سەرەکی » وتار »  ‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌ » كشانەوەی ئەمریكا لە رۆژئاوا

راستییەکەی

كشانەوەی ئەمریكا لە رۆژئاوا

بڕیاری كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا یاخود لە رۆژئاوای كوردستان كەوا هاوكار و پشتیوانی جەنگاوەرانی یەپەگە و هێزەكانی سوریای دیموكرات بوو لەگەڵ هاوپەیمانەكانی تری لە وڵاتانی ئەوروپی و رۆژهەڵاتی دژ بە شەڕی تیرۆرستانی داعش. دوو هەفتە لەمەوبەر لە پڕێكدا دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند كەوا لە نزیكترین كات هێزەكانیان لە سوریا پاشەكشە پێدەكەن،چونكە شەڕی داعش تەواو بوو كاری ئەوانیش هەر ئەوەندە بووە،تەنانەت زیاتریش رۆیشت گوایە بە سەرۆكی توركیای گوتووە ئەوە سوریا بۆخۆت چی لێدەكەی، لێیبکە.
ئەم بڕیارەی سەرۆكی ئەمریكا بووە جێگای سەر سوڕمانی هەموو دونیا لەناوخۆی ئەمریكا زۆرینە ناوەندە سیاسیی و میدیاكان بەكارێكی خراپیان وەسف كرد .كار گەیشتە ئەوەی وەزیری بەرگری و نوێنەری ترەمپ بۆ شەڕی تیرۆر دەست لەكار بكێشنەوە،ئەندامانی كۆنگرێس بە روون و ئاشكرا هەڵوێستی دژیان نیشاندا .ئەوروپا بەتایبەت فەڕەنسا و بریتانیا زۆر بەڕاشكاوی دژی هەنگاوەكە وەستانەوە .ئەوەی زۆر خۆشحاڵ بوو دەوڵەتی توركیا بوو ئەویش وەك سروشت دژی بوونی كوردە لە هەموو شوێنێك .
ئەوروپیەكان لە ئەنجامەكەی دەترسن لە حالەتی كشانەوەی ئەمریكا، توركیا كارەساتێك دەقەومێنی و خەڵكێكی زۆر ئاوارە و دەربەدەر دەبێ‌ و جارێكی تر شەپۆلی پەناهەندە و تیرۆر روو لە ئەوروپا دەكاتەوە،چونكە دەزانن ئەوانەی توركیا پشتیوانیان دەكات كێن .بۆ رووسەكان كشانەوەی ئەمەریكا كارێكی باشە بەڵام زەحمەتە روسەكان وابە ئاسانی رێگا بددەن توركیا ئەم هەنگاوە بنێ‌،چونكە هەنگاوی توركیا واتە رێكەوتن لەگەڵ ئەمریكا و وەستانەوە دژ بە روسیا ، كەواتە روسیا كە خاوەنی سوریایە بۆ وابە ئاسانی رێگا دەدات توركیا بێت و لایەكی تری سوریا داگیر بكات، بەڵكو رێگاكە ئاسانترە لەگەڵ كوردەكان رێك دەكەوێ و زۆر بەئاسانتر سوریا بەسەر یەك دەخاتەوە.
بۆ وڵاتانی كەنداو خراپیەكەی لەوەیە توركیا ئەو ناوچانە بگرێ‌ و ئێرانیش بەم شێوەی ئێستا لە سوریا بمێنتەوە لە هەردووكیان زیانی گەورەی بۆ ئەوان و بۆ ئیسرائیل هەیە . بۆ ئەمریكیەكان جگە لەوەی متمانە لەدەست دەدەن لەلایەن میللەتان لەهەمان كاتدا شكست و پاشكەشەیەكی گەورەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرامبەر بە تەوژمی روسەكان .
كەواتە لە هەموو دۆخێكدا رەوشەكە ئالۆزە و بەكشانەوەی ئەمریكا ئالۆزتر دەبێت بۆیە ئەم هەنگاوەی ئەمریكا پێویستی بەچارەسەرێكی گونجاوە، بۆیە ئەمریكا پاشەكشەكردن دوادەخات تاكو چارەسەرێكی وا دەدۆزێتەوە كە روو سورانەتر لێیدەرچێ‌ .هەرچەندە زەحمەتە بەیەكجاری چۆڵی بكات و بكشێتەوە .چونكە ئەگەر ئێستا وڵاتانی كەنداویش بەرەو ئاشتبوونەوە دەڕۆن لە سوریا تاكە هۆكار بۆ ئەوەی پشكیان لە داهاتووی سوریا هەبێ‌ لە ئاوەدانكردنەوە و پێگەی خۆیان لەم وڵاتە بەهۆی بوونی هێزەكانی سوریای دیموكراتە بۆیە لە هەموو حالەتێك پاشەكشەكە سەرناگرێ‌ بی ئەڵتەرناتیڤێكی چاكتر.

print

 43 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*