سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » پزیشکێکی پاککەرەوە!

پزیشکێکی پاککەرەوە!

ساڵی 2002 دوو کۆرسی زمانی سویدیم وەرگرت لە ستۆکهۆڵم. بە حوکمی ئەوەی خۆم پێشتر مامۆستای ڕێزمان بووم، حەزی ڕێزمانی زمانەکانی تریشم هەیە وە کاک ئالانی براشم ئەوکاتە دەمێک بوو لە سوید بوو و زمانەکەی زۆرباش بوو، ماوەیەکی زۆر کاری وەرگێڕانیشی کردبوو، تا راددەیەکی زۆر پشتم پێی بەستبوو و هاوکاری زۆری ئەکردم، ئەوە یارمەتیدەرێک بوو بۆ من کە لەناو پۆلەکەی خۆم لە خوێندکارە هەرەباشەکانی زمانی سویدی بم.
لە تاقیکردنەوەی کۆرسی یەکەم بووین، هاوپۆلێکم کە پزیشکێکی بەتەمەنی عەرەبی عێراقی بوو، بە بەرچاوی خوێندکارەکان دەفتەر و قەلەمی دەستدایە و هات (لەیلا)ی برادەرمی لە تەنیشتم لادا و بەخۆی هاتە جێی ئەو، گوتی:
گوێ بگرە شیلان، کچم من پیاوێکی پیرم، تازە بۆ من فێربوونی ئەو زمانە ئاسان نیە بەڵام تۆ لە تەمەن و حەز و توانای فێربوونت جیاوازی لەگەڵ من و ئاستی تۆ باشترە بۆیە ئێستا تۆ هەرچی وەڵام بدەیەوە، من وەڵامەکانت کۆپی ئەکەمە سەر دەفتەرم، شەرمیش ناکەم چونکە ئەمەوێ لەو کۆرسە دەرچم و دانیشم و وازم لێبێنن!
کە چووینە دەرەوە باسی پزیشکێکی عێراقی بۆ کردم گوتی:
پزیشکێکی گەنجی عێراقی ئەناسم، ویستی لە نەخۆشخانەی شارێکی سوید بە پزیشک وەرگیرێ بەڵام داوایان لێکرد پێشتر زمانی سویدی بخوێنێ و قۆناغی تریشی ئەوێ تا ئاستی بڕوانامە عێراقیەکەی بگەیەنێتە ئاستی بروانامەی سویدی.
پزیشکەکەش ئەڵێ:
باشە بە کارگوزاری پاککەرەوە وەرمگرن لەو نەخۆشخانەیە، وەریانگرت!
ئەو زۆر وریابوو، لەو ماوەیە تا مافی پەنابەری وەرئەگرێ، ئیش ئەکا، بڕە پارەیەک کۆئەکاتەوە، زمانەکەی باشترئەکا و بەشەویش ئەخوێنێ، بەناوی پاککردنەوەش بەلای هەموو جیهازەکانی ناو نەخۆشخانەدا دێ و ئەچێ و فێری ناو و چۆنیەتی بەکارهێنانیان ئەبێ.
تا مافی پەنابەری وەرئەگرێ، ئەو تاقیکردنەوەکان ئەکا و هەموو شتی تەواوکردووە و یەک دوو ساڵ دوایی بە پزیشک لە هەمان نەخۆشخانە دائەمەزرێ.
ئەو پزیشکە بووە جێی باس و ستایشی بەڕێوەبەر و هەموو ستاف کە پاککەرەوەیەک بووە پزیشک!
ویست و توانای مرۆڤ، مەگەر مەرگ ئەگینا هیچ هێزێک ڕێگری نابێ!
گوتم:
دکتۆر، کە ئەو راستیە ئەزانیت بۆ خۆشت وا بێ ئومێدی و هەر ئامۆژگاری من ئەکەی و پیریی تینی بۆ هێناویت و دەستت لە هەمووشت بەرداوە؟!!.
گوتی:
کچم ئامۆژگاری و هاندان هەر قسەیە و ئاسانە، ئێمەی ڕۆژهەڵاتیش دەنگمان ماندووترە لە جەستە، زۆر قسە و کەم کردارین!

print

 27 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*