سەرەکی » ئاراستە » گەلی ئه‌مازیغ و ئایینپەڕە 3

گەلی ئه‌مازیغ و ئایین

ئومێد عوسمان

هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌ له‌قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی مێژووی رابردوویدا بیرو باوه‌ڕو ئایینی جۆراو جۆری به‌خۆوه‌ دیوه‌و ئه‌مازیغیش وه‌ك هه‌ر گه‌لێكی تر به‌و قۆناغه‌ جیاوازانه‌دا گوزه‌ری كردوه‌، هه‌ر له‌سه‌رده‌می باوه‌ڕبوونی به‌ ئه‌فسانه‌كان و بته‌په‌رستی هه‌تا ده‌گاته‌ په‌یڕه‌وكردن له‌ئایینه‌كانی وه‌ك جوو ، مه‌سیحی و دواتریش كه‌وتووه‌ته‌ ژێر هه‌ژموون و كاریگه‌ری و داگیركاری ئیسلام.
ئه‌مازیغه‌كان خزمه‌تێكی زۆریان به‌ئایینی ئیسلام گه‌یاندووه‌ و ئه‌وانیش هاوشێوه‌ی كورد كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی وه‌ك سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی له‌ خزمه‌تی ئیسلامدا هه‌بووه‌، خاوه‌نی تاریقی كوڕی زیادن.
لیۆنی ئه‌فه‌ریقی ده‌ڵێت، ئه‌فریقاییه‌كان له‌ رۆژگاره‌ دێرینه‌كاندا بت په‌رستن بوون ، هه‌روه‌ك چۆن فارسه‌كان ئاگرو خۆریان په‌رستووه‌ و په‌رستگه‌ی جوان و رازاوه‌یان بۆ په‌رستراوه‌كانیان دروستكردووه‌، یاخود ئه‌وه‌ی له‌په‌رستگه‌ی خواوه‌ندی ڤیستا له‌لای رۆمانه‌كان هه‌بووه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ش نۆمیدیاو لیبیاییه‌كان ئه‌ستێره‌كانیان په‌رستوه‌و قوربانیان بۆ كردون. هه‌ندێكیش له‌ ره‌شپێسته‌كانی ئه‌فه‌ریقیا (كیگمۆ) یان په‌رستووه‌ كه‌ به‌زمانی خۆیان به‌واتای خواوه‌ندی ئاسمان دێت بێ ئه‌وه‌ی په‌یامبه‌ر یان زانایه‌كی پێ ببه‌خشیبێتن.
دانیشتوانی وڵاتی ئه‌مازیغ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر بت په‌رستن ماونه‌ته‌وه‌ تا 250 ساڵ به‌ر له‌دایكبوونی محه‌مه‌د كه‌بوونه‌ مه‌سیحی.
مرۆڤی ئه‌مازیغی خاوه‌نی سروتی ئایینی و ئه‌فسانه‌یی خۆی بوه‌و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ توێژه‌ری ئیسپانی گریلی ((Ghrili) ده‌بێژێت: گشت ئه‌و بیرو باوه‌ڕانه‌ی ئه‌مازیغه‌كان په‌یڕه‌ویان لێكردووه‌،نه‌بوونه‌ته‌ هۆی تێكشكاندنی ره‌هه‌ندی ئایینی به‌رایی واته‌ پاراستنی هێزه‌كانی سروشت كه‌ تا ئه‌مڕۆش په‌نابردن بۆ سیحروجادوكردن لای ئه‌مازیغه‌كان به‌رده‌وامه‌. دیسان ئه‌مازیغه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری ئایینی میسری به‌تایبه‌تیش له‌په‌رستنی خواوه‌ندی ئیزیس،هه‌ربۆیه‌ وه‌ك رێزگرتنێك له‌و خواوه‌ندو خواردنی گۆشتی مانگاو په‌روه‌رده‌كردنی به‌رازیان له‌خۆیان یاساغ كردووه‌.

