سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » ئەمریکا یەکەم و هیندستانیش دووەمە

چین سێهەمی جیهانە لە رووی بوونی سەنتەری لێکۆڵینەوەی فکری و سیاسی

ئەمریکا یەکەم و هیندستانیش دووەمە

هەموو کاتێک کە دەوڵەتان پێشدەکەون، هەموو بوارەکانی ژیانیان دەکەوێتە جووڵەو پێشكەوتن، هیچ دەوڵەتێکیش بە بێ گەشەسەندنی زانست‌و توێژینەوە، ناتوانێت گەشەی سیاسی‌و ئابووری بکات. ئەمەش لە مێژووی هەموو زلهێزەکانی جیهاندا وابووەو ئێستاش زلهێزە نوێکان پەیڕەوی هەمان یاسا دەکەن. بەپێی دوایین ئامار کە زانکۆیەکی ئەمریکی کردوویەتی، چین پلەی سێهەمی هەیە لەجیهاندا، لەبواری بوونی سەنتەری لێکۆڵینەوەو توێژینەوەی زانستی‌و سیاسیی لەجیهاندا. هەرچەندە ئەمە بەلای منەوە شتێکی ئاسایییە، چونکە ماوەیەکی زۆرە چاودێریی رەوشی چین دەکەم‌و دەزانم ئەم وڵاتە چ هەنگاوی مەزن دەنێت. هەر لەو لێکۆڵینەوەیەدا هاتووە، لەئێستادا وڵاتانی ئاسیایی زیاتر گرنگی بە سەنتەری لێکۆڵینەوە دەدەن، بەپێچەوانەوە لە ئەوروپا‌و ئەمریکادا، ژمارەی سەنتەرەکان روو لە کەمبوونە.
لە جیهاندا سێهەمە
زانکۆی پەنسلڤانیا کە یەکێکە لە زانکۆ گرنگ‌و پڕ بایەخەکانی ئەمریکاو خاوەنی ناوبانگێکی زانستیی گەورەیە لەجیهاندا، راپۆرتێکی لەبارەی ژمارەو ئاستی زانستیی سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوەو توێژینەوەی زانستی لەجیهاندا کردووە، بەپێی ئەو راپۆرتە بێت، ئەمریکا لەجیهاندا یەکەمەو ژمارەی سەنتەرەکانی توێژینەوەو لێکۆڵینەوە دەگاتە 1871 سەنتەر، لە پاش ئەویش هیندستان دێت، کە ژمارەیان دەگاتە 509. لە پلەی سێهەمیش چین دێت کە ژمارەیان دەگاتە 507، واتە بە دوو ژمارە پاش هیندستان دەکەوێت.

لە لیستی 100 سەنتەرە باشەکانی جیهانن
هەر بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەیە بێت، سەنتەرەکانی چین دەکەونە ناو لیستی 100 سەنتەرە باشەکانی جیهان، لەمەشدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە تەنها دروستکردنی سەنتەر گرنگ نییە، بەڵکو دەبێت ئەو سەنتەرانە بەپێی پێوەری زانستی‌و ئەکادیمی کار بکەن، تاوەکو سەرکەوتووبن. هەر بەپێی راپۆرتەکە بێت، 7 سەنتەری لێکۆڵینەوەی چینی لەناو لیستی 100 سەنتەرە باشەکانن. ئەنستیتوی چین بۆ پەیوەندی نێودەوڵەتی، باشترینە لە چین‌و لە جیهانیشداو لەپلەی 30 یەم دایە، لە پاش ئەویش ئەکادیمی چینی بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی کۆمەڵناسی پلەی 39 یەمی هەیە لەجیهاندا، هەروەها ئەنستیتوی چین بۆ لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی پلەی51 ەمی هەیە.

ئەنستیتوی برۆکینگزی ئەمریکا یەکەمە
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، باشترین ئەنستیتوی لێکۆڵینەوەی فکری‌و سیاسیی لەجیهاندا، ئەنستیتوی برۆکینگزی ئەمریکییە، لە پاش ئەویش ئەنستیتوی فەرەنسی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دێت.

8162 سەنتەری لێکۆڵینەوە
ئەو راپۆرتە لێکۆڵینەوەی لەسەر تەواوی سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوەی فکری‌و سیاسیی لەوڵاتانی جیهان کردووە، کە کۆی گشتیان دەگاتە 8162 سەنتەر. ئەوروپا پلەی یەکەمی هەیەو ژمارەی سەنتەرەکان دەگاتە 2219 کە دەکاتە رێژەی %27.2 لەجیهان. لە پاش ئەویش ئەمریکای باکوور دێت‌و ژمارەیان دەگاتە 1972 کە دەکاتە رێژەی %24.2 لەجیهان. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، کە لەئێستادا وڵاتانی ئاسیا بەتایبەتی (هیندستان‌و چین) لەم بوارەدا پێشکەوتوون.

ئاسیا پێشەنگە
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە، کە ئێستا سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە لە ئەوروپاو ئەمریکا لە پاشکەشەدان، بەڵام لە ئاسیاو ئەمریکای لاتین لە پێشكەوتندان. لەئێستادا 1829 سەنتەری لێکۆڵینەوە لەکیشوەری ئاسیادان، کە دەگاتە رێژەی %22.4 لەجیهان. لە پاش ئاسیا، کیشوەری ئەمریکای لاتین دێت‌و ژمارەیان دەگاتە 1023 کە دەکاتە رێژەی %12.5، بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناڤین‌و ئەفریقیا، ژمارەکە کەمەو کۆی گشتیی سەنتەرەکان دەگاتە 1119 سەنتەر کە دەکاتە رێژەی %13.7 لەجیهان.
بوونی سەنتەری لێکۆڵینەوە بۆ هەموو وڵاتان گرنگە، بۆئەوەی لە کاروانی زانستی‌و سیاسی‌و ئابوروی جیهان دوا نەکەون، بەداخەوە ئێمەی کورد لەمەشدا وەک پێویست نین.

– سەرچاوە:
الصين تمتلك ثالث أكبر عدد من مراكز الفكر في العالم. http://arabic.people.com.cn/
رۆژنامەی گەلی چینی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

کورد بە گەرمی پێشوازیی لە ئەمریکا کرد و بە ساردیش ماڵئاوایی لێکرد

بریارەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا تەواوی جیهانی تووشی سەرسامیکرد و ...