سەرەکی » وتار »  ‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌ » هەرێم لەكوێی عیراقدایە؟

راستییەکەی

هەرێم لەكوێی عیراقدایە؟

كوردستانی عیراق لە چركە ساتی هەڵوەشانەوەی دونیای جووت جەمسەری و لە ئەنجامی هەڵەیەكی كوشندەی رژێمەكەی سەدام حسێن لە دایك بوو،بۆ سەپاندنی دونیای یەك جەمسەری ئەوكات نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاری 688ی لە قازانجی كوردی باشوری كوردستان دەركرد، پشتیوانی كۆمەڵی نێودەوڵەتی وایكرد رژێمی بەعس ناچار بە پاشەكشە بكەن و تەواوی دام و دەزگاكانی خۆی لە زۆرینەی شارەكانی كوردستان بكێشتەوە . ئەوە وایكرد دەرفەتێكی باش بۆ كورد هەڵبكەوێ،بەڵام سەركردایەتی سیاسی كورد ئەوكات نە ئەوەندە یەكگرتوو بوو نە ئەوەندەش دونیا بینی هەبوو لە سیاسەتی نوێی جیهانی، بۆیە بەشی زۆری كورد ئەوكات بە ئاراستەی رێكەوتن بوو لەگەڵ بەعس،بەشێكیش بە ئاراستەی دوور كەوتنەوە بوو لە بەعس. كورد ئەگەرچی هەنگاوی یەكەمی باش بوو كاتێک‌ هەڵبژاردنی كرد و بۆشایی ئیدارەی پڕ كردەوە،بەڵام بەشێوەیەكی زۆر خراپ ئیدارەی دانا، چونكە ئیدارەی كوردی هەتا ئەم چركە ساتەش تێك هەڵكێشی حزبە.
دوای شەڕی ناوخۆ و رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 كورد بە یەكگرتوو چووە بەغدا، ئەوكات ئەوەی دەیویست لە ماف لە دەستووری عیراق جێگیری كرد .دواتر بەهۆی دۆخی نالەباری سیاسی و ئەمنی عیراق، كورد پێگەیەكی گرنگی هەبوو لە هاوكێشەی سیاسی و ئابووری و ئەمنی عیراق،لە دوای هاتنی تیرۆرستانی داعش كورد زیاتر چەسپا لە تەواوی ئەو سەرزەمینەی پێیدەڵێن باشوری كوردستان،حكومەتی ناوەندی عیراق هەژموونی زۆر لاواز بوو لەم ناوچانە . بەهۆی نەمانی یەكێک لەسەركردە كاریگەرەكانی كورد،سەركردایەتی سیاسی عیراق كەوتە هەڵە لەدوای هەڵە ئەویش تێكدانی تەواو پەیوەندیە قانوونی و سیاسی و كۆمەلایەتیەكانی لەگەڵ عیراق، دوای تەواو بوونی شەڕی داعش عیراق لە رووی سوپاوە بەهێز بوو،بەڵام هەرێمی كوردستان بەهۆی پڕۆژە شكست خواردووەكەی بەناو ئابووری سەربەخۆ تەواو لاواز بوو بوو لە رووی ئابووریەوە .لە هەمووشی كارەسات تر ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو .ئەوە وایكرد عیراق هەرێمی كوردستان بچوك بكاتەوە .
كورد پاشەكشەی زۆری كرد، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو كورد نەیتوانیوە یەك هەنگاویش لە قەیرانی دارایی خۆی دەرباز بكات، بەڵكو چەقیوە لە رووی سیاسی و گەشەی دیمۆكراسیش پاشەكشەی یەكجار گەورەی كردووە . لە رووی دیبلۆماسیەت و پەیوەندی جیهانی دەرەوەش زۆر پوكاوەتەوە، كەچی تاكو ئێستا هەرێم پەیوەندیەكانی خۆی لەگەڵ بەغدا لەسەر تەنافێكی جوڵاو هەڵواسیوە،بۆیە چاوەڕوان ناكرێت دۆخی هەرێم لە داهاتوو بە ئاڕاستەی باشتر بڕوات، چونكە توانای ئەوانەی بڕیار بەدەستن لە هەرێم دیار و تاقیكراوەیە و بەرنامە و نەخشەی داهاتووشیان دیارە كە بە ئاراستەی چارەسەر نیە لەگەل بەغدا،بۆیە هەرێم لە دۆخێكی ناجێگیرە لە نێوان خۆی و بەغدا .

print

 59 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*