ئایینه‌ ئاسمانییه‌كان
له‌پاش قۆناغی بتپه‌رستی و په‌رستنی دیارده‌ سروشتییه‌كان ئینجا ئه‌مازیغه‌كان په‌یڕه‌یان له‌ئایینی جووله‌كه‌ كردوه‌ ، كه‌ له‌سه‌ده‌ی سێیه‌می به‌ر له‌ دایكبوونی مه‌سیح و خاپوور بوونی ئۆرشه‌لیم، جووله‌كه‌كان به‌ره‌و ناوچه‌ی تامازغا كۆچیان كردووه‌ و ئایینه‌كه‌یان بڵاوكردوه‌ته‌وه‌.
هه‌رچی سه‌ره‌تای ناسینی ئایینی مه‌سیحیشه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مازیغه‌كانه‌وه‌ بۆ كۆتایی سه‌ده‌ی دووه‌م تا سه‌ده‌ی حه‌وته‌می زایینی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
له‌پاش به‌مه‌سیحی بوونی ئه‌مازیغه‌كان ئینجا نۆره‌ی به‌ئیسلام بوونیان دێت دوای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی عه‌مرو كوڕی عاس ئاینی ئیسلام گه‌یه‌نرایه‌ میسرو باكووری ئه‌فریقیا.
دیاره‌ داگیركاری سوپای ئیسلام له‌باكووری ئه‌فریقیا به‌دووقۆناغ ده‌ستیپێكردووه‌:
– قۆناغی یه‌كه‌م ، راسته‌وخۆ له‌پاش داگیركردنی میسرو گه‌یشتنی سوپای ئیسلام بۆ ناوچه‌ی ته‌رابلس ده‌ستپێده‌كات كه‌ نزیكه‌ی 30ساڵی خایاندوه‌(641-670ز).
– قۆناغی دووه‌م، له‌پاش گه‌یشتنی عوقبه‌ بن نافیع به‌ئه‌فریقیاو دامه‌زراندنی شاری قه‌یره‌وان (670ز) ده‌ستپێده‌كات و به‌داگیركردنی ئه‌نده‌لوس و كۆتایی هاتنی ده‌سه‌ڵاتی موسا بن نه‌سیر(715ز) كۆتایی دێت.
ئه‌و قۆناغه‌ به‌به‌راورد به‌قۆناغی پێشووتر دژوارترو پڕ له‌شه‌ڕی سه‌خت و توندو تیژ بوه‌و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ره‌وشی گشتی له‌ناوچه‌كه‌ به‌جێهێشتتووه‌.
هه‌روه‌ها به‌فه‌رمانی عه‌مرو كوڕی عاس ده‌بوو عوقبه‌ی كوڕی نافع ساڵانه‌ له‌هێرشه‌كانیدا بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌ چه‌ندان كۆمه‌ڵه‌ له‌كۆیله‌ پێشكه‌س به‌عه‌ره‌ب بكات، ئه‌ویش به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ی كه‌ له‌نێوانیاندا هه‌بوو.
هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن داگیركردنی باكووری ئه‌فریقیاو به‌ئیسلام كردنی ئه‌مازیغ به‌چه‌ند قۆناغێك بوه‌و و پێیان وایه‌ قۆناغی یه‌كه‌می داگیر كاری باكووری ئه‌فریقیا له‌ پاش داگیركردنی میسر له‌ ساڵی (642ز) له‌لایه‌ن عه‌مرو كوڕی عاس و جێگیر بوونی به‌والی ئه‌و وڵاته‌ بووه‌،كه‌پاشان پورزاكه‌ی خۆی له‌دایكه‌وه‌ (عوقبه‌ كوڕی نافیع)بۆ رزگاركردنی به‌رقه‌(لیبیا) له‌رۆم و به‌یزه‌نتینه‌كان و به‌ئیسلامكردنی ناوچه‌كه‌ دیاری ده‌كات و رابه‌رایه‌تی سوپاكه‌ی پێڕا ده‌ستپێرێت و له‌(643ز)شدا به‌رقه‌و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تر داگیر ده‌كات.
