سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » مێژووی کاری چاپ لەلای ئێمە نزیک دەبێتەوە لە 100 ساڵ

عەتا مەحمود، خاوەنی چاپخانەی کارۆ:

مێژووی کاری چاپ لەلای ئێمە نزیک دەبێتەوە لە 100 ساڵ

ئومێد محەمەد

چاپخانەی کارۆ یەکێکە لەو چاپخانانەی لەشاری سلێمانی کە ماوەیەکی زۆرە لەبواری چاپ و چاپەمەنییدا کاردەکات، یەکێکیشە لەو چاپخانانەی لەئێستادا لەڕووی جۆرو شێوازی ئیشکردن و کوالیتییەوە پێشکەوتووەو زۆرێک لەو کتێبانەی لەسلێمانی و دەوروبەری چاپ و بڵاودەکرێنەوە لەم چاپخانەیەدا چاپدەکرێت.
کوردستانی نوێ بەباشی زانی عەتا مەحمود خاوەنی چاپخانەی کارۆ بدوێنێت و سەبارەت بەدامەزراندن و کارەکانی رابردوو ئێستاو ئەو ئامێرە چاپەمەنییانەی کاریان لەسەر دەکرێت قسە بکات.

یەکەم کتێب بە ئامێری ڕۆنێو چاپمانکرد
* ئەگەر باسێکمان دەربارەی مێژووی چاپخانەی کارۆبۆ بکەیت؟
– پێش ئەوەی باسی دامەزراندنی چاپخانەی کارۆ بکەم، پێمباشە ئاماژە بەوە بدەم کە لەساڵی 1994ەوە کە ئەوکاتە خوێندکاری زانکۆ بووم، لەگەڵ خوێندنەکەمدا دەستم بەکارکردن کرد لەم بوارەدا، ئەوکاتە تەنها ئامێری فۆتۆکۆپی و ڕۆنێوو ئامێری تایپ (تابیعە) هەبوو، لەیادمە ساڵی 1997 بوو، کتێبێکی مامۆستا حەمە فەریق حەسەن بوو بەناوی (مەملەکەتی ماسی) کە کۆمەڵێک چیرۆک بوو، هەرچەندە کوالیتی چاپکردن بەئامێری ڕۆنیۆ باش نییە، بەڵام بۆ ئەوکاتە کە ئامێری ئۆفسێت نەبوو یاخود زۆر کەمبوو مایەی دڵخۆشییەکی گەورەبوو. بەمشێوەیە بەردەوامبوین تا لەسەرەتای ساڵی 2000دا چاپخانەی کارۆمان دامەزراند، ئەوکاتە تەنها بەیەک ئامێری ئۆفسێت لەجۆری فیگەرس بچوکی 1/8 و لەدوکانێکی بچووکدا کە ڕووبەرەکەی تەنها ( 50.1-3)م بوو، دەستمان بەکارکردن کرد لەوساتەوە ڕۆژ بەڕۆژو ساڵ بەساڵ قۆناغ بەقۆناغ لە هەوڵی پێشخستنی کارەکەمان و دابینکردنی ئامێری زیاترو نوێتردا بووین، تا بەتێپەڕبوونی کات توانیمان پرۆژەکەمان گەورە بکەین و بیکەینە ئەم چاپخانەیەی ئێستا کە کۆمەڵیک ئامێری چاپی پێشکەوتووی تێدایە.

مایەی دڵخۆشییە گەر خزمەتێکی بچکۆلەمان بەبواری فەرهەنگ و کتێبخانەی کوردی کردبێت
* جگەلەوەی کە کارەکەتان چاپکردنی کتێبە؟ بەڵام تا چەند توانیوتانە خزمەت بە بواری چاپ و چاپەمەنی بکەن؟
– دیارە ئامانجمان خزمەتکردنە بە خوێنەرو کتێبخانەی کوردیی بە چاپکردنی کتێب و گۆڤارو بڵاوکراوەکان بەباشترین و جوانترین شێوە لەڕووی کوالیتییەوە. هەڵبەتە لەیەک دوو دیداری تریشدا هەمان شتم ووتوە کە ئێمە کاری خۆمان دەکەین و هیچ منەت ناکەین و واجبی خۆمان جێبەجێ دەکەین، بەشانازییەوە دەیڵێم ئەم کارە بۆ دابینکردنی بژێووی ژیانمان دەکەین، خۆشبەختانە لەئێستادا بژیوی ژیانی (10) خێزان لەسەر ئەم چاپخانەیەیە، بەڵام ئەگەر ئەم کارەی ئێمە خزمەتێکی بچکۆلەشبێت بەبواری فەرهەنگ و کتێبخانەی کوردی ئەوە بۆ ئێمە مایەی دڵخۆشییەکی گەورەیەو هەر ئەوەیە وایکردووە کە کارەکەی خۆمان خۆشبووێت و زیاتر گرنگی پێبدەین.

