئەرك و بەر پرسیارەتی نەتەوە یەكگرتوەكان قورس تر دەكەن و ناكرێت  هەڵوێستی رونتری نەبێت.
كونسوڵگەریەكانیش پێویستە قسەیان هەبێت
كونسوڵگەرییەكانی وڵاتان لە هەولێر بەتایبەت كونسوڵگەری ئەمریكا، فەرەنسا، بەریتانیا و توركیاو ئێران، ناكرێ‌ هەر وەك تەماشاكەر لەبەرانبەر پێشێلكارییەكان بوەستن، لەسەر ئەوانە لە رێگەی جیاجیاوە كار بۆ وەستاندنی ئەو كوشت و بڕو ناجۆرییە بكەن، ئەوان دەبێت لە رێگەی راپۆرتەكانیانەوە سەرووی خۆیان و وڵاتەكانیان لەو بارودۆخە هەستیارە ئاگاداربكەنەوە، بەتایبەت ئەمریكا بە پرسیارەتی زیاتری دەكەوێتە ئەستۆ، بە حوكمی ئەوەی وەك سەرۆكی هاوپەیمانەتی نێودەوڵەتی دژی داعش دەردەكەوێت و بەرپرسیارەتی زیاتری بارودۆخی ئەم ناوچەیەی لەسەرە، هەروەها خەڵكی ناوچەكانی پێكناكۆكیش ئومێدی زۆریان لەسەر بەڵێنەكانی ئەو بە دیموكراتی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانە هەڵچنیوە، توركیاو ئێرانیش وەك دوو وڵاتی دراوسێی عیراق لە لایەك و وەك دوو وڵات كە كاریگەری زۆریان بەسەر خەڵكی ئەو ناوچانەوە هەیە، بە تایبەت كەركوك و خورماتوو داقوق و شوێنەكانی دیكە پێویستە رۆڵی زیاتر لە لێك نزیكخستنەوەی نەتەوەو پێكهاتەكانی ئەو ناوچانەدا ببینن، هەڵەی گەورە لەو ناوچانە لە سەرەتای 2003ەوە كاتێك  كە ئێمە داوای چەكداماڵین و ناوچەی بێچەكمان دەكرد بڵاوكردنەوەی ئەو هەموو چەك و چۆڵە بوو لەو ناوچانە، توركیاو ئێران و ئەمریكاش لە بڵاوكردنەوەی چەك لەو ناوچانە بەرپرسیارن.
مەترسیەكانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی
تاوانی دژی مرۆڤایەتی دەسەڵات پێی هەستێت، یان میلیشیایەكی چەكدار یان هەر گروپ و تاقمێك، سەرەتایەكی ترسناكە بۆ گەورە بوونی تاوانەكەو گەیشتنی بە ئاستی جینۆساید، هەرچەندە ناچاركردنی خەڵك بە هەڵكەندن لە ماڵی خۆی و راكردن و بە جێهێشتنی شوێن و رێ‌ مۆركی جینۆسایدی پێوەیە، بەڵام تاوانێكی گەورەی دژی مرۆڤایەتییە، مەترسی ئەم تاوانە هەر ئەوە نییە گروپ یان خەڵكانێك رووبەڕووی كوشتن و راونان و تاڵان و ستەمكاری دەبنەوە، مەترسییە گەورەكە پەیوەستە بە :
یەكەم: پەرە دان بە توندوتیژی و كاردانەوەی توند و لە دەستدەرچوونی رێگەكانی چارەسەر.
دووەم : تێكدانی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی و سیاسی و شێواندنی پێكەوە ژیان و پێكەوە هەڵكردن.
ئەو تاوان و ستەمكارییانە ئەگەر لە خورماتوو بەریان پێنەگیرێت دەگوازرێنەوە بۆ شوێنەكانی تر، لەمەشدا جگە لە حكومەتی عیراقی، ئەمریكاو هەموو ئەو هاوپەیمانانەی جەنگی دژی داعش بەرپرسیارن.

 304 جار بینراوە