هه‌رچی قۆناغی دووه‌میشه‌، له‌لایه‌ن عه‌بدوڵڵای كوڕی سه‌عد به‌بی سه‌ره‌ح رابه‌رایه‌تی ده‌كرێت و قۆناغی سێیه‌می داگیركارییه‌كه‌ش به‌سه‌رۆكایه‌تی معاویه‌ی كوڕی حه‌دیجه‌وه‌ به‌رێوه‌ده‌چێت و قۆناغی چواره‌میش بۆ جارێكی تر به‌رابه‌رایه‌تی عوقبه‌ی كوڕی نافیع به‌ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نرێت و ساڵی (670ز) به‌سوپاكه‌ی 10 هه‌زار سه‌رباز ده‌چێته‌ تونس و له‌ساڵی (674ز) دا شاری قه‌یره‌وان داده‌مه‌زرێنێت.
پاشان قۆناغی پێنجه‌م به‌سه‌رۆكایه‌تی دینار ئه‌بو موهاجر ده‌ستپێده‌كات وسوپاكه‌ی به‌ره‌و چیای ئۆراس كه‌ به‌ناوچه‌ی سه‌ختی ئه‌مازیغه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت ده‌بات. دیسان قۆناغی شه‌شه‌م به‌رابه‌رایه‌تی عوقبه‌ كوڕی نافیع له‌ساڵی (680ز) به‌ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نرێت به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی عوقبه‌و سوپاكه‌ی له‌ساڵی (685ز) رووبه‌ڕووی (كه‌سیله‌)ی سه‌ركرده‌ی دیاری ئه‌مازیغه‌كان وسوپای ده‌بێته‌وه‌و له‌نزیك ناوچه‌ی دۆڵی ئه‌بیوز ده‌كوژرێت .
قۆناغی حه‌وته‌میش كه‌ به‌سه‌ركردایه‌تی زوهێری كوڕی قه‌یس به‌ڕێوه‌ده‌چێت له‌ساڵی ( 686ز)، كه‌سیله‌ی سه‌ركرده‌ی ئه‌مازیغه‌كان ده‌كوژرێت و قۆناغی هه‌شته‌میش به‌رابه‌رایه‌تی حوسان كوڕی نوعمان له‌(691-704ز) ئه‌نجام دراوه‌ و دوا قۆناغیش كه‌ له‌(704-7014ز) به‌سه‌ركردایه‌تی موسا كوڕی نه‌سیر به‌ڕێوه‌ده‌چێت ئه‌مازیغه‌كان به‌ته‌واوه‌تی كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن و سوپای ئیسلام ده‌گاته‌ ناوچه‌ی ده‌رعه‌ له‌باشووری مه‌راكش، ئینجا بیر له‌په‌ماردان و داگیركردنی ئه‌نده‌لوس ده‌كرێته‌وه‌ .
سیاسه‌تی موسا كوڕی نه‌سیر به‌سیاسه‌تێكی توندوتیژ ناسراوه‌ له‌به‌رامبه‌ر هۆزه‌كانی مه‌راكش جا به‌وانه‌ی كه‌ ئیسلام بوون و ئه‌وانه‌ش كه‌ ئیسلام نه‌بوون.
ئیبن ئه‌بی زه‌ید ده‌ڵێت: به‌ربه‌ر له‌مه‌راكش بۆ 12جار له‌ئیسلام هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه‌و هێرشیان كردوه‌ته‌ سه‌ر موسڵمانان و تاڕۆژگای موسای كوڕی نه‌سیر ئیسلامبوونی خۆیان نه‌سه‌لماندووه‌ .
