سەرەکی » ئابووری » قۆناغی دووه‌می به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی خوێندنی باڵا ده‌ستپێده‌كات

قۆناغی دووه‌می به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی خوێندنی باڵا ده‌ستپێده‌كات

یەکەی ئابووری

قۆناغی دووه‌می به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی دامه‌زراوه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌ستیپێكرد.
دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی پڕۆسه‌ی به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی دامه‌زراوه‌كانی ده‌ستپێكردو له‌قۆناغی یه‌كه‌مدا ئه‌و پڕۆسه‌یەدا‌ له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان و چه‌ند زانكۆیه‌ك جێبه‌جێ كرا، له‌ قۆناخی دوه‌میشدا له‌چه‌ند زانكۆیه‌كی تر پڕۆسه‌ی به‌ ئه‌لیكترۆنیكردن ده‌ستیپێكردوه‌.

(هه‌ولێری پزیشكی و چه‌رموو و راپه‌ڕین و ده‌سته‌ی كوردستانی)
به‌سه‌رپه‌رشتی د. یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و ئاماده‌بوونی راوێژكارو به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی به‌شێك له‌ فه‌رمانگه‌كان كۆبوونه‌وه‌ی رۆژانه‌ی وه‌زاره‌ت به‌ڕێوه‌چوو.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا پڕۆسه‌ی به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی دامه‌زراوه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كراو دوپاتكرایه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌ت پڕۆسه‌ی به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان و چه‌ند زانكۆیه‌ك جێبه‌جێ كرد، له‌ ئێستاشدا وه‌زاره‌ت پڕۆسه‌ی به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی له‌ زانكۆكانی (هه‌ولێری پزیشكی و چه‌رموو و راپه‌ڕین و ده‌سته‌ی كوردستانی) جێبه‌جێ كردووه‌و له‌ قۆناغی دوه‌مداو، له‌م هه‌فته‌یه‌ پڕۆسه‌ی به‌ ئه‌لیكترۆنیكردن له‌ زانكۆی دهۆك ده‌ستپێده‌كات، هه‌روه‌ك دوای ناردنی داتاو زانیارییه‌كانی زانكۆكانی (زاخۆ) و (كۆیه‌) له‌م دوو زانكۆیه‌ش پڕۆسه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات، دواتریش به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ زانكۆكانی دیكه‌ش پڕۆسه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، كه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ گرنگی زۆری بۆ زانكۆكان و وه‌زاره‌ت و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێ له‌ بواری به‌ڕێوه‌بردن و داڕشتنی پلانی تۆكمه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی خوێندنی باڵا له‌ كوردستان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گرفته‌كان.

نمونه‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كان
له‌وته‌یه‌كدا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی رایگه‌یاند: له‌سۆنگه‌ی هه‌ستكردن به‌گرنگی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ماوه‌یه‌كه‌ ده‌ستی داوه‌ته‌ به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی وه‌زاره‌ت و زانكۆ و دامه‌زراوه‌كانی، به‌و پێیه‌ی زانكۆكان ناوه‌ندێكی گرنگی مه‌عریفه‌و زانیاری و پێشكه‌وتی كۆمه‌ڵگه‌ن، بۆیه‌ ده‌بێت خوێندنی باڵا ببێته‌ نمونه‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ زانكۆكان خۆیان مه‌عریفه‌و زانیاری پێشكه‌ش به‌كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كه‌ن، ده‌بێت هه‌رخۆشیان پێش كه‌رته‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ ئاشنایی زانیاری و گۆڕانكارییه‌ تازه‌كانی ژیان و كۆمه‌ڵگه‌كان بن.

زوو راپه‌ڕاندنی كارو ئه‌ركه‌كان
د.یوسف گۆران وتیشی پڕۆژه‌ی به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی سیستمی كارگێڕی له‌ وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌كانی وه‌زاره‌ت كه‌ جێبه‌جێمانكردوه‌، پڕۆژه‌كه‌ له‌ ڕووی كارگێڕییه‌وه‌ تا راده‌یه‌كی زۆر بۆته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی بیرۆكراسیه‌ت و شه‌فافیه‌ت له‌ به‌ڕێوه‌بردن له‌ دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا، له‌ڕووی كاتیشه‌وه، جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ هاریكار بووه‌ له‌ زوو راپه‌ڕاندنی كارو ئه‌ركه‌كانی خوێندنی باڵا، هه‌روه‌ك له‌ده‌رنگ گه‌یشتنی زانیاری و پێویستیه‌كان به‌دوری گرتوین. له‌ڕووی دارایشه‌وه‌، به‌هۆی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی به ‌ئه‌لیكترۆنیكردنی سیستمی كارگێڕی، ساڵانه‌ بودجه‌یه‌كی زۆر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت. هه‌روه‌ك له‌ڕووی زانستییه‌وه‌، پڕۆژه‌كه‌ هاریكار بووه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م داتاو زانیارییه‌كانی وه‌زاره‌ت و زانكۆكان.
له‌ كۆتایشدا وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی جێبه‌جێكردنی قۆناخی دووه‌می پڕۆسه‌كه‌ی له‌ زانكۆكانی تر به‌ هه‌نگاوێكی گرنگ و بایه‌خ بۆ گه‌شه‌پێدانی خوێندنی باڵا له‌ كوردستان وه‌سفكرد.

 205 جار بینراوە