سەرەکی » ئابووری » هەناردەكردنی غازی سروشتی بۆ عیراق

هەناردەكردنی غازی سروشتی بۆ عیراق

ماڵپەڕی زانیاریەكانی وەزارەتی نەوتی ئێران ناسراو بە (شانا) بەیاننامەیەكی كۆمپانیای غازی نیشتمانی ئێرانی بڵاوكردۆتەوە‌و تیایدا ئاماژەی بەوەكردوە، دوای چاككردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی بومەلەرزەكەی مانگی رابردوەوە كە بەر بۆرییەكانی گواستنەوەی غاز كەوتبوون، لەڕۆژی 5ی ئەم مانگەوە دەستیان كردۆتەوە بە هەناردەكردنی غازی سروشتی بۆ عیراق.
پێشتریش وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاندبوو، بەهۆی بومەلەرزەوە بۆریەكانی گواستنەوەی غاز زیانیان پێگەیشتووە‌و بەو هۆیەشەوە ئێران لە 27ی 11ی 2018وە هەناردەكردنی غازی سروشتی بۆ عیراق راگرتووە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشكردبوو، كە بەهۆی راگرتنی هەناردەی غازی ئێرانەوە بەرهەمهێنانی كارەبا لە عیراق بەبڕی دوو هەزار‌و 500 مێگاوات كەمیكردووە.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەپێی سزاكانی ئەمریكا، عیراق تاوەكو 45 رۆژ مۆڵەتی پێدراوە كە بەردەوامبێت لەسەر كڕینی وزە‌و غازی سروشتی ئێران‌و لەدوای ئەو ماوەیەش رێگەی پێنادرێت مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران بە دۆلار بكات.

 250 جار بینراوە