ئێمە تەنها لەڕووی جوانکاری و شێوازی چاپکردن بەرپرسین
* کاتێک کەسێک یان شوێنێک دێنە لاتان هیچ پێشنیار یاخود مەرجێکتان هەیە بۆ چاپکردنی بڵاوکراوەکان؟
تەنها مەرجی ئێمە ئەوەیە کە بۆ چاپکردنی گۆڤارو بڵاوکراوەکان مۆڵەت و بۆ کتێبیش ژمارەی سپاردنی هەبێت. خۆتان دەزانن ئێمە تائێستا سپۆنسەری کارەکان نین واتە ئەو کارانەی کە دەیکەین لەسەر ئەرکی نووسەران خۆیان یاخود دەزگاو دامەزراوەکان یاخود کتێبخانەکانەو بەپارەی خۆیانە، ئێمە تەنها لایەنی جێبەجێکارین، بۆیە بەگوێرەی ئەو ئەزموونەی کە هەمانە لەڕووی نەخشەسازی و لەڕووی هونەرییەوە تەنها پێشنیار دەکەین ئیتر تا چەند بە قسەمان دەکەن خۆیان سەربەستن. بەدەرفەتی دەزانم لێرەدا ئەوەش بڵێم ئەگەر کتێبێک ناوەرۆکەکەی باش نەبێت یاخود بەدڵی خوێنەر نەبێت ئێمە لێیبەرپرس نین، ئێمە تەنها لەڕووی جوانکاری و شێوازی چاپکردنەکەی بەرپرسین.

شێوازی چاپکردن بەبەراورد بەساڵانی پێشووتر زۆر باشە
* ئێستا شێوازی چاپکردن یان بابڵێن کوالیتی چاپ لە چ ئاستێکدایە؟
– ئێستا شێوازی چاپکردن بەبەراورد بەساڵانی پێشووتر زۆر باشە، بۆنموونە من باسی چەند ساڵێک لەمەوبەرم کرد کە کتێبمان بە تابیعە تایپ دەکرد و بە ئامێری ڕۆنێو چاپمان دەکرد و مۆنتاژی لاپەرەی رۆژنامە بەدەستدەکرا، بەڵام ئێستا تایپکردن بە ئامێری کۆمپیوتەرە بەرنامەی پێشکەوتوو هەیە بۆ دیزانکردنی لاپەڕەکان و بە ئامێری C.T.P پلێتەکان ئامادە دەکرێت، بەدیقەیەکی زۆر بەرز، هەروەها ئامێری ئۆفسێتی پێشکەوتووی چوار رەنگمان هەیە کە لە توانایدایە لەیەک سەعاتدا 12000 کاغەز چاپبکات بەڕەنگاوڕەنگ، بۆیە ئەمە وایکردووە کوالیتی چاپ ئیجگار بەرزبێت و گۆڕانکارییەکی گەورەشە لە ڕووی جۆر و چەندێتییەوە.

باردۆخی کتێب و بەشێوەیەکی گشتیش میدیای کاغەز باش نییە
* جگە لەکارەکانی چاپخانە، تا چەند توانیوتانە سوود لەسۆشیال میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ببینن بۆ ریکلامکردن بۆ ئەو کتێب و بەرهەمانەی لای ئێوە چاپدەکرێت؟ بەڕای ئێوە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییان دروستکردووە لەسەر خوێنەری کتێب؟
– دەتوانم بڵێم بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ کارەکەی ئێمە کاریگەریی گەورەی هەیە هەم بە باش هەم بە خراپ، لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا بە هۆی بوونی تەکنەلۆژیاوە هەموو کەسێک یان زۆربەی کەسەکان مۆبایل و ئینتەرنێتیان هەیەو کاتێکی زۆری خۆیان بەدیار تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک و ئینستاگرام و تیوتەر… هتد بەسەردەبەن، ئەمەش وایکردووە خەڵک لەخوێندنەوەی کتێب دووربکەوێتەوەو بازاڕی فرۆشی کتێب کەم ببێتەوە، کە کتێبیش بازاڕی نەبوو ئیشەکەی ئێمەش کەمدەبێتەوە، با ئێمە ڕاستگۆبین لەگەڵ خۆماندا باردۆخی کتێب و بەشێوەیەکی گشتی میدیای کاغەز (کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە) باش نییەو رۆژبەڕۆژ لەپاشەکشەدایە، ئێوە سەرنجی تیراژی ڕۆژنامەکان و گۆڤارەکان و کتێبەکان بدەن، تیراژی کتێب 500 دانەیە باشترین کتێبیش هەندێک کتێبی تایبەتی لێدەرکە کە ئەوە حاڵەتێکی تایبەتە لە 1000 دانە تێناپەڕێت، لەو ژمارەیە هەمووشی نافرۆشرێت، بۆیە ئەمە کارەساتە لەهەرێمێکدا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی پێنج ملیۆن کەسە!!، واتە ئەگەر بەڕێژەی سەدی حسابی بکەین ئەو رێژەیەی کە دەخوێنێتەوە ئیجگار کەمە، ئەمە لایەنە خراپەکەی. لایەنە باشەکەشی ئەوەیە دەتوانین سوود وەربگرین لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەبازاڕکردنی کتێب، ریکلام بۆ کتێب و چاپکراوەکان بکەین و بە خوێنەریان بناسێنین، لەم رێگەیەوە ئاستی فرۆشتن بەرزبکەینەوە، بۆ ئەم مەبەستە ئێمە پەیجی تایبەتمان بەکارەکانی چاپخانەی کارۆ بەناوی Karo print house لەهەردوو تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک و ئینستاگرام داناوە، مەبەستیش لەم کارە بەئەرشیفکردنی ئەو کارانەیە کە چاپیان دەکەین، هەروەها کتێبەکان بەخوێنەر بناسێنین و فانەکانمان هانبدەین بۆ خوێندنەوە کە ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی ریکلامی ڕۆشنبیرییەوە.