ئیبن ئه‌سیر ده‌ڵێت: ده‌ستكه‌وتی موسای كوڕی نه‌سیر داگیركه‌ری مه‌راكش(91ك) به‌هه‌زاران كه‌نیزه‌ بوون،كه‌ یه‌ك له‌سه‌ر پێنجی بۆ خه‌لیفه‌ وه‌لیدی كوڕی عه‌بدولمه‌لیك ره‌وانه‌ كردووه‌،ده‌شگوترێت كاتێك سه‌ردانی دیمه‌شقی كردووه‌30هه‌زار ئافره‌تی له‌گه‌ڵ خۆیدا بردووه‌.ده‌مێكیش رۆژگای داگیركاری و فتوحات كۆتایی هاتووه‌،عه‌ره‌به‌كان روویان له‌بازرگانیكردن به‌كۆیله‌وه‌ كردوه‌ و كه‌نیزه‌یان له‌ئه‌وروپا كڕیوه‌.
ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ سه‌ربازییانه‌ی كه‌ موسا كوڕی نه‌سیر و سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌نجامیان داوه‌ به‌ توندو تیژ ناسراون له‌به‌رمبه‌ر ئه‌و هۆزه‌ به‌ربه‌رانه‌ی كه‌ ئاماده‌نه‌بوون ببنه‌ ئیسلام.
ئیبن به‌تلان له‌نامه‌یه‌كیدا له‌وه‌سفكردنی كه‌نیزه‌كاندا دێته‌ سه‌ر وه‌سفی كه‌نیزه‌كانی ئه‌مازیغ و ده‌ڵێت: ژنانی به‌ربه‌ر مل كه‌چن و له‌خزمه‌تكردندا چالاكن وبۆ خستنه‌وه‌ی منداڵ به‌تایبه‌تیش وه‌چه‌ی كوڕ گونجاون،….
به‌و پێیه‌ی له‌سه‌رده‌می ئه‌مه‌وییه‌كاندا پرۆسه‌ی داگیركاری وڵاتی مه‌راكش ئه‌نجام درا،ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ده‌وڵه‌تێكی ته‌واو سه‌ربازیی بوو ، ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه‌شی زیاتر كردبوو ئه‌وه‌بوو،كه‌ده‌وڵه‌ته‌كه‌ ده‌وڵه‌تێكی عه‌ره‌بی بوو زیاتر وه‌ك له‌وه‌ی ئیسلامی بێت.
دیسان سه‌ركرده‌كانی فتوحات (داگیركاری) خاوه‌نی هه‌مان شه‌قڵی ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌وی بوون: ره‌گه‌زپه‌رستیی عه‌ره‌بی،گه‌نده‌ڵی ئه‌خلاقی و ئیداری و دونیایی كه‌ له‌داب و نه‌رێتی مۆدێلی قه‌یسه‌ری به‌یزه‌نتینییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووبوو.
داگیركردنی باكووری ئه‌فریقیا له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌وه‌ له‌ژێر دروشمێكی ئایینیدا بوو « كلمه‌ الله هی العلیا» به‌ڵام رووداوو فاكته‌كانی سه‌ر زه‌وی و به‌كۆیله‌كردنی خه‌ڵكه‌كه‌ی و به‌تاڵانبردنی سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌ی جگه‌ له‌داگیركردنی خاك و به‌رز راگرتنی واژه‌ی عه‌ره‌ب چیتر نه‌بوو.
هه‌ربۆیه‌ به‌رگریكردنی ئه‌مازیغه‌كان ته‌نانه‌ت له‌پاش به‌ئیسلامبوونیشیان به‌رده‌وام بوو، چونكه‌ به‌بێ هیچ گوێدانه‌ پرانسیپێكی ئایینی، ئه‌مازیغ به‌پێنجینه‌ كرابوو، به‌جۆرێك فه‌رمانده‌كانی عه‌ره‌ب پێیان وابوو سه‌رجه‌م ئه‌مازیغه‌كان به‌وانه‌ی به‌رگرییان كردوه‌و به‌وانه‌ش به‌بێ به‌رگری ئیسلامبوون ده‌ستكه‌وتن و پێویسته‌ یه‌ك له‌سه‌ر پێنجی خاك و خێرو بێرو سه‌روه‌ت و سامانیان ببرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*