سەرەکی » مانشێت » كۆسرەت رەسوڵ: لە بەغدا و هەرێم پێداگریی لەسەر ماف ‌و ئیستحقاقی خۆمان دەكەین

كۆسرەت رەسوڵ: لە بەغدا و هەرێم پێداگریی لەسەر ماف ‌و ئیستحقاقی خۆمان دەكەین

هەریەك لە جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان جەخت لەپەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوانیان دەكەنەوە‌و تەبایی‌و یەكهەڵوێستیی نێوان لایەنەكان بەگرنگ دەزانن.
ئەم وتانەی نێوان هەردوولا، دوێنێ، لەمیانی پێشوازیكردنی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی (ی.ن.ك) لەمامۆستا سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان‌و وەفدی هاوڕێی هات.
لەدیدارەكەدا كە ژمارەیەك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی ئامادەیبوون، گفتوگۆكرا لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان‌و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكان‌و هەردوولا هاوڕابوون، كە پێویستە پەیوەندییەكان لەسەر بنەمایەكی هاوسەنگ بێ‌و سەنگ‌و قورسایی لایەنەكان لەبەرچاوبگیرێ.
تەوەرێكی تری دیداری نێوان وەفدی یەكگرتوو ‌و یەكێتی، گفتوگۆكردن بوو لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەوڕووەوە وەفدی یەكێتی جەختیان لەوەكردەوە كە هەوڵی جددی دەدەن بۆ بەشدارییەكی كاراو هاوسەنگ‌و حكومەتێكی خزمەتگوزار، هاوكات تەئكیدیان لەبەرنامەو ستراتیژی بڕیارلێدراوی ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ گفتوگۆكان كردەوە.
پەیوەست بەپەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداش، گفتوگۆی وردو جددی كراو یەكدەنگیی نێوان لایەنەكان‌و یەكگوتاریی كورد بەگرنگزانراو دووپاتیانكردەوە كە بەیەكهەڵوێستی؛ دەتوانرێ دەستكەوتی زیاتر بەدەست بێت‌و كورد بەهێز بێ لەبەغدا.

هەردوێنێ لەهەولێر، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی (ی.ن.ك) پێشوازییكرد لە ئەیاد عەللاوی سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنیە.
لەدیدارێكدا كە د.ئەرسەلان بایز، عیماد ئەحمەد‌و سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئامادەیبوون، گفتوگۆكرا لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا‌و دۆخی دوای جەنگی تیرۆر لەناوچەكە، لەمڕووەوە هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە هەوڵەكان یەك بخرێن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر‌و لەناوبردنی یەكجارەكیان لەناوچەكە.
هەروەها هەردوولا كۆكبوون كە پێویستە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا بچێتە قۆناغێكی تازەو هەرێم‌و بەغدا ناكۆكی‌و ململانێكانیان وەلابنێن‌و لێكتێگەیشتنی هاوبەش‌و تازەیان هەبێ بۆ پرسەكان.
تەوەرێكی تری دیدارەكە گفتوگۆكردن بوو لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان‌و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكان، بۆ ئەم مەبەستە هەردوولا گفتوگۆیانكرد لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان‌و بەگرنگیانزانی پەیوەندییەكان ئاسایی بكرێتەوەو لایەنەكان كۆببنەوەو كۆتایی بەململانێكان بهێنرێ. پەیوەست بەم باسە، كۆسرەت رەسوڵ، رایگەیاند: وەك یەكێتی هەمیشە لەگەڵ كۆدەنگی‌و یەكهەڵوێستیی نێوان لایەنە سیاسییەكان بووەو ئێستاش هەڵگری ئەم بیرۆكەیەین‌و لەگەڵ ئەوەین شەراكەتی راستەقینە ببێتە بنەمای حوكمڕانی لەكوردستاندا.
لای خۆیەوە، ئەیاد عەللاوی، هیوای خواست دۆخی هەرێمی كوردستان ئارام بێ‌و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەقۆناغێكی گونجاودا تێپەڕێ‌و ئاماژەی بەوەشكرد «كوردستان كلیلی ئارامیی عیراقەو عیراقیش كلیلی ئارامیی ناوچەكەیە».