گەر حکومەت هاوکاریمان بکات دەتوانین سەرمایەگوزاری گەورە بکەین لەبواری چاپ و چاپەمەنیدا
* ئایا بردنەدەرەوەی کتێب و بڵاوکراوەکان بۆ چاپکردن لەدەرەوەی کوردستان، کاریگەریی خراپی هەیە لەسەر کاری چاپخانەکانی کوردستان؟ بۆ ئەمە پێشنیارتان چییە؟
– ئەگەر سەرنج بدەن مێژووی کاری چاپ لەلای ئێمە نزیک دەبێتەوە لە 100 ساڵ، ئەو مێژووە بەسە بۆئەوەی ئەم پیشەسازییە گرنگە لەوڵاتەکەی خۆماندا پێشبخەین و پەرەی پێبدەین، چونکە بواری چاپ بوارێکی فراوانە، ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت هاوکارمان بن دەتوانین سەرمایەگوزاری گەورە بکەین لەم بوارەدا، بەسەدان و بەهەزاران گەنجی بێئیش بخرێتە سەرکار، لەئێستادا کارێکی زۆری چاپ دەبرێتە دەرەوەی هەرێم و لەوڵاتانی دراوسێ چاپدەکرێت و سودو قازانجەکەی بۆ ئەوانە، وەک ووتم ئەگەر حکومەت کارئاسانی بکات بۆمان ئەو کارانە لەناوخۆدا بکرێت کەرتی تایبەت دەبوژێتەوەو رێژەی بێکاری کەمدەبێتەوە لەشارەکانماندا، ئێمە وەک چاپخانە ئەهلییەکان هەموو ئەرک و واجباتێکی خۆمان بەرامبەر بەدام و دەزگاکانی حکومەت جێبەجێکردووەو ساڵانە باج و زەریبە دەدەین لەبەرامبەر تازەکردنەوەی مۆڵەتی کارکردنمانداو کرێیەکی زۆر دەدەین، هەروەها پارەی کۆمپانیای دڵنیایی (زەمان)ی کرێکارەکانمان دەدەین، ئەمە جگەلەوەی بە نرخێکی گران سوتەمەنی بۆ مۆلیدەکانمان دابین دەکەین، کەرەستەو پێداویستییەکانی وەک کاغەزو مرەکەب و ئارت پلێت…. هتد کە لەدەرەوە دێت گومرگیان لەسەرە، بەڵام بەسەدان بار هەڵگر کتێب لەدەرەوە چاپبکەیت و بیهێنیتەوە بۆ لای خۆمان گومرگی نییە، ئەمانە وایکردووە کە نەتوانین کێبڕکێ بکەین لەگەڵ چاپخانەکانی وڵاتانی دراوسێدا، بۆیە داواکارین لەحکومەت کارئاسانیمان بۆ بکات تا بتوانین بە هەموو لایەکمان کەرتی تایبەت ببوژێنینەوەو وابکەین نەک هەر کاری خۆمان نەچێتە دەرەوە، بەڵکو لەشارەکانی ناوەڕاست و باشووری عراقیشەوەو لەوڵاتانی دراوسێشەوە کاری چاپکردن بێتەوە بۆ شارەکانی ئێمە.

 347 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*