سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » باشووری سنوور رۆژئاوای خۆرپەڕە 25

باشووری سنوور رۆژئاوای خۆر

ئه‌یاد جه‌میل

ئه‌م رۆمانه‌ به‌رهه‌مێكی نووسه‌ری ژاپۆنی موراكامییه‌، ناونیشانی ئه‌م رۆمانه‌ گۆرانییه‌كی (لنات كنیج كول)ه‌، هاوكات ناوی نه‌خۆشییه‌كه‌ (هستریا) كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ جووتیارانی سیبریاوه‌ هه‌یه‌. موراكامی له‌ ناونیشانی رۆماندا گرنگی به‌ مۆسیقاو گۆرانی ‌و تابلۆی هونه‌ری ده‌دات ‌و هه‌میشه‌ ناوی رۆمان ‌و پاڵه‌وانه‌كانی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ‌ فیكر و هونه‌ردا هه‌یه‌ وه‌كو ناوی ئه‌م رۆمانه‌ ناوی رۆمانی سپۆتنیكی نازه‌نین، كافكا له‌ كه‌ناری ده‌ریا، سومایه‌ر.. به‌ هه‌مان شێوه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی نووسه‌ر له‌م رۆمانه‌شدا گرنگی به‌مۆسیقا داوه‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی مۆسیقا هه‌یه‌ له‌م رۆمانه‌دا جه‌نگیش هه‌یه‌، نووسه‌ر چیرۆكی جه‌نگی جیهانی ده‌گێڕێته‌وه‌ و ژیانی ژاپۆنی سه‌رده‌می جه‌نگ باس ده‌كات، رووداوه‌كان له‌ كێڵگه‌یه‌كدایه‌ و ده‌چێته‌ ناو شه‌ڕی جیهانییه‌وه‌. رۆمانه‌كه‌ باس له‌ چیرۆكی خۆشه‌ویستی لای تاكی ژاپۆنی ده‌كات، له‌مه‌ڕ سه‌فه‌ری پاڵه‌وان هاجیمی ‌و خێزانه‌كه‌ی ده‌دوێت، باسی په‌یوه‌ندی شیماماتو ده‌كات له‌گه‌ڵ‌ ئه‌یزومیدا ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ ناچێته‌ نێو كرده‌ی سێكسییه‌وه‌، لێره‌وه‌ مانای سێكس ئاشكرا ده‌بێت ‌و نووسه‌ر ده‌رباره‌ی سێكس ده‌دوێت لای ژاپۆنییه‌كان.
شیماماتو كه‌سایه‌تییه‌كه‌ شه‌یدای مۆسیقایه‌ گوێ بۆ مۆسیقای رووسینی ‌و فرانزلیست ده‌گرێ. به‌هه‌مان شێوه‌ی رۆمانه‌كانی دیكه‌ی نووسه‌ر له‌ هونه‌ر و فه‌لسه‌فه‌ و ئه‌ده‌به‌وه‌ ده‌چێته‌ نێو چیرۆكی مرۆڤی ژاپۆنه‌وه‌، ئه‌م رۆمانه‌ چیرۆكی عه‌شق ‌و سێكس ‌و ناپاكییه‌، وێنه‌كانی ئه‌م رۆمانه‌ سروشت ‌و كه‌لتووری ژاپۆن نیشان ده‌ده‌ن، ئه‌زومی نه‌وه‌ی پیاوێكه‌ كه‌ پزیشكی ددانه‌ و ئه‌ندام بووه‌ له‌ پارتی شیوعی ژاپۆنیدا، نووسه‌ر له‌م چیرۆكه‌وه‌ باسی ئایدۆلۆژیای ماركسیزم ده‌كات له‌ ژاپۆندا، به‌ڵام ئه‌زومی گرنگی به‌ سیاسه‌ت نادات ‌و ئاره‌زووی خۆی هه‌یه‌ و باسی خوێندكاری زانكۆ ده‌كات له‌ رێپێوانه‌كاندا. پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌م رۆمانه‌ شیماماتو و هاجیمی ‌و یوكیكۆ و ئه‌یزومی نوقمی دونیای عه‌شق ‌و موماره‌سه‌ی سێكسین. گێڕه‌ره‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه‌ هاجیمی كه‌سێكه‌ عاشقه‌ و چیرۆكی عه‌شقی خۆی ده‌گێڕته‌وه‌، هاجیمی وه‌كو له‌ رۆمانه‌كه‌دا هاتووه‌ به‌ژاپۆنی به‌ مانای (سه‌ره‌تا) دێت ‌و له‌ ساڵی 1951 له‌ دایكبووه‌ ئه‌مه‌ش سیمبولێكه‌ بۆ سه‌ره‌تای ژیانێكی خۆشتر یاخود سه‌ره‌تایه‌كه‌ كه‌ باوكی هاجیمی ئومێدی هه‌یه‌ به‌ ژیان ‌و دوای جه‌نگی جیهانی 1944 له‌ ساڵی 1951دا كاتێك هاجیمی له‌دایك ده‌بێت ژاپۆن تازه‌ له‌ جه‌نگێكی كاولكاری ‌و ترسناك رزگاری بووه‌. هاجیمی واته‌ سه‌ره‌تا و ده‌ستپێكی ژیانێكی جیاوازتر و هه‌ر بۆیه‌ نووسه‌ر باس له‌ ژیانی تازه‌ی ژاپۆن ده‌كات. باسی یاری تێنس ده‌كات وه‌ك خولیایه‌ك لای تاكی ژاپۆنی، هاجیمی ئه‌زموونی عه‌شقی خۆی ‌و شیماماتو ‌و ئه‌یزوومی و یوكیكۆ ده‌گێڕێته‌وه‌ و هاوكات به‌ فلاشباك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رۆژگاری جه‌نگ ‌و ماڵوێرانی ‌و كوشت ‌و بڕ و ململانێی سه‌ر سنووری چین ‌و ڤێتنام، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رووداوه‌ سیاسییه‌كان ‌و رێپێوانه‌كانی سه‌ده‌ی بیست له‌ ژاپۆندا، چیرۆكی سه‌ره‌كی ئه‌م رۆمانه‌ عه‌شقی شیماماتو و ئه‌یزومی‌و ناپاكی ئه‌یزومی هه‌ڵهاتن له‌و عه‌شقه‌ و بڕیاردان له‌سه‌ر ژیانی ته‌نهایی.

 141 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*