دوای بەشداری لەیەكەم كۆبوونەوەی راوێژكاریی نیشتمانی و كۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەك سەركردەی باڵای عیراق، ئێوارەی رۆژی ٢٨/٢، وەفدی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گەڕانەوە هەرێمی كوردستان.
وەفدی باڵای یەكێتی بەسەرۆكایەتیی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی‌و ئەندامێتی عیماد ئەحمەد‌و ئاسۆ مامەند ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و عەدنان حەمەی میناو خالید شوانی ئەندامانی سەركردایەتی‌و لاهور شێخ جەنگی‌و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ‌و بەهرۆز گەڵاڵی، لەماوەی مانەوەیان لەبەغدا چەندین دیدارو كۆبوونەوەیان ئەنجامدا. لەیەكەم وێستگەدا ئێوارەی رۆژی ٢٦/٢ لەئۆفیسی تایبەتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی؛ لەبەغدا، لەگەڵ د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق كۆبوونەوەو سوپاسی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك كۆماریان كرد بۆ بەڕێوەچوونی یەكەم خولی كۆبوونەوەی راوێژكاریی نیشتمانیی عیراقی لەبەغدا.
لەدووەم رۆژی سەردانەكەشیاندا، لەكۆشكی سەلام، جێگری سكرتێری گشتی (ی.ن.ك) وەك تاكە سەركردەی باڵای هەرێمی كوردستان هاوشانی سەرۆك كۆمارو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران‌و سەرۆكی پەرلەمانی عیراق‌و سەركردە باڵاكان‌و كەسی یەكەمی حزبە عیراقییەكان، بەشداریكرد لەیەكەم كۆبوونەوەی راوێژكاریی نیشتمانیی عیراقی، كە لەكۆبوونەوەكەدا بارودۆخی عیراق بەگشتی‌و پرسەكانی ئەمنی، ئابووری، سیاسی، سەربازی تاوتوێكران‌و بەشداربووانیش هاوڕابوون كە پێویستە ئەم جۆرە كۆبوونەوانە بەردەوامبن‌و هەموو هەوڵەكان بەئاراستەی باشتركردنی دۆخی عیراق‌و بەرەنگاربوونەوەی زیاتری تیرۆرو بنبڕكردنی بێت. جێگری سكرتێری گشتی، هاوكاتی خستنەڕووی دیدگای (ی.ن.ك) بۆ پرسەكان، پێداگری كرد لەسەر ئیستحقاقی یەكێتی لەحكومەتی عیراقی‌و جەختی لەوە كردەوە كە یەكێتی پۆستی وەزیری داد بەمافی خۆی دەزانێ‌و داواشیكرد هەرچی زووە كێشەی كەركوك‌و ناوچە كوردستانییەكان چارەسەربكرێن.
هەروەها، لەسێیەم رۆژی سەردانەكەدا رۆژی 28/2، وەفدی باڵای یەكێتی، لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆبۆوەو لەپاڵ تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتەكان، هیوایان خواست‌و داوایانلێكرد رۆڵی یەكلاكەرەوەی خۆی ببینێت لەچارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداو باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان لەعیراق‌و رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەكی تۆكمەی نێوان هەرێم‌و بەغدا. هەروەك گفتوگۆیانكرد لەبارەی دۆخی كەركوك‌و ناوچە كوردستانییەكان‌و جەخت لەچارەسەری كێشەكانی شارەكە كرایەوە‌و وەفدی باڵای یەكێتی-ش جەختیان لەئیستحقاقی یەكێتی لەحكومەتی عیراق كردەوەو سووربوونی خۆیان لەسەر وەرگرتنی شایستەی هەڵبژاردن، دووپاتكردەوە.


هەمان رۆژ، وەفدی یەكێتی، سەردانی سەید عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەیان كردو لەدیدارێكدا باسیان لەپەیوەندیی دوور‌و قووڵی نێوان یەكێتی‌و حزبە عیراقییەكان بەگشتی كردو هەردوولا هاوڕابوون كە بۆ ئایندەی حوكمڕانی باشتر لەعیراقدا، پێویستە پەرەی زیاتر بەپەیوەندییەكان بدرێ. جەختیشیانكردەوە كە پێویستە هەوڵی جددی بدرێ بۆ فراوانكردنی بازنەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەعیراق‌و هەوڵدان بۆ لەناوبردنیان لەناوچەكەدا.
كۆسرەت رەسوڵ‌و عەممار حەكیم، هاوڕابوون كەپێویستە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا بچێتە قۆناغێكی نوێ‌و لێكتێگەیشتنی هاوبەش هەبێ بۆ چارەسەری كێشەو گرفتەكان‌و جەختیانكردەوە كە»بەرژەوەندیی هاووڵاتیان لەسەرووی هەموو شتێكەوە بێت».
لەدرێژەی دیدارەكاندا، وەفدی باڵای یەكێتی، لەگەڵ چەندین سەركردە‌و لایەنی سیاسیی عیراقی كۆبۆوەو دیدو سەرنجی یەكێتی-یان بۆ پرسەكانی پەیوەست بەكەركوك‌و عیراق‌و هەرێمی كوردستان خستەڕوو، دووپاتیشیانكردەوە كە»یەكێتی پڕۆژەی نیشتمانیی خۆی هەیە بۆ پرسە چارەنووسسازەكان».

 